Accessibility links

ئاهەنگی ساڵیادی کۆتایی هاتنی کۆیلایەتی لە ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت


ڕۆژی چوارشەممە، 19ی مانگی شەشی هەموو ساڵیک لە ڕۆژی "جونتینیث'دا بە بۆنەی ساڵیادی کۆتایی هاتنی کۆیلایەتی لە ئەمەریکا، بەرنامەی جۆراوجۆر لە سەرانسەری وڵاتەکە بەڕێوەدەچێت.

ڕۆژی "جونتینیث'(Juneteenth) کە یەکێکە لە پشووە فەرمییەکانی فیدراڵی لە ئەمریکا، یادی ڕزگارکردنی کۆیلە ئەفریقاییەکانە لە ساڵی 1865 دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆی ئەمەریکا.

لە 19ی مانگی شەشی ساڵی 1865، گۆردۆن گرانجەر، ئەفسەرێکی سوپای یەکێتی لە هێزەکانی ویلایەتی باکوور لە شەڕی ناوخۆی ئەمەریکا گەیشتە شاری گالڤێستۆن لە ویلایەتی تەکساس و نزیکەی 250 هەزار کۆیلەکەی ئاگادارکردەوە کە سوپای یەکێتی دوای چوار ساڵ شەڕکردن، شکستی بە کۆنفیدڕاڵی، هێزەکانی ویلایەتەکانی باشوور هێناوە.

ئەو بە کۆیلەکانی راگەیاند کە ئەبراهام لینکۆڵن سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمەریکا نزیکەی دوو ساڵ پێشتر بە دەرکردنی جاڕنامەی ئازادی بەناوبانگی ئەمەریکا کۆیلایەتی لە ئەمەریکا هەڵوەشاندوەتەوە.

ئەبراهام لینکۆڵن لە مانگی یەکی ساڵی 1863 ئەم فەرمانەی دەرکرد، بەڵام تا شکستی هێزەکانی کۆنفیدڕاڵی و کۆتایی هاتنی شەڕ لە ویلایەتەکانی باشوور جێبەجێ نەکرا.

ئەمەریکاییە ئەفریقاییەکان بە شێوەیەکی تایبەت ئەم بەروارەیان وەک کۆتایی ڕاستەقینەی کۆیلایەتی دەستنیشانکرد و تێیدا ئاهەنگیان گێرا.

یەکەم ئاهەنگی فەرمی جونتینث لە ساڵی 1980 لە ویلایەتی تەکساس بەڕێوەچوو و ئەو ویلایەتە ئەم رۆژەی وەک پشووی فەرمی ناساند. ئەم بۆنەیە وردە وردە پەرەی سەند و سەرەنجام هەر پەنجا ویلایەتەکەی ئەمەریکا بە جۆرێک لە جۆرەکان دانیان پێدا نا.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جۆو بایدن لە ساڵی 2021دا بە واژۆکردنی یاسایەک کە لەلایەن کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە پەسەندکرابوو، 19ی مانگی شەشی وەک یازدەهەمین پشووی فەرمی وڵاتەکە ناساند.

XS
SM
MD
LG