لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان (CPJ) ڕۆژی سێ شەممە، 25ی مانگی شەش لە بەیاننامەیەکدا داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووسی کوردی سوریا بە بێ مەرج و دەستبەجێ ئازاد بکات.
سلێمان ئەحمەد کە لەگەڵ ماڵپەڕی ڕۆژ نیوز وەک سەرنووسەری بەشی عەرەبی کاریکردووە، ماوەی 8 مانگە بە تۆمەتی سیخوڕی لە هەرێمی کوردستان زیندانی کراوە و بڕیارە 30ی مانگی شەش لە دادگای تاوانەکانی دهۆک دادگایی بکرێت.
ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردەی خەڵکی ڕۆژئاوا لە 25ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو لەکاتی گەڕانەوەی لە ڕۆژئاوا بۆ هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی سەردانی سوریای کردبوو، دەستگیرکرا و ئاسایشی دهۆک بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەحمەد لە ریگەی کاری نەهێنی و نایاساییەوە کار بۆ پارتی کڕیکارانی کوردستان دەکات.
لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان کە بنکەکەی لە نیۆیۆرکە لە بەیاننامەکەیدا نووسیوێتی ڕۆژ نیوز لە پەکەکەوە نزیکە و بەردەوام هەواڵ و ڕاپۆرت لەسەر چالاکییەکانی ئەو پارتە بڵاودەکاتەوە.
ئارا خدر، وتەبێژی فەرمانگەی ڕێکخەری ئۆپەراسیۆنە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مانگی ڕابردوو بە لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، ئەحمەد بەپێی ماددەی 1 لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 بە تۆمەتی سیخوڕی لە دهۆک دەستگیرکراوە.
ئاسایشی دهۆک لە ڕۆژی 30ی مانگی دەی 2023 لەسەر دۆسیەی سلێمان بیاننامەیەکی بڵاوکردبووە و رایگەیاندبوو کە هێزەکانی ئاسایش کادیرێکی پەکەکەیان بە ناوی سلێمان ئەحمەد دەستگیرکردووە کە نابراو بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە و بۆیە ڕاگیراوە و لە لێکۆڵینەوەکانیشدا دانی بە کارەکانی خۆیدا ناوە، بۆیە ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ڕاگرتنەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە کاری ڕۆژنامەنووسییەوە نییە."
کارلوس مارتینێز دێلێ سرنا، ڕێکخەری بەرنامەکانی سی پی جەی لە نیویۆرک ڕایگەیاندووە "تۆمەتبارکردنی سلێمان ئەحمەد بە سیخوڕی و دەستگیرکردنی بۆ چەند مانگێک پێش ئەوەی بتوانێت پارێزەرێکی هەبێت، بەربەستێکی دیکەیە لە بەردەم ئازادی ڕۆژنامەگەری لە کوردستانی عێراق"دا.
دەشڵێت "پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردی عێراق دەستبەجێ ئەحمەد ئازاد بکەن و هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی دەکەن لەسەری لایبەن".
پارێزەرانی ئەو ڕۆژنامەنووسان بە سی پی جەییان ڕاگەیاندووە، ئەحمەد تا 22ی مانگی پێنج بێ پارێزەر بووە و دواتر توانیانە لە زیندان سەردانی بکەن و بە فەرمی وەک تیمی یاسایی ئەو ڕۆژنامەنووسە ناسێندراون.
پارێزەر ریڤینگ هروری دەڵێت "بۆ ماوەی شەش مانگ نەماندەزانی سلێمان لە کوێیە، تەنها بۆ ئەوەی ڕەزامەندی وەربگرین کە ئێمە پارێزەری دەبین".
ئەگەر ئەحمەد سلێمان به پێی ماددەی یەک تاوانبار بکرێت، ئەوا ئەگەری هەیە به تۆمەتی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەرووی سزای هەتاهەتایی زیندانیکردن ببێتەوە.