Accessibility links

هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران بەندە بە ئاستی وەفاداربوونی بە رێبەری باڵای ئێرانەوە


ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا نووسیویەتی دەرئەنجامی هەڵبژاردنە کۆنترۆڵکراوەکەی سەرۆکایەتی ئێران دوای کوژرانی ئیبراهیم ڕەئیسی بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەوە، کاریگەریی لەسەر جێنشینی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران دەبێت.

بەو پێیەی کە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئێستادا تەمەنی 85 ساڵە، ئەگەری ئەوە هەیە کە "سەرۆکی داهاتووی ئێران لە نزیکەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی جێنشینی خامنەییدا کاریگەری خۆی هەبێت و بەشدار بێت".

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە هەر بەم مەبەستەش هەڵبژاردنی سەرۆکی ئێران بە شێوەیەک دەبێت کە بەرپرسانی باڵا دڵنیا بکاتەوە لەوەی کە کاندیدی هەڵبژێردراو وەفادار دەبێت بە ڕێباز و تێڕوانینی ڕێبەری باڵای ئێرانەوە.

ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز دەشڵێت ئەم هەڵبژاردنە هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی گرژییە ناوچەییەکان بەهۆی ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس و زیادبوونی گوشارەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ئێران بەهۆی پێشکەوتنی خێرای بەرنامە ئەتۆمییەکەی و زیادبوونی ناڕەزایی ناوخۆیی ئێران لەسەر قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان.

جگە لەمانەش، پرسی جێنشینی خامنەیی کە بە توندی دژی ڕۆژئاوایە، بووەتە جێگای نیگەرانییەکی گەورە بۆ نوخبەی ڕۆحانیی ئێران.

ئەنجومەنی پارێزەران کە لە ئێران بە شەورای نیگەهبان ناو دەبرێن و لیژنەیەکە کە لە پیاوانی ئایینی نزیک لە ڕێبەری باڵای ئێران پێکهاتووە، لە نێو 80 کاندیدی سەرۆکایەتی، پێنج کاندیدی سەر بە "باڵی توندڕەو"ی ئێران و کاندیدێکی "میانڕەو"ی پەسەند کردووە.

لە نێو توندڕەوەکاندا، محەمەد باقەر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمان و یەکێک لە فەرماندەکانی پێشووی سوپای پاسداران لەگەڵ سەعید جەلیلی، دانوستانکاری پێشووی ئەتۆمی ئێران، دوو لە کاندیدە دیارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتین.

تاکە کاندیدی "میانڕەو"یش بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، مەسعوود پزشکیانە کە پشتیوانی لە باڵی ریفۆرمخوازی ئێران دەکات کە ساڵانێکە لەڕووی سیاسییەوە پەراوێز خراون.

خامنەیی بە ئاشکرا پشتیوانی هیچ کاندیدێکی نەکردووە، بەڵام ڕاوێژکارەکەی یەحیا ڕەحیم سەفەوی داوای لە دەنگدەران کردووە "سەرۆکێک هەڵبژێرن کە بۆچوونەکانی لەگەڵ بۆچوونەکانی ڕێبەری باڵای ئێران ناکۆک نەبێت."

سەفەوی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە "پێویستە خەڵک سەرۆکێک هەڵبژێرێت کە خۆی بە کەسی دووەم بزانێت و سەرۆککۆمار نابێت دووبەرەکی دروست بکات."

ڕۆیتەرز نووسیوێتی لە کاتێکدا کە سەرۆککۆمار دەبێت لە ڕووی سیاسییەوە شوێنێکی بەرزی هەبێت، بەڵام لە ئێران دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە ئەستۆی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیدایە کە قسەی کۆتایی لەسەر بابەتەکانی حکومەت وەک سیاسەتی دەرەکی یان ئەتۆمی دەکات و هەموو لقەکانی حکومەت، سەربازی و میدیا کۆنترۆڵ دەکات و زۆربەی سەرچاوە داراییەکانیشی لە دەستدایە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە "ڕەئیسی وەک جێنشینێکی ئەگەری خامنەیی سەیر دەکرا" و گیانلەدەستدانە لەناکاوەکەی بووەتە هۆی دروستبوونی ڕکابەرییەک لەنێو لایەنە توندڕەوەکاندا کە دەیانەوێت کاریگەری لەسەر "هەڵبژاردنی ڕێبەری باڵای داهاتووی ئێران" دروست بکەن.

ڕۆیتەرز لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا نووسیوێتی سەرچاوەیەکی ئێرانی نزیک لە خامنەیی کە بە هۆی هەستیاریی ئەو پرسە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، ڕایگەیاندووە ڕێبەری باڵای ئێران "لە دۆخێکدا کە پێویستە یەکڕیزیی نێوان دەسەڵاتداران ڕچاو بکرێت، تەحەملی ململانێی سیاسی و دووبەرەکی ناکات".

ئەم سەرچاوە ئاگادارە باسی لەوە کردووە سەرککۆمارێک کە دڵسۆز و بە تەواوی هاوڕا بێت لەگەڵ ڕێبەری باڵای ئێران و لە هەمان کاتدا هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی سوپای پاسدارانیش بێت، دەتوانێت بەشدارییەکی بەرچاوی هەبێت لە گواستنەوەی بێ کێشەی دەسەڵاتدا.

ڕۆیتەرز دەشڵێت لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت لایەنگرانی ئایینی دەنگ بە توندڕەوەکان بدەن، بەڵام ڕەنگە "زۆرێک لە ئێرانییەکان" لە نێوان بژاردە سنووردارەکانی هەڵبژاردندا و ناڕازیبوونیان لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و توڕەیی لە تێکچوونی ئاستی ژیان، دەنگی تایبەتی خۆیانیان هەبێت.

دەشڵێت بەختی سەرکەوتنی مەسعود پزیشکان کە بە توندی دڵسۆز و وەفاداری خامنەییە، "بەندە بە ڕاکێشانی ملیۆنان دەنگدەری گەنج کە زۆربەیان بێهیوا بوون و هەروەها بەندە بە دابەشبوونی نێوان پێنج کاندیدە توندڕەوەکەوە".

ڕۆیتەرز نووسیویەتی "هێزی هەڵبژاردنی ڕیفۆرمخوازان نادیارە"، چونکە بەشێک لە دەنگدەران پێیان وایە ڕیفۆرمخوازان لە ماوەی ڕابردوویاندا نەیانتوانیوە ئازادیی زیاتر بۆ خەڵک دەستەبەر بکەن. هەروەها کەلێن و بۆشایی نیوان باڵی ڕێفۆرمخواز و خەلکی ناڕازی دوای ئەوەی "سەرکردە ڕیفۆرمخوازەکان" لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران خۆیان لە خۆپیشاندەران دوور خستەوە کە داوای "گۆڕینی ڕژێم"یان دەکرد، زیاتر و فراوانتر بووە.

ڕۆیتەرز دەشڵێت "ریفۆرمخوازان بە حکومەتی تیۆکراسی (حوکمڕانی ئایینی) ئێران وەفادارن، بەڵام پشتیوانی لە کەمکردنەوەی پەرەسەندن لەگەڵ ڕۆژئاوا، چاکسازی ئابووری، ئازادکردنی کۆمەڵایەتی و فرەیی سیاسی دەکەن."

نەیارانی کۆماری ئیسلامی ئێران چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، بە بڵاوکردنەوەی هەشتەگی "سێرکی هەڵبژاردن" بە شێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، خوازیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانن و دەڵێن بەشداریی بە ڕێژەیەکی بەرز، زیاتر شەرعیەت بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەبەخشێت.

نەرگس محەممەدی، زیندانی ئێرانی کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بەدەستهێناوە، لە پەیامێکدا لە زیندانی ئێڤینی تارانەوە ڕایگەیاندووە دەنگدانەکە هەڵبژاردنێکی "ساختەیە".

ئاماژەی بەوەشکردووە "حکومەت بۆ پاراستنی دەسەڵات پشتی بە سەرکوتکردن بەستووە و ئامانجی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش پشتیوانیکردن لە دیموکراسی و مافەکانی خەڵک نییە، بەڵکو بۆ بەهێزکردنی دەسەڵات و ستەمکارییە".

بەڵام سیاسەتمەدارە پێشەنگەکانی باڵی ڕێفۆرمخوازان هۆشدارییان داوە کە کەمی بەشداری دەنگدەران ڕێگە بە "توندڕەوەکان" دەدات کە کۆنترۆڵی هەموو جومگەکانی حکومەت بکەن.

ڕۆیتەرز دەشڵێت ڕەئیسی لە ساڵی 2021 بە بەشداری نزیکەی 49% خەڵک سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەمەش کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی دەنگەکان بوو لە ئێران بە بەراورد بە 70%ی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنی ساڵی 2017دا.

پێنج کاندیدەکەی ئێستای باڵی توندڕەوی ئێران تاڕادەیەکی زۆر خۆیان لە گفتوگۆکردن لەسەر ئازادییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و دیبەیتە تەلەفزیۆنییەکاندا بەدوور گرتووە، هاوکات دانیان بە کێشە ئابوورییەکانی وڵاتدا ناوە بەبێ ئەوەی پلانی دیاریکراو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکە پێشکەش بکەن.

ڕۆیتەرز لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا نووسیوێتی پزشکیان وەزیری پێشووی تەندروستی ئێران کە تەمەنی 69 ساڵە "بەرگری لە ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و باس لە مافی ژنان و کەمینە نەتەوەییەکان دەکات و بەڵێنی داوە سیاسەتێکی دەرەوەی "پراگماتیک"تر بەرەوپێش ببات.

ئەگەر هیچ کاندیدێک لانیکەم 50%ی دەنگەکان زاید یەک لە کۆی دەنگەکان بەدەست نەهێنێت، ئەوا هەڵبژاردن دەچێتە قۆناغی دووەم لە نێوان دوو کاندیدا کە زۆرترین دەنگیان هێناوە.

لە نووسینی پاریسا حافزی ئاژانسی رۆیتەرز

XS
SM
MD
LG