Accessibility links

فەرماندەیەکی سەربازی: ئەو هێزەی داعش کە ئەرکیان بڵاوە پێکردنی هێز بوو لە کەرکوک و دیالەو سەڵاحەدین، بە تەواوەتی لەناوبران


فەرماندەیەکی باڵای سەربازی عێراق ڕایدەگەیەنێت ئەو هێزەی داعش کە ئەرکی پەڕاندنەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەو ڕێکخراوەی لە نێوان پارێزگاکانی کەرکوک، دیالەو سەڵاحەدین پێ سپێردرابوو کراوەتە ئامانج و زیاتر لە چوار کەسیان لێکوژراوە کە یەکێکیان فەرماندەیەکی باڵایە.

فەرماندە باڵا سەربازییەکەی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەرە بەیانی ئەمڕۆ شەممە،22ی مانگی شەش لیوای 52 ی سوپای عێراق بە پاڵشتی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان هێزێکی داعشیان کردووەتە ئامانج. هێزە بەئامانج گیراوەکە ئەرکی گواستنەوە و بڵاوە پێکردنی چەکدارانی داعشی لەئەستۆ بووە لە پارێزگاکانی دیالەو کەرکوک و سەڵاحەدین."

هێزەکەی داعش لە ناوچەی غەڕەو پەڵکانە لەلایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانانەوە کراوەتە ئامانج و دواتر هێزێکی سوپای عێراقیش ئۆپەراسیۆنێکی بۆ ناوچەکە ئەنجامداوە. ناوچەی غەڕەو پەڵکانە بە بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق دادەنرێت و دەکەوێتە باکوری قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدینەوە.

ناوچەی غەڕەو پەڵکانە لە مانگی 10 ی ساڵی 2017 ەوە، بە یەکێک لە پێگە سەرەکییەکانی داعش لە عێراق دادەنرێت و تا ئێستا پێشمەرگەو سوپای عێراق بەتەواوەتی ڕێکنەکەوتوون لەسەر پڕکردنەوەو دانانی هێزی هاوبەش لەو ناوچەیە.

فەرماندەکەی سوپای عێراق دەڵێت،"هێزەکەی داعش فڕۆکەی هاوپەیمانان لێیداون و بە دڵنیاییەوە چوار کەسییان لێکوژراوەو یەکێکیان فەرماندەیەکی باڵایانە و تەرمەکانیان دەست هێزە عێراقییەکان کەوتووە، ڕەنگە ژمارەی کوژراوەکان بگاتە شەش کەسیش چونکە تەرمەکانیان پارچە پارچە بووە."

بەشێک لەو چەکدارانەی داعش کە لەناوچەی پەڵکانە جێگیرکراون شارەزای جوگرافیای ناوچەکەن و زۆربەیان خەڵکی ناحیەی سلێمان بەگی سەر بە قەزای خورماتوون، بۆیە ئەرکی ڕێنمایی کردنی ئەو چەکدارانەی داعشیان پێ سپێردراوە کە لەنێوان پارێزگاکاندا هاتووچۆ دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، فەرماندە کوژراوەکەی داعش کە لەگەڵ سێ چەکداری تردا لەلایەن فڕۆکەی هاوپەیمانانەوە کراونەتە ئامانج، ناوی فەلاح حەسەنە و خەڵکی گوندی ئەبو شکوری سنوری ناحیەی سلێمان بەگە.

دەنگی ئەمەریکا لە ڕێگەی سەرچاوە سەربازییەکانەوە وێنەی هەندێک لە چەکدارە کوژراوەکانی داعشی دەستکەوتووە، بە پێی وێنەکان تەرمەکانیان بە هۆی بە ئامانج گرتنیانەوە لەلایەن فڕۆکەی هاوپەیمانانەوە شێوێنراون.

عەمید محەمەد گەرمیانی، کە فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگەیە لە سنوری قەزای خورماتوو، سەرجەم زانیارییەکانی فەرماندە باڵاکەی سوپای عێراقی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوەو وتی"ئەو ناوچەیەی لەلایەن فڕۆکەی هاوپەیمانانەوە کراوەتە ئامانج و چەند چەکدارێکی داعشی تێدا کوژراوە ناوچەیەکی ستراتیژییە بۆ داعش، چونکە باڵا دەستە بەسەر شەقامە سەرەکییەکانی نێوان پارێزگاکانی دیالەو سەڵاحەدین و کەرکوکدا."

هەروەها وتیشی،"ئەرکی ئەو چەکدارانەی داعش کراونەتە ئامانج پەڕاندنەوەی هێزەکانی داعشە کە لەنێوان پارێزگاکاندا هاتووچۆ دەکەن، چونکە شارەزای جوگرافیای ناوچەکە بوون."

بەپێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا کە لەسەرچاوە سەربازییەکانەوە دەستیکەوتوون، ناوچەی غەڕەو پەڵکانە دوو مەفرەزەی داعشی تێدابووەو ئەرکیان هاوکاریکردنی ئەو هێزانەیە لە نێوان پارێزگاکاندا هاتووچۆ دەکەن، یەکێک لەو دوو مەفرەزە کراوەتە ئامانج و سەرجەمیان کوژراون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:47 0:00
XS
SM
MD
LG