Accessibility links

دەستنیشانکردنی جەڵتەی مێشک لە ڕێگەی مۆبایلی زیرەکەوە


تەکنەلۆژیایەکی نوێ کە ڕێگە بە مۆبایلە زیرەکەکان دەدات کە جەڵتەی مێشک زۆر خێراتر لە شێوازەکانی ئێستا دەستنیشان بکەن لەلایەن توێژەرانی ئوسترالیاوە بەرهەمهێنراوە.

ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە کە تێدا ژیری دەستکرد بەکاردەهێنێت لەو کاتەی دەموچاوی نەخۆشێک سکان دەکات بۆ زانینی هاوسەنگی و جوڵەی ماسولکەی تایبەتی دەمووچاو، کە پێیان دەوترێت یەکەی کردار. ئەو کەسانەی کە تووشی جەڵتەیەکی مێشک بوون زۆرجار لایەکی دەموچاویان جیاوازە لە لایەکەی دیکە.

ئەندازیارانی بایۆپزیشکی زانکۆی RMIT لە مێلبۆرن دەڵێن "تەکنەلۆژیای مۆبایلە زیرەکەکان دەتوانێت ناهاوسەنگی دەموچاو دەستنیشان بکات و ئەگەری هەیە لە ماوەی چەند چرکەیەکدا جەڵتەی مێشک دیاریبکات زۆر زووتر و وردتر لە تەکنەلۆژیاکانی ئێستا بۆ ئەو مەبەستە لە ئارادان."

پرۆفیسۆر " دینێش کومار " کە پێشەوایی تیمی توێژینەوەکە دەکات، بۆ کۆمپانیای پەخشی ئوسترالی ڕوونیکردەوە کە چۆن ئامێرەکە بە ژیری دەستکرد کاردەکات.

پرۆفیسۆر " دینێش کومار " وتی "ئامێرەکە ڤیدیۆیەکی کەسێک دەگرێت لەوکاتەی زەردەخەنە دەکات، گرتە ڤیدیۆییەکەی کەسەکە ئەوە دیاری دەکات کە ئایا ئەم زەردەخەنە تایبەتە ئاماژەدەری ئەوەیە کە ئاخۆ کەسەکە دووچاری جەڵتەی مێشکی بووە ، دواتر چارەسەرکەر یان پزیشکی لێ ئاگاداردەکرێتەوە سەبارەت بە مەترسی گەورەی تووشبوونی کەسەکە بە جەڵتەی مێشک و بەم کارەش دەتوانرێت دەستبەجێ کەسەکە چارەسەر بکرێت.

جەڵتەی مێشک تووشی ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهان دەبێت. ئەوەش لەو کاتەدا ڕوودەدەن کە چوونی خوێن بۆ بەشێک لە مێشک ببڕدرێت یان کەم دەبێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی وەستاندنی شانەکانی مێشک لە وەرگرتنی ئۆکسجین و ماددە خۆراکیەکان.

شارەزایان دەڵێن ئەگەر چارەسەرکردن تەنانەت چەند خولەکێکیش دوابکەوێت، ئەوا مێشک دووچاری زیانێکی هەمیشەیی دەبێت.

نیشانەکانی جەڵتەی مێشک بریتین لە سەرلێشێواوی و تێکچوونی قسەکردن و کەمبوونەوەی جوڵە بە ئەندامەکانی دەموچاو، وەک جوڵاندنی لێوەکان و چاوەکان.

تیمی زانکۆی RMIT دەڵێت ئامێری مۆبایلە زیرەکەکە ڕیزبەندی وردی و دروستی کارەکەی بۆ دیاریکردنی جەڵتەی مێشک رێژەی لەسەدا 82 ی هەی . تیمەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامێری مۆبایلە زیرەکەکە جێگەی تاقیکردنەوە پزیشکییە گشتگیرەکانی دەستنیشانکردنی جەڵتەی مێشک ناگرێتەوە، بەڵکو لەبری ئەوە ڕێنمایی چارەسەری سەرەتایی دەکات لەلایەن وەڵامدەرەوانی یەکەمەوە ، ئەوەش بە خێرایی ناسینەوەی ئەو نەخۆشانەیە کە پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەیە.

لە نوسینی فیڵ پێرسەر- دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG