فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، لە16ی مانگی شەشدا سەرکردەیەکی داعشیان بە ناوی، ئوسامە ئەلجەنابی، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ناوچەیەکی سوریا کوشتووە.
هەرچەندە سێنتکۆم ناوی ناوچەکەی دیاری نەکردووە، بەڵام هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) دەستخۆشی لە هاوپەیمانان کردووە و ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە لە عەفرین ئەنجامدراوە.
فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕاگەیاندنی هەسەدە لە تویتێکدا دەڵێت "ئەو ناوچانەی کە تورکیا داگیری کردوون، بوونەتە شوێنێکی پارێزراو بۆ سەرکردە باڵاکانی داعش، کوشتنی ئوسامە ئەلجەنابی لە کەمپێکی عەفرینیش نیشانەی پشتیوانی تورکیایە بۆ داعش."
ڕۆژنامەوان، ڕۆژ موسا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەنجوومەنە خۆجێیەکانی تورکیا لە عەفرین ناسنامەیەکیان بە ئەلجەنابی داوە بە ناوێکی ساختە بۆ ئەوەی مامەڵەی پێبکات و ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی بشارێتەوە.
گوتیشی "چۆن کەسێکی عێراقی، بە ناسنامەی سوریاییەوە، لە ناوچەیەکی کوردی نیشتەجێ دەبێت، کە زۆربەی خەڵکەکەی ئاوارە بوون؟ ئەمە پەیوەندییەکی بەهێزە لە نێوان داعش و ئەو گروپە چەکدارانەی کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات، هەروەها هەبوونی میتی تورکیا لە ناوچەکەدا نیشان دەدات."
لەو چوارچێوەیەدا، فەرهاد شامیش سەرنجی خستە سەر ئیدیعاکانی "حکومەتی کاتی" ئۆپۆزسیۆنی سوریا ، کە ڕایگەیاندبوو لە هێرشی هەسەدە بۆ سەر کەمپی "کوەیت ئەلڕەحم" لە عەفرین کەسێکی مەدەنی کوژراوە، بەڵام ڕووداوەکە ئاشکرا بووە کە هەمان هێرشی سێنتکۆم بووە بۆ سەر ئەو سەرکردەیەی داعش.
سێنتکۆم هەروەها ڕایگەیاندووە کە هیچ نیشانەیەک نییە ئاماژە بەوە بکات خەڵکی سڤیل لە هێرشەکەدا بوونەتە قوربانی و لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانیان بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش.
ڕۆژ موسا ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە پێشتریش چەند ڕێبەری داعش وەکو خەلیفەکانی ڕێکخراوەکە، ئەبوبەکر ئەلبەغدادی و عەبدوڵا قەرەداش و والی شام ماهێر ئەلعەگالیش لەو ناوچەیەی باکووری ڕۆژئاوای سوریا کوژراون.
گوتیشی "داعش لە ناوچەکانی عەفرین و ئیدلب ئامادەیی هەیە، سەرکردەکانی لە ژێر ناوی هەندێک گروپی چەکدار یان مەدەنی کاردەکەن، بەتایبەتی بە هاوکاری لەگەڵ گروپەکانی وەک ئەلئەمشات و ئەلحەمزات. هەروەها داعش پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هوراس ئەلدین و حزبی ئیسلامی تورکستانەکان هەیە کە لە ناوچەکە نیشتەجێ بوون."
شایانی باسە بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی عەفرین پۆست، سەرکردەی داعش، ئوسامە ئەلجەنابی، بە ناسنامەیەکی ساختە بەناوی "محەممەد ئەلئەحمەد" و خەڵکی شاری حومس، لە کەمپی کوێتی ئەلڕەحم، لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان بە فڕۆکەی بێ فڕؤکەوان کوژراوە.