جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و کاندیدی پێشەنگی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژارنەکەی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەگەڵ دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشوو و کاندیدی پێشەنگی کۆمارییەکان درەنگانێکی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە وتووێژێکی ڕاستەوخۆدا بەرامبەر یەک دەوەستنەوە و ڕوانینەکانی خۆیان دەخەنە بەردەم دەنگدەرانی ئەمەریکاوە هاوکاتی هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی بەرزترین پۆست لە حکومەتی ئەمەریکادا.
ئەم وتووێژە ڕاستەوخۆیە کە 90 خولەک دەخایەنێت و کاتژمێر 9ی شەو بە کاتی واشنتن لە کەناڵی سی ئێن ئێنەوە پەخش دەکرێت کە یەکەمین وتووێژی ڕاستەوخۆیە ئەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەیە بکرێت لە نێوان بایدن و ترامپدا.
لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2016ی سەرۆکایەتیدا، 84 ملیۆن کەس بینەری یەکەم وتووێژی ڕاستەوخۆی نێوان دانۆڵد ترامپ و هێلەری کلینتن بوون.
ئەم وتووێژە ڕاستەوخۆیە لە شاری ئەتڵانتا، لە ستانی جۆرجیا دەکرێت و دەشێت هەم وەک مەترسییەک لێی بڕوانرێت بۆ خاڵە لاوازە سیاسییەکانی هەردوو کاندیدی پێشەنگ و هەروەها دەشێت وەک دەرفەتێکیش ببینرێت.
ئەم یەکەمین وتووێژی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو کاندید زۆر زووترە لە ببارە باوەکەی ئەم وتووێژە ڕاستەخۆیانەی نێوان کاندیدەکانی سەرۆکایەتی و لە کاتێکیشدایە هێشتا زیاتر لە 4 مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنەکەی سەرۆکایەتی کە بڕیارە ڕۆژی 5ی مانگی 11ی داهاتوو بکرێت.
بەرەنجامی ڕاوەرگرتنە گشتییەکانیش وەها نیشان دەدەن هەردوو کاندید لە پێشەبڕکێیەکی زۆر گەرموگوڕدان.
ئەم یەکەمین وتووێژە ڕاستەوخۆیەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو دابەشبوونە گەورەیەی لە ئەمەریکادا هەیە و هەروەهاش هاوکاتە لەگەڵ نیگەرانییە قوڵەکانی خەڵک سەبارەت بە سیاسەت لە ئەمەریکادا.
بەپێی ڕاوەرگرتنێکی گشتی ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز کە لە مانگی 5دا کردوویەتی، دوو لەسەر سێی ئەوانەی ڕایان وەرگیراوە نیگەرانییان هەبووە لەوەی "لەوانەیە دوای هەڵبژاردن توندوتیژی ڕووبدات" ئەم نیگەرانییەش پاش نزیکەی 4 ساڵە لەو هێرشەی لایەنگرانی دانۆڵد ترامپ کردیانە سەر باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا.
دووهەم و دواهەمین وتووێژی ڕاستەوخۆی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵی سەرۆکایەتی، بڕیارە لە مانگی 9دا بکرێت.