وتەبێژی کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆری سەرباز و هێزی تایبەتی تورکیا بە چەکی قورس و لەژێر چاودێری فڕۆکەدا لە ناوچەی کانی ماسی پارێزگای دهۆکەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و پێدەچێت ئامانجیان فراوانکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە بەردەوامە بێت کە لە چیای مەتینا بەڕێوەدەچێت.
زاگرۆس هیوا وتەبێژی کۆماجڤاکێن کوردستان ( کەجەکە) بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێرێ شەو کاروانێکی سەربازی گەورەی تورکیا کە پێکهاتووە لە زیاتر لە هەزار سەرباز و هێزی تایبەتی ئۆپەراسیۆن، لە ژێر چاودێری درۆن و هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی شەڕکەردا بە چەک و جبەخانەی قورسەوە و تەواوی کەلوپەل و تەجهیزاتەوە لە سنوری سەرزێڕێ گرێدراوی کانی ماسی داخڵی خاکی باشوری کوردستان بوون."
وتیشی، "لە 16ی مانگی چوارەوە تورکیا ئۆپەراسیۆنی داگیرکاری لە چیای مەتین، لە هەرێمەکانی وەک شیلادزێ، چارجەل و گۆلکا دەستپێکردووە و هەتا ئێستا چەندین رووبەرووبوونەوەی قورس لە نێوان گەریلای ئازادی کوردستان و سوپای داگیرکەر رویداوە و هەتا ئێستاش هەر بەردەوامن، ئامانجی هاتنی ئەم هێزەش فراوانکردن و قووڵترکردنی ئۆپەراسیۆنی سەر چیای مەتینایە."
دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم دۆسیەیە پەیوەندی کرد بە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام پەیوەندییەکان بەردەستنەبوون.
بە پێی ئاماری ڕێکخراوی ئەمەریکایی سی پی تی، تورکیا لە مانگی دوازدەی ساڵی 2017ەوە تا مانگی چواری 2022 نزیکەی 64 بنکە و بارەگای سەربازی لە خاکی هەرێمدا لە قوڵایی 40 کیلۆمەتر بۆ 12 کیلۆمەتر دروستکردووە، سەرەڕای بوونی ئەو بارەگایانەش بەردەوام هێرشی سەربازی دەکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی ڕێکخراوی سی پی تی، تەنها لە ساڵی 2023 تورکیا 1548 جار بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بە جۆرێک زۆرینەی بۆردومانەکان لە ڕێگای فڕۆکەی جەنگییەوە بوون کە ژمارەیان 1159 هێرشبووە. هەروەها 228 جاریش بۆردومانەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون و ئەوانی دیکە بە هەلیکۆپتەر و تۆپباران و تەقەکردنەوە بوون. وڵاتی ئێرانیش 101 جار بۆردومانی خاکی هەرێمی کوردستانی کردووە، سەرەڕای ئەوەی تەنها لە چوار مانگی ئەمساڵدا 8 هاوڵاتی سڤیل کوژراون کە چواریان لە گوندەکانی نزیک گارا بوون.
تورکیا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا بەردەوام ناوچە سنوریەکان و ناوچە شاخاویەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان بۆردوومان دەکات.
هێرشەکانی تورکیا تەنها ناوچە سنورییەکانی نەگرتۆتەوە و حکومەتی تورکیا هەڕەشەی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکان دەکات لە خاکی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاڤا.
ڕۆژی شهممه 22ى شەش پێگهى یەنی شەفەقی توركى بڵاویکردەوە "ئهمەریكا ههزاران چهكدارى سهر بهیهكینهكانى پاراستنى گهلى چهكداركردوه و دوو سیستەمى بهرگریی ئاسمانیشى بۆ جێگیركردون لهسوریا، هاوكات لهڕێگهى فڕۆكهخانهى نێودهوڵهتى سلێمانیهوه ئهو وڵاته هاوكارییهكانى دهگهیهنێته یهپهگه."
بهپێى ههواڵى میدیا توركیهكه، "حكومهتى توركیا بێ ههڵوێست نابێت بهرامبهر هاوكارییهكان و بڕیاریداوه له ئهگهرى بینینى ناردنى هاوكاریى بۆ هێزهكانى سوریاى دیموكرات لهڕێگهى فڕۆكهخانهى نێودهوڵهتى سلێمانیهوه، فڕۆكهخانه بهفڕۆكهى بێ فڕۆكهوان دهكاته ئامانج."
بیانووی تورکیا بۆ هێرشەکانی هەبوونی گەریلاکانی پەکەکە و "هاوکاری کردنی یەکێتی و سلێمانیە" بۆ ئەو پارتە، بەڵام بەرپرسانی سلێمانی و یەکێتی چەندین جار ئەم تۆمەتانەیان ڕەتکردۆتەوە.
زاگرۆس هیوا سەبارەت بە جوڵەی هێزەکانی تورکیا وتی، "بەگوێرەی ئەو زانییاریانەی کە کەوتوونەتە دەستمان، ئەم هێزە کەلوپەلی تایبەت بە چەکی کیمیایی و پسپۆڕی دروستکردن و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە گەڵ خۆی هێناوە بۆ ئەوەی بتوانن لە دژی ئەشکەوت و تۆنێلەکانی گەریلا بەکاری بهێنن."
وتیشی، "ئێمە ئەمە زیاتر لە پێنج ساڵە لە خواکوڕکی سنووری سیدەکانەوە بگرە تا چیای حەفتانینی سنووری زاخۆ، بەرەنگاری ئەم هێرشە داگیرکارییە بووینەتەوە و لەم بەرەنگارییەدا بەردەوامدەبین."
ڕۆژی 1ی مانگی شەش تیمی کوردستانی - عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی (CPT) بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "بە هۆی جێگیربوونی هێزەکانی پاسەوانی سنور لە نزیک بەشێک لە بارەگاکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، ئاسایش گەڕاوەتەوە بۆ ئەو ناوچانە، بەو هۆیەشەوە نزیکەی 24 گوند ئاوەدان کراونەتەوە و گوندنشینان گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان کە بەشێکیان ساڵانێکی زۆرە لە ترسی هێرشەکانی تورکیا چۆڵکرابوون."
بەڵام زاگرۆس هیوا دەڵێت، "ئەوەی ئێمە ڕۆژانە بە چاوی خۆمان دەیبینین ئەوەیە کە ئەو هێزە هیچ پەیوەندییەکی بە پاسەوانی سنووری عێراقەوە نییە و ئەرک و کارەکەی بریتییە لە پاسەوانیکردنی سەرباز و جەندرمەی سوپای تورکیا و ئەو هێزە جیهادییانەی کە لەگەڵ سوپای تورکیا داخیلی سنووری عێراق و باشوری کوردستان بوون."