Accessibility links

نزیکبوونەوەی ڕووسیا و کۆریای باکوور ڕەنگە دەرفەتێک بۆ ئەمەریکا و چین بڕەخسێنێت


هەندێک لە شارەزایان دەڵێن پەیمانامەی بەرگریی ئەم دواییەی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور دەشێت دەرفەتێکی دیپلۆماسی بۆ ئەمەریکا و چین بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەن بۆ سەقامگیری لە نیمچە دوورگەی کۆریادا کە پرسێکە جێگەی بایەخی هەردوو وڵاتە.

کێرت کامپبیڵ، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە وتی چین هەتا ڕادەیەک نیگەرانی دەبێت سەبارەت بە تۆکمەکردنی هاوکارییەکانی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور، ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە بەرپرسانی چین لە هەندێک لە کاردانەوەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە و ئێمە دەتوانین هەندێک گرژیی ئاکامی زیادبوونی پەیوەندیەکانی نێوان رووسیاو کۆریای باکوور لەلایەن چینەوە بەدیبکەین .

جۆن کیربی، وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی دوای کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکووری هەفتەی ڕابردوو لە پیۆنگ یانگ بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند کە نیگەرانییەکان سەبارەتن بە ڕێککەوتنی نوێی بەرگری نێوان هەردوو وڵات وتیشی ئەوەش نیگەرانی کۆماری گەلی چینیش دەبێت .

لە میانەی لوتکەکەیاندا کە بە وردی چاودێری دەکرا، ڤلادمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا و کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور پەیماننامەیەکی هاوبەشی ستراتیژی گشتگیریان واژۆ کرد و پەیمانیاندا کە بەرەنگاری سیستمی جیهانی ببنەوە ئەوەی کە ئەمەریکا رابەرایەتی دەکات .

بە گوێرەی پەیماننامەکەی نێوان ئەو دوو وڵاتە کە سنوورێکی هاوبەشی کورتیان پێکەوە هەیە بەدرێژایی ڕووباری تومن ی خوارو، پێویستە لەمەودوا رووسیاو کۆریای باکوورهاوکاری لەشکری دابینبکەن ئەوەش بە بەکارهێنانی هەموو ئامرازەکانی بەردەست ئەگەر هەریەکێکیان لەلایەن وڵاتێکی سێیەمەوە هێرش بکرێتە سەری .

جێی ئاماژەیە ڤلادمیر پوتین زیاتر مەترسییەکانی ئەم پەیوەندییە نوێیە تۆکمەیەی هەڵکشان و وتی ئەگەری دابینکردنی چەکی وردبینی بەرزی ڕووسیایی ئامانج شکێن بۆ کۆریای باکوور ڕەتناکاتەوە.

بە وتەی هەندێک لە شارەزایان لە واشنتن، بێزاری چین لە دوو دراوسێی وڵاتەکەی دەشێت بوار بۆ هەوڵێکی چینی- ئەمەریکایی دروست بکات بۆ ڕێگریکردن لە ڕووسیا و کۆریای باکوور لە هەنگاونان بەرەو پێشەوە لەو پەیماننامە بەرگرییە نوێیان.

پاتریک کرۆنین سەرۆکی ئاسایشی ئاسیا و زەریای هێمن لە پەیمانگای هەدسن، سەرەتای ئەم هەفتەیە بە بەشی کۆریای دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە ڕێگەیەک هەیە بۆ ئەوەی ئەمەریکا "هەندێک زەمینەی هاوبەش" لەگەڵ چین لەم بارەیەوە بدۆزێتەوە.

پاتریک کرۆنین ڕوونیکردەوە کە لە بەرژەوەندی چیندایە هبۆ ئەوەی گواستنەوەی تەکنەلۆژیای لەشکری پێشکەوتوو و هێرشبەری ڕووسیا بۆ کۆریای باکوور نەبینێت ، کە دەشێت ببێتە هۆکاری ناسەقامگیری لە نیمچە دوورگەی کۆریادا.

لەلایەکی دیکەوە واشنتن هیوای ئەوەی هەیە کە بێژین هێشتا هەر بتوانێت پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ پیۆنگ یانگ بەکاربهێنێت بۆ گەیشتنن بە چارەسەرێک .

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بە بەشی کۆریای دەنگی ئەمەریکای وت " داوا لە بێژین دەکەین تواناییەکانی خۆی بەکاربهێنێت بۆ هاندانی کۆماری دیموکراتیکی کۆریای باکوور بۆ ئەوەی خۆی لە ڕەفتارە ناسەقامگیرییەکان بەدوور راگرێت و بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان."

ڕاپۆرتی یەنگ گیو کیم/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG