سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ی شەشی 2024، بۆ پێنجەم جار کاتێکی نوێی دانا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم و بڕیاری دا هەڵبژاردنەکە لە ڕۆژی 20ی دەی 2024 بەرێوەبچێت.
لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی ڕابردوودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی 5 جار فەرمانی هەرێمیی جیاوازی دەرکردووە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر گۆڕانکارییەکان لە سیستەمی هەڵبژاردندا گشت وادەکانی ڕابردووی هەڵبژاردن شکستیان هێنا.
مەرسومەکانی سەرۆکایەتی هەرێم تایبەت بە دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن: مەرسومی ڕۆژی 24ی دووی 2022 کە تێیدا بەرواری 1ی دەی 2022 وەک ڕۆژی ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەستنیشان كرا؛ فەرمانی هەرێمی 95 لە ڕۆژی 26ی سێی 2023 کە تێیدا ڕۆژی 18ی یازدەی 2023 وەک وادەی نوێی هەڵبژاردن دیاریکرا؛ مەرسومی ڕۆژی 3ی هەشتی 2023 کە تێیدا بەرواری 25ی دووی 2024 وەک کاتی نوێی هەڵبژاردن دانرا؛ دواتر مەرسومی 3ی سێی 2024 کە تێیدا دەڵێت سازدانی هەڵبژاردن لە ڕۆژی 10ی شەشی 2024 دەبێت؛ وە دواترینیان مەرسومەکەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتی هەرێم بوو کە تێیدا ڕۆژی 20ی دەی ئەمساڵ بۆ هەڵبژاردن دەستنیشان کراوە.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا مەرسومە نوێکەی سەرۆکی هەرێمی رایگەیاند و وتی بەروارە تازەکە دەستنیشان کراوە "دوای هەڵسەنگاندنێکی تەواوی پیداویستییەکانی هەڵبژاردن و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی کاتێک دیاریبکردێت لە ڕووی پێداویستییەکان و لە ڕووی کاتەوە گونجاوبێت، هەم بۆ ئەو ڕێکارانەی کە پێویستن بۆ کۆمسیۆن و هەم بۆ بارودۆخی هەرێمی کوردستان."
دڵشاد شەهاب هۆکاری دواکەوتنی چەند جارەی هەڵبژاردنی خستە ئەستۆی ناکۆکی "لایەنەکان" و وتی "هیچ" پەیوەندیی بە هەڵوێستی سەرۆک و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە نەبووە
وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم وتی، "ئێستا ناکۆکی لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن یەکلا بووەتەوە، ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی بازنەکان و تاڕادەیەک لەسەر کورسیی پێکهاتەکانیش یەکلا بووەتەوە کە هۆکاری سەرەکی بوون و بەهۆیانەوە هەڵبژاردن تەگەرەی تێکەوت."
دوای ڕاگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی رایگەیاند حزبەکەی ئامادەی بەشدارییە لە پرۆسەکە و وتی، "پارتیمان دەستدەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان. هیوادارین هەڵبژاردنێکى دیموکراسییانە و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت کە ئاکامەکەى لە بەرژەوەندیى خەڵکى کوردستان دابێت."
وا بڕیارە ئێوارهی ئهمڕۆ مهكتهبی سیاسی یهكێتی کۆببێتەوە بۆ ڕاگەیاندنی ههڵوێستی فەرمی حزبەکە و پێشبینی دەکرێت یەکێتیش پهسهندی بكات.