Accessibility links

ئەگەری گواستنەوەی سەرکردەکانی حەماس بۆ بەغدا لە نێوان فشاری نێودەوڵەتی و پێشوازی عێراقدا


شاری بەغدای پایتەختی عێراق بەیەکێک لە بژاردەکان دادەنرێت بۆ ئەوەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس ڕووی تێبکەن، ئەمەش دوای ئەوەی حکومەتی قەتەر کەوتووەتە ژێر فشارەوە و دەیەوێت لە وڵاتەکەی دەریان بکات.

هەرچەندە هێشتا بەرپرسانی عێراق بە فەرمی ئەگەری پێشوازی کردنیان لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس پشتڕاست نەکردووەتەوە و دانیان پێدا نەناوە، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایە لە ئێستادا بەغدا ئەو جێگە گونجاوەیە کە سەرکردەکانی حەماس ناچارن ڕووی تێبکەن.

سایتی هەواڵی زە ناشناڵ ڕۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی حەماس مانگی ڕابردوو لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی عیراق و ئێران کۆبووەتەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە و دەڵێت حکومەتی عێراق بە گواستنەوەی سەرکردەکانی حەماس بۆ بەغدا ڕازی بووە و ئێرانیش بەرپرسیارێتی خۆی نیشانداوە بۆ پاراستنیان.

دوو ئەندامی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بەهۆی هەستیاری بابەتەکە داوایانکرد ناویان ئاشکرا نەکرێت ئەم هەواڵەیان پشتڕاستکردەوە.

یەکێک لە پەرلەمانتارەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ”گفتووگۆ کراوە لەسەر هێنانی سەرکردەکانی حەماس بۆ عێراق و ڕای مەرجەعییەتی باڵای شیعەکانیش وەرگیراوە و ڕازیش بووە، بەڵام هێنانیان دەوەستێتەوە سەر ئەنجامی گفتووگۆکان."

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، ”لەناو پەرلەمان باسی مەسەلەی هێنانی سەرکردەکانی حەماس بۆعێراق نەکراوە، ئەستەمە ئەو بابەتەش لەگەڵ کورد و سونە باسبکرێت چونکە وا دیارە خواستی ئێرانە."

بەڕای چاودێرانی سیاسی، کۆچکردنی سەرکردەکانی حەماس بۆ عێراق خواستی ئێرانییەکانیشە، بەو پێیەی ئێران بۆ خۆقوتارکردن لە فشاری نێودەوڵەتی نایەوێت بیانبات بۆ وڵاتەکەی، بەڵام دەیەوێت لە عێراق بن و بەئاسانی دەستی پێیانبگات.

دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری سیاسی نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "قەتەر کەوتووەتە ژێر فشارەوە و ئەمەش وایکردووە سەرکردەکانی حەماس بەدوای جێگەی تردا بگەڕێن، پێشتر حەماس هەوڵیدا لە تورکیا نوسینگە بکاتەوە بەڵام تورکیا نایەوێت توشی کێشە بێت و ئامادەیی نیشان نەدا."

پێشتر وڵاتانی نێودەوڵەتی ڕازی بوون بەوەی قەتەر جێی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس بکاتەوە، تا ئەو وڵاتە وەکو کەناڵێکی پەیوەندی لەگەڵیان بەکاربهێنن، بۆیە فشارەکان بۆ دەرکردنی سەرکردەکانی حەماس بە کۆتاییهاتنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ ئەو بزووتنەوە فەڵەستینییە لێکدەدرێتەوە.

دوای هێرشە خوێناوییەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە مانگی 10ی ساڵی 2023، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوامی هەیە، ئیسرائیل جگە لەوەی ئاگربەست ڕەتدەکاتەوە تا ئەوکاتەی بارمتەکانی کە لای بزووتنەوەی حەماسن ئازاد دەکات، هاوکات جەخت لەسەر کۆتایی هێنانیش بە بزووتنەوە فەڵەستینییەکە دەکاتەوە.

دیمەنی وێرانەی ئەو باڵەخانەیەی کە ڕۆژی 25ی شەشی 2024 لە غەزە بووە ئامانجی هێرشێکی ئیسرائیلە و تێیدا خوشکی ئیسماعیل هەنییە سەرکردەی حەماس و چەند ئەندامێکی تری خێزانەکەیان بوونە قوربانی.
دیمەنی وێرانەی ئەو باڵەخانەیەی کە ڕۆژی 25ی شەشی 2024 لە غەزە بووە ئامانجی هێرشێکی ئیسرائیلە و تێیدا خوشکی ئیسماعیل هەنییە سەرکردەی حەماس و چەند ئەندامێکی تری خێزانەکەیان بوونە قوربانی.

ئەگەری کۆچکردنی سەرکردەکانی حەماس بۆ عێراق لەکاتێکدایە، میلیشیا شیعەکان لە عێراقدا باڵادەستن و بە ئاشکرا پشتگیری خۆیان بۆ حەماس دووپاتدەکەنەوە، لە ماوەی ڕابردووشدا چەندین هێرشیان بۆ سەر پێگەکانی ئەمەریکا ئەنجامداوە بە پاساوی پشتگیری کردنی ئیسرائیل.

سەردار عەزیز دەڵێت، "هەرچەندە کەس دانی پێدا نانێت، بەڵام ڕەنگە بەغدا یەکێک بێت لە بژاردەکان بۆ ئەوەی سەرکردەکانی حەماس بۆی بڕۆن، چونکە بوونیان لەبەغدا پەیوەندییان لەگەڵ ئێران ئاسانتر دەکات، واتە لە ئێران نین و ئێرانیش نزیک دەبێت لێیانەوە."

پێشبینی دەکرێت لە حاڵەتی هاتنی سەرکردەکانی حەماسدا بۆ عێراق، حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی دووچاری فشاری سیاسی و نێودەوڵەتی ببێتەوە، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت شەقامی عێراقی دژی ئەم هەنگاوە بن، بەو پێیەی زەمینەیەکی وا ڕەخسێنراوە کە شەقامی عێراقی و عەرەبی هاوسۆزن لەگەڵ حەماسدا.

حەمدی گلی، لیوای خانەنیشین و شارەزای بواری ئاسایشی نیشتمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو فشارانەی لەسەر سەرکردەکانی حەماس دروستبوون دەرئەنجامی هێرشەکەی مانگی 10ی ساڵی ڕابردووە بۆ سەر ئیسرائیل، بەتایبەت حەماس بە هێزێکی نزیک لە ئیران دەناسرێت و قەتەر نایەوێت چیتر لە باوەشی بگرێت."

لە حاڵەتی ڕۆیشتنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسدا بۆ عێراق، جگە لەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران ئاسانتر دەکات، هاوکات لەلایەن میلیشیا شیعەکانیشەوە پارێزگارییان لێدەکرێت و پاڵپشتی دەکرێن.

دەشڵێت، "ئیسرائیل پێداگیری دەکات لەسەر نەهێشتنی حەماس بەو پێیەی هێرشەکەی سەر ئیسرائیل هێرشێکی گەورە بوو، قەتەر لە نێو هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا ڕۆڵی هەیەو لە ژێر فشاردایە، بۆیە دەیەوێت سەرکردەکانی حەماس لە وڵاتەکەی دووربخاتەوە."

جەختیشیکردەوە، "دەسەڵاتی عێراق لای ئێرانە و ڕەنگە هێنانی حەماس بۆ بەغدا پلانی ئێران بێت، بەڵام ئەمە دەرئەنجامی خراپی بۆ عێراق دەبێت."

هەوڵەکانی قەتەر بۆ دەرکردنی سەرکردە سیاسییەکانی حەماس لەکاتێکدایە، لە مانگی 10ی ساڵی 2023ەوە، سەرکردە سەربازییەکانی حەماس کە لەناو غەزەدان لە ژێر فشارێکی قورسی سەربازی ئیسرائیلدان و لەنێو تۆنێل و حەشارگەکان

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:32 0:00
XS
SM
MD
LG