Accessibility links

نزیکەی 600 حاجی بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە گیان لەدەستدەدەن


بەهۆی قەرەباڵغی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بۆ 50 پلەی سەدی لە شاری مەککە،577 کەس لە مەراسیمی حەج گیان لەدەستدەدەن.

دوو دیپلۆماتکاری عەرەب بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە لانیکەم 323 کەس لەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی میسرن و 60 کەسیشیان ئوردنی بوون کە زۆربەیان بەهۆی نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان بە گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها ئاژانسە هەواڵییەکانی هەرێمی کوردستانیش ڕایانگەیاندووە 16 هاووڵاتی هەرێم لە کاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ئەمساڵدا لە مەککە گیانیان لەدەستداوە.

سعودیە هیچ لێدوانێکی لەسەر ژمارەی کوژراوان و هۆکاری گیانلەدەستدانەکانی نەخستۆتەڕوو، بەڵام دەوتریت سەدان کەس لەبەردەم نەخۆشخانەکانی شاری مەککە ڕیزیان گرتووە و هەوڵدەدەن زانیاری لەسەر ئەندامانی خێزانە ونبووەکانیان وەربگرن.

پزیشکێک کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت قسەی لەگەڵ ئەسۆشێتد پرێس کردووە و ڕایگەیاندووە کە لانیکەم 600 تەرم لە نەخۆشخانەی ئەلموعەیسمی شاری مەککەدان.

ڕێوڕەسمی حەج لە ڕۆژی هەینی 14ی مانگی شەشەوە دەستی پێکرد و تا ڕۆژی چوارشەممە 19ی مانگی شەش بەردەوام بووە.

لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا ئەم ڕێوڕەسمە هەمیشە گیانلەدەستدانی خەڵکی لێکەوتووەتەوە، ئەمەش بەهۆی هەندێک هۆکارەوە، لەوانە قەرەباڵغی، ئاگرکەوتنەوە لە چادرەکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما.

سەرچاوەکان/AP/AFP

XS
SM
MD
LG