Accessibility links

سی بی سی نیوز: کەنەدا سوپای پاسدارانی ئێران دەخاتە ناو لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە


کەناڵی هەواڵی سی بی سی کەنەدا بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە کە حکومەتی کەنەدا بەنیازە بەپێی یاسای تاوانەکانی ئەو وڵاتە، سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە ناو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە بڕیارە لەم هەفتەیەدا حکومەتی کەنەدا ئەم بابەتە ڕابگەیەنێت، بەڵام هێشتا دانوستانەکان بەردەوامن و وردەکارییەکان یەکلایی نەکراونەتەوە.

بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران لەلایەن کەنەداوە بەو مانایەیە کە پۆلیسی ئەو وڵاتە دەتوانێت هەر کەسێک لە ڕووی دارایی یان ماددییەوە پشتیوانی ئەم گرووپە بکات، دەستگیر بکات. هەروەها ڕێگە بە بانکەکان دەدرێت سەروەت و سامانی ئەو کەسانە سڕ بکات.

حکومەتی جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، ئەم بڕیارەی دوای چەندین ساڵ فشاری لایەنەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی داوە، لەوانە فشاری بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکەی پی ئێس 752 کە لەلایەن سوپای پاسدارنەوە خرایە خوارەوە.

ئەندامانی پەرلەمانی کەنەدا مانگی ڕابردوو بە کۆی دەنگ ئەو ڕێوشوێنەیان پەسەند کرد و داوایان لە حکومەتی کەنەدا کرد کە سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی "تیرۆریستی" بناسێنێت.
هەروەها یاسادانەرانی کەنەدا لە ساڵی 2018دا پلانی بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانیان پەسەند کرد، بەڵام حکومەتەکەی جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا پلانەکەی جێبەجێی نەکرد.

سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لقێکی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێرانە کە ڕاستەوخۆ لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕێبەری باڵای ئێراندایە.

نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر مووشەکەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، فڕۆکەی پی ئیس 752ی هێڵی ئاسمانی ئۆکرانیایان لە ئاسمانی تاران خستە خوارەوە و بەهۆیەوە 175 سەرنشینی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا کە ژمارەیەکی زۆریان هاووڵاتی کەنەدی بوون.

دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە، ماوەیەکی زۆرە بنەماڵەی قوربانییەکانی ئەو فڕۆکەیە داوا لە حکومەتی کەنەدا دەکەن سوپای پاسداران وەک گرووپێکی تیرۆریستی بناسێنێت.

حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 2019ەوە و لە سەردەمی سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپدا، بە فەرمی ناوی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی خستە ناو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.

هەروەها بەحرەین و سعوودیە لە ساڵی 2018ەوە سوپای پاسدارانیان خستۆتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانیانەوە.

دیپلۆماتکارانی یەکێتی ئەوروپا گومانیان هەیە لە دانانی ناوی سوپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، لە کاتێکدا نوێنەرانی پەرلەمانی ئەوروپا لەم دواییانەدا دەنگیان بە زیادکردنی ناوی سوپای پاسداران دا بۆ لیستی گروپە تیرۆریستییەکان.

دانانی ناوی سوپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا، گرینگترین داواکاریی نەیارانی کۆماری ئیسلامییە، بە تایبەت دوای دوایین ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی خەڵک لە ئێران کە بە بزووتنەوەی "ژن،ژیان،ئازادی" ناسرا.

سەرجاوەکان/CBS/VOA

XS
SM
MD
LG