سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕەنگە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بەشداری نەکەن لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی هەرێمدا بۆ دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردن.
کاوە مەحمود، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕەنگە سەرۆکایەتی هەرێم نوێنەر بنێرێت بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان و پێموانییە هەموو لایەنەکان بەشداربن، چونکە لایەنەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن دەبێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و بەرپرسیارێتی دواخستنی لە ئەستۆ ناگرن، بەڵام ڕەنگە سەرۆکایەتی هەرێم وادەیەکی نوێی هەڵبژاردن بەلایەنەکان ڕابگەیەنێت."
بڕیاربوو ڕۆژی 10 ی 6 ی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریکردنی لەو هەڵبژاردنەدا ڕەتدەکردەوە، بەڵام سکاڵایەکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە دادگای فیدراڵی عێراق ڕێوشوێنەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا ڕاگرت.
لەئێستادا سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکان چاوەڕوانی دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانن لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە، چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەکە لە مانگی 10 ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان پێیوایە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕایوایە لایەنە دەسەڵاتدارەکان ڕێککەوتنیان لەگەڵ بەغدا دەوێت.
کاوە مەحمود دەڵێت،"لایەنە دەسەڵاتدارەکان دەیانەوێت کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەن، تا زەمینەی لەبارتر بۆ هەڵبژاردن بڕەخسێنن، هەڵبژاردن لەمکاتەدا ڕەنگە لەبەرژەوەندەی هێزە دەسەڵاتدارەکان نەبێت، بۆیە هەوڵدەدەن دوایبخەن تا کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەکەن."
دەشڵێت،"ئایا هەموو کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەکرێت؟ پێموایە چارەسەری هەموو کێشەکان قورس و زەحمەتە."
پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نوسراوی ژمارە (خ/24/ر.م/82) لەبەرواری 28 ی پێنجی 2024 کە ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، داوای دیاریکردنی وادەی نوێی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووەو پێشنیاری کردبوو لە ڕۆژی 5 ی مانگی 9 ی ئەمساڵ پرۆسەکە ئەنجام بدرێت.
سەبارەت بەوەی کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا چی پەیوەندییەکی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە هەیە، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان وتی،"کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ڕەنگە بەشێکی هۆکارەکەی بەغدا بێت و هەنگاو نان بێت بەرەو دەوڵەتی ناوەندی ڕەهاو باوەڕنەبوون بە فیدراڵییەت بێت، بەڵام ئێستا زەمینەیەک دروستبووە موچە ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە و هەڵبژاردن لەم هەل و مەرجە لەبەرژەوەندی دەسەڵات نییە."
کاوە مەحمود وتیشی،"ڕەنگە دەسەڵات بیەوێت شتێک بکات زەمینە لەبارتر بێت بۆ هەڵبژاردن، بەتایبەت لەمەسەلەی موچەو بودجە."
دیارینەکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەکانی کوردستان لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، پێشتر زۆربەی لایەنە سیاسییەکان لیستی ناوی کاندیدەکانانیان ڕادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردبوو، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان.
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکێتی دەمێکە خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە کردووە و چاوەڕێی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنە."
نێروەیی دەڵێت،"دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن لای حزبە سیاسییەکان نییە، ئێمە چاوەڕێی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنین لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە و چاوەڕوانی دیاریکردنی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنین."
ڕۆژی 20 ی پێنجی 2024، دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا پێنج کورسی لەکۆی 100 کورسی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆتای پێکهاتەکان دابنرێت، بەشێوەیەک کورسییەکی ئەرمەن بۆ دهۆک، دوو کورسی تورکمان و کریستییان بۆ هەولێر، دوو کورسی تورکمان و کریستییان بۆ سلێمانی تەرخان بکرێت.