Accessibility links

ئۆکرانیا داوای دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە دەکات


بەرپرسانی ئۆکرانیا بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، ئۆکرانیا هەوڵدەدات هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی، ناوچەی دژە فڕین لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە دابمەزرێنن بۆ ئەوەی ڕێگری لە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا بکەن.

لە کاتێکدا سیستەمێکی باشی دژە فڕۆکە دانەمەزراوە، کیێڤ دەیەوێت وڵاتانی ڕۆژئاوا سیستەمی بەرگری بۆ پۆڵەندا و ڕۆمانیا بنێرن.

ئۆلێکسی گۆنچارێنکۆ، ئەندامی پەرلەمانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، " تێناگەم بۆچی ناتۆ سیستەمی پاتریۆتی لەسەر سنووری پۆڵەندا داناوە."

گۆنچارێنکۆ وتی "مووشەکی ڕووسیا ئاسمانی پۆڵەندا و ڕۆمانیایان بەزاندووە. بەم شێوەیە سنوورەکانی پۆڵەندا و ڕۆمانیا دەپارێزرێت. هەروەها ناوچەیەکی ئارام لە ڕۆژئاوا و باشووری ئۆکرانیا دروست دەکات."

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ئەم داوایە لەلایەن زۆرێک لە هاووڵاتیانی مەدەنی و بەرپرسانی سەربازی ئۆکرانیاوە کراوە کە هەفتەی ڕابردوو لە کیێڤ چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کردوون.

دیمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە مانگی پێنجدا گفتوگۆی لەسەر ئەم بابەتە کردەوە، کاتێک وتی "هیچ بیانوویەکی یاسایی، ئاسایشی و ئەخلاقی نییە بۆ ئەوەی کە ڕێگربێت لەبەردەم هاوبەشەکانمان ئەگەر مووشەکی ڕووسیا لە خاکەکانیانەوە لە ئاسمانی ئۆکرانیا بخەنە خوارەوە".

چەند مانگێکە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا داوای بەرگری ئاسمانی زیاتر لە هاوبەشە ڕۆژئاواییەکانی دەکات، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێک نەگەیشتووەتە کیێڤ.

بەرپرسێکی ئۆکرانیایی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتانی ڕۆژئاوا ئاگاداری ئەو هەنگاوانەن کە ڕەنگە ببێتە هۆی ململانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسیا، بۆیە "ئەم پرۆسەیە خاو و بێدەنگە".

بە گوتەی ئۆلگا ستیفانیشینا، جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا، ڕەنگە ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی ناتۆ لە واشنتۆن لە سەرەتای مانگی هەشت تاوتوێ بکرێت.

ڕووسیا کە لە مانگی دووی ساڵی 2022 دەستی بە هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا کرد و سەرەتا هێرشی کردە سەر سیستەمی وزە و کارەبای وڵاتەکە.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG