Accessibility links

هاوکاتی دۆزینەوەی تەرمی شەش کۆچبەری دیکە لە بەلەمە نوقمبووەکەدا، سەڵاحەدین بەهادین ڕەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت


پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە تەرمی شەش کەسیان دۆزیوەتەوە دوای ئەوەی لەم هەفتەیەدا بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی باشووری ئەو ولاتە نوقم بوو و بەو هۆیەوە زیاتر لە 60 کەس بێسەروشوێن بوون کە ژمارەیەکی زۆریان منداڵ بوون.

دوانزە کەس ڕزگارکران دوای ئەوەی بەلەمەکە لە دووری 120 میل دەریایی لە کەناراوەکانی کالابریا لە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممەدا نوقم بوو، هەرچەندە یەکێکیان دوای دابەزینی لە کەشتییەکە گیانی لەدەستدا. بە پێی سەرچاوە ناوخۆییەکان ژمارەیەک لەو کەسانەی بێسەوشوێنن کورد بوون.

سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ڕەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت و بە هۆکاری کۆچکردنی خەڵکی دەزانێت.

بەڕێز بەهادین لە ڕاگەیاندنێکدا دەڵێت " کۆچکردن لە پێناو بیروباوەڕ و مەبدەئدا نەریتی کەسە مەزنەکانی مێژوە، بەڵام ئەوەی لەم سەردەمەی حوکمڕانی کوردیدا ڕودەدات، ئێجگار جیاوازە، ئەمەی ئەیبینین بریتیە لە چۆڵکردنی نیشتمان و سەریخۆهەڵگرتن و توشبونی جۆرەها گرفت و مەترسی و لەناوچون، کۆچێکی ئیختیاری نییە، بەڵکو پڕۆسەی کۆچپێکردن و هەڵفڕاندن و دەرکردنەو چەندین فاکتەر لە پشت کارەکەوەیە".

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی پێی وایە خەڵکی بەهۆی بیهوابوونەوە لە هەرێمی کوردستان کۆچ دەکەن " بێهیوا بوون و ژیانتاڵکردن و بێکەسکردن وستەمی کۆمەڵایەتی وبێکاری ونائەمنی درووست کراوە، سەرئەنجام هەر جارەو کۆمەڵێک کەسی ڕاکردوو لەدۆزەخی بێهیوایی نیشتمان ئەبنە قوربانی !!وائەمجارەش لەجەژنی قورباندا چەندین ڕۆڵەی ئەم گەلەبێکەسە بوونەتە قوربانی ولەدەریای بێ نازیدا نوقم بوون ."

دەشڵێت " بەحەسرەتەوە دەخوازم حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم سنورێک بۆ ئەم نائومێدی و کارەساتە دابنێن و گەنجانی نیشتمان ئاشت بکەنەوەو لەکەلی بێمنەتی وخەیاڵ بێنە خوارەوەو ڕێکاری ئاسایی ویاسایی گۆڕانکاری بگرنە بەر بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی ودادگەری بۆ دەزگاکانی کارگێڕی وئابوری ، وڕێکخستنەوەی پەیوەندیەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی وووڵاتان، لەسەربنەمای مافە دەستوریەکان ،بەشەفافیەت و واقعیەت وسەربڵندیەوە."

ڕۆژی سێشەممە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هه‌رێم پشتڕاستی کردەوە لە نێو بەلەمەکە ژمارەیەک هاووڵاتی هەرێمی کوردستان هەبوون و گوتیشی ژمارەیەکیان ڕزگار کراون و چارەنووسی ژمارەکیشیان دیار نییە.

فەرمانگەکە ڕایگەیاند " لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ لایەنە پەیوەنددارەکان لە حکومەتی هەرێم و هاوکات لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا، لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا لە پەیوەندیدایە، وێڕای پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن، بۆ ئەوەی لەنزیکەوە چاودێریی دۆخەکە بکات و بەدواداچوون بکات تا هەرچی پێویستە بۆ قوربانییانی ئەنجام بدات."


بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی ڕابردوو نزیکەی سێ هەزار و 155 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە یان دیارنەماون. تا ئێستا لەمساڵدا زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێنن.

بەشی ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاست کە دەکەوێتە کەنارەکانی نێوان باکووری ئافریکا و ئیتاڵیا و ماڵتا، کوشندەترین ڕێگای کۆچبەری ناسراوە لە جیهاندا.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئاژانسەکانی ڕۆیتەرز و فرانس پرێس وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG