Accessibility links

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران بە ئامادەبوونی پزشکیان و جەلیلی دەڕواتە خولی دووەم


بە پێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ کام لە کاندیدەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نەیانتوانیوە دەنگی پێویست بۆ جێگرتنەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی بەدەست بهێنن وکێبڕکێی سەرۆکایەتی لە نێوان مەسعود پزشکیان و سەعید جەلیلی کەوتووەتە خولی دووەمی دەنگدانەوە.

بە پێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەت ڕێژەی بەشداریکردن لە خولی 14ی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران 40% بووە کە دەریدەخات لە کۆی 61 ملیۆن و 452 هەزار و 321 کەس کە مافی دەنگدانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات هەبووە، تەنها 24 ملیۆن و 535 هەزار و 185 کەس بەشدارییان کردووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی 77%ی ئەوانەی مەرجەکانی دەنگدانیان تێدا بووە لە تاران ڕەتیانکردووەتەوە دەنگ بە کاندیدەکانی حکومەت بۆ پۆستی سەرۆکایەتی بدەن.

بە پشتبەستن بەو ئامارەی کە حکومەت خۆی بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر ڕێژەی بەشداریی سەرتاسەری %40 بووبێت، خۆی کەمترین ڕێژەی بەشداریکردنە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا.

لە هەمان کاتدا چاودێران و سەرچاوە سەربەخۆکان پێیان وایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەستکاریکردنی ئاماری هەڵبژاردنەکان بەشداریی دەنگدەران زیاتر لە بڕی ڕاستەقینەکەی ڕاگەیاندووە.

بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵییەکانی حکوومەت، وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە بە "ژماردنەوەی" زیاتر لە 24 ملیۆن لەو "دەنگانەی" کە گوایە لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی هەینیدا بۆ جێگرتنەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی لە نێو کاندیدەکانی حکوومەتدا بەڕێوەچوو، مەسعود پزشکیان و سەعید جەلیلی گەیشتونەتە قۆناغی دووەەمی هەڵبژاردنەکان.

ئامار و سەرچاوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە لە لایەن چاودێران و سەرچاوە سەربەخۆکانەوە بە شێوەیەکی رژد جێگای گومان و مشتومڕ بووە.

دوایین "ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەریدەخات کە دوای "ژماردنەوەی 24,735,185 دەنگ، مەسعود پزشکیان بە 10 ملیۆن و 415 هەزار و 191 دەنگ و سەعید جەلیلی بە 9 ملیۆن و 473 هەزار و 298 دەنگ لە پرۆسەیەکدا کە تەنانەت بە پێی ئامارەکانی حکومەت زیاتر لە 60%ی دەنگدەرانی ڕەتیانکردەوە بەشداری بکەن، گەیشتوونەتە خولی دووەم کە بڕیارە هەینی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

هەروەها بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، محەمەد باقر قالیباف بە 3383340 دەنگ لە پلەی سێیەمدایە و مستەفا پوورمحەممەدیش بە 206397 دەنگ لە پلەی سێیەمدایە.

ڕێژەی بەشداری 40% کە حکومەت بانگەشەی بۆ دەکات، تەنانەت بە پشتبەستن بە ئاماری "فەرمی" کە لە ماوەی ڕابردوودا ڕاگەیەندراوە، نیشان دەدات کە ڕەوتی کەمبوونەوەی بەشداریی گشتیی ئێرانییەکان لە هەڵبژاردنە حکومییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەردەوامە.

بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2020 کە لە سەردەمی حکومەتی حەسەن ڕۆحانیدا بەڕێوەچوو، بە ڕێژەی 42% ڕاگەیەندرا. دوای ئەوە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2021 کە هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شار و گوندەکاندا بەڕێوەچوو، بەگوێرەی بانگەشەی حکومەت، 48% بەشداری تێدا کرابوو. هەروەها ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی مانگی دووی ئەمساڵ بۆ ئەنجومەنی ئیسلامی و مەجلیسی پسپۆڕانی سەرکردایەتی بە ڕێژەی 41% ڕاگەیەندرا.

بەپێی ماددەی 12ی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران، سەرۆک بە بەدەستهێنانی زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان هەڵدەبژێردرێت. زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان بەو مانایەیە کە کەسی هەڵبژێردراو زیاتر لە 50%ی کۆی دەنگەکانی بەدەستهێنابێت، بەڵام ئەگەر هیچ کام لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی زۆرینەی ڕەهای کۆی دەنگەکانی بەدەست نەهێنن، ئەوا هەڵبژاردنەکە دەگوازرێتەوە بۆ قۆناغی دووەم و ئەو دوو کاندیدە کە زۆرترین دەنگیان هەیە لە قۆناغی یەکەمدا، بەشداری هەڵبژاردنی قۆناغی دووەم دەکەن.

XS
SM
MD
LG