Accessibility links

وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم: زیاتر لە هەزار بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرمان دەستگیرکردووە


وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە هەزار بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە سنوری هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون، هەندێک لە بازرگانەکان لەکاتی دەستگیرکردنیاندا ڕووبەڕووی دەزگا ئەمنییەکان بوونەتەوە.

عەقید سەلام عەبدولخاڵق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لەماوەی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی 572 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستگیرکراون، بەڵام کۆی دەستگیرکراوەکان لە هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا دەگاتە سەرووی هەزار کەس."

بەپێی ئامارێکی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ماوەی مانگەکانی 3 ی 4 ی ساڵی 2024دا، دەستگیرکراوە بەسەر نیو تۆن ماددەی هۆشبەرو 750 کیلۆگرام حەبی بێهۆشکەردا، هەروەها دەستگیرکراوە بەسەر 349 پارچە چەکی گروپەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەردا.

هەر بە پێی ئامارەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا نزیکەی سێ هەزار فرۆشیارو بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لەلایەن دادگاکانی عێراقیشەوە سزای لەسێدارەدان و سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی بۆ 1500 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەرکراوە.

وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت،"هەماهەنگیمان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ماددە هۆشبەرەکانی عێراق هەیەو ئاڵوگۆڕی زانیاری بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ماددەی هۆشبەر لە نێوانماندا هەیە."

دەشڵێت، "لە ماوەی ڕابردووداو بەهەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم و عێراق، 4 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران یەکێکیان لە هەرێم و ئەوانیتر لە بەسرە. هەندێک جۆری ماددەی هۆشبەر لە عێراقەوە دەهێنرێت و هەندێکیشی لێرەوە دەبرێت، بەڵام لەمساڵدا دەستبەسەرداگرتنی ماددەی هۆشبەر زیادیکردووەو بەکارهێنان کەمیکردووە."

ڕۆژی 14 ی مانگی شەشی 2024، کاتێک هێزێکی ئەمنی هەوڵی دەستگیرکردنی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان لە سنوری پارێزگای سلێمانی داوە، ڕووبەڕوو بوونەوە لە نێوانیاندا ڕوویداوەو کارمەندێکی ئاسایش و بازرگانەکەش برینداربوون، کە دەوترێت 50 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری پێبووە.

عەقید سەلام عەبدولخالق دەڵێت، "چەندینجار لەکاتی دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر ڕووبەڕوو بوونەوە ڕوویداوە، هەندێکجار لە هێزەکانی ئێمەش بریندار هەبووە، چونکە دەست بەسەرداگرتنی ئەو هەموو بڕە لە ماددەی هۆشبەر ئاسان نییەو شەونخوونی ویستووە."

هەروەها وتیشی،"لەماوەی ڕابردوودا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکانی عێراق بازرگانێکی نێودەوڵەتیمان لەشاری کەرکوک دەستگیرکرد، 51 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری ئامادەکردبوو بیهێنێتە هەرێمی کوردستان."

لە کۆتایی مانگی 4 ی 2024، دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە گوندی ئاوباری نزیک قەزای دەربەندیخان دەستیان بەسەر کارگەیەکی ماددەی هۆشبەردا گرت، بەپێی وتەی بەرپرسانی ئاسایشی هەرێم کارگەی بەرهەمهێنانی کریستاڵ بووە.

عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت،"زۆربەی ئەو ماددانەی دەهێنرێنە هەرێم بۆ دەرەوەی عێراق دەبرێن و هەرێم وەکو ترانزێت بەکاردەهێنرێت."

بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە عێراق و هەرێمی کوردستان هێندە ڕووی لە هەڵکشان کردووە، ڕۆژانە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و هەرێم دەستگیرکردنی گروپ و باندی ماددەی هۆشبەر ڕادەگەیەنن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:51 0:00

XS
SM
MD
LG