Accessibility links

حزبوڵڵای لوبنان ڕایدەگەیەنێت سێ لە هێزەکانیان لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژراون


گرووپی چەکداری حزبوڵڵای لوبنان ڕۆژی چوارشەممە 19ی مانگی شەش ڕایگەیاند کە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر باشووری لوبنان سێ چەکداری ئەو گرووپە کوژران. هاوکات ئامۆس هوخشتاین نوێنەری ئەمەریکا بۆ کاروباری لوبنان کە بەرپرسە لە رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی شەڕی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای دیدارەکانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لوبنان گەڕاوەتەوە ئیسرائیل.

میدیا دەوڵەتییەکانی لوبنان باس لە چەندین هێرشی ئیسرائیل دەکەن بەدرێژایی سنوورەکانی نێوانیان و سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە تەقەی حزبوڵڵای لوبنان زیانی بە چەند ئۆتۆمبێلێک لە باکوری ئیسرائیل گەیاندووە.

ئامۆس هوخشتاین ، یەکێک لە ڕاوێژکارە باڵاکانی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، دوای کۆبوونەوەکانی ڕۆژی سێشەممەی لە لوبنان گەڕاوەتەوە بۆ ئیسرائیل، بەڵام تاکو ئیستا هیچ لێدوانێک لەبارەی ئەوەی کە ئایا هەوڵەکانی ناوبراو بۆ ڕێگریکردن لە شەڕێکی فراوانتری ناوچەکە هیچ پێشکەوتنێکی بەدەستهێناوە یان نا، نەخراوەتەڕوو.

حزبوڵڵای لوبنان کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، دوای هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس بەرەیەکی نوێی لە دژی ئیسرائیل کردەوە و چووەتە ناو ململانێکانەوە. زۆر کەس ترسیان لەوە هەیە کە ئەم ململانێیانە بگۆڕدرێن بۆ شەڕێکی تەواو.

هاوکات لە باشووری غەززە، بە گوتەی دانیشتووانی فەلەستین و پزیشکەکانی ئەو کەرتە، تانکەکانی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، پێشڕەوییەکانیان لە ڕۆژئاوای شاری رەفەح زیاتر بووە و لە پێکدادانەکانی ئەمڕۆدا، هەشت کەس کوژران.

ئیسرائیل دەڵێت بۆ لەناوبردنی ئەندامانی گرووپی حەماس کە ماونەتەوە بەتەواوەتی چوونەتە ناو شاری ڕەفەحەوە.
لە لایەکی دیکەوە نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە ڕەنگە هێزەکانی ئیسرائیل چەندین جار یاساکانی شەڕیان پێشێل کردبێت و جیاوازییان لە نێوان هاووڵاتیانی مەدەنی و چەکدارانی حەماسدا نەکردبێت.

هاوکات سەرۆکی تیمێکی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، سوپای ئیسرائیلی بە "قڕکردنی" فەلەستینییەکان تۆمەتبار کردووە و ئیسرائیلیش هاوکاری لێکۆڵینەوەکانی ئەو دەستەیە ناکات و دەڵێت بناغەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە ئاراستەیەکی دژە ئیسرائیلیان هەیە.

لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاراستەی ئیسرائیلی کردووە، ئەو وڵاتە دایکی بارمتێکی هەڵبژارد بۆ ئەوەی بەناوی خۆیەوە قسە بکات و ڕەخنەی لە ڕاپۆرتەکە گرت کە گرنگی بەو کەسانە نەداوە کە حەماس ڕفاندوونێتی بۆ ناو غەززە.

میراو گۆنن، دایکی ڕۆمی گۆنن، بارمتەیەکی تەمەن 23 ساڵ، بە گریانەوە وتی "دەتوانین باشترلەمە کار بۆ ڕزگارکردنی بارمتەکان بکەین. بارمتەکان پێویستیان بە ئێمەیە."

گرووپی حەماس کە لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، لە هێرشە تیرۆریستییەکەی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، هەزار و 200 کەسیان کوشت و نزیکەی 250 کەسیشیان بە بارمتە گرت. دوابەدوای ئەو هێرشە، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر غەززە و ڕایگەیاند کە تا "لەناوبردنی حەماس" درێژە بە شەڕی غەززە دەدات.

XS
SM
MD
LG