ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان ڕایدەگەیەنێت ڕۆیشتنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە قەتەرەوە بۆ عێراق کێشەی فەڵەستین بەهەڵواسراوی دەهێڵێتەوە، بە تایبەت کێشەی ئەو وڵاتە ئیسلامییە بووەتە کێشەی عەرەب و وڵاتە ئیسلامییەکان.
حەسەن شێخانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕۆیشتنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ بەغدا ئەگەر بە پێی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی بێت ئاساییە، بەڵام گەر بە ڕێککەوتن نەبێت کێشە بۆ عێراق دروست دەکات، هەرچەندە جێکردنەوەیان کارێکی مرۆڤایەتی و ئاینییە."
هێشتا بەرپرسانی حکومەتی عێراق بە فەرمی ئەگەری ڕێگە دانیان بەسەرکردەکانی حەماس بۆ جێگیر بوونیان لەبەغدا پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام ماڵپەڕی هەواڵی زە ناشناڵ بڵاویکردەوە، ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی حەماس لەگەڵ نوێنەرانی عێراق و ئێران دا کۆبووەتەوەو حکومەتی عێراق ڕازی بووە بە گواستنەوەی سەرکردەکانی حەماس بۆ بەغدا، ئێرانیش بەرپرسیارێتی خۆی نیشانداوە بۆ پاراستنیان.
لە ئێستادا قەتەر فشاری لەسەر سەرکردەکانی حەماس دروستکردووە بۆ بە جێهێشتنی وڵاتەکەی، بۆیە عێراق بە یەکێک لە بژاردەکان دادەنرێت تا سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوە فەڵەستینییە ڕووی تێبکەن، لە حاڵەتی بەردەوامی فشارەکانی سەریان لەلایەن قەتەرەوە.
هەوڵەکانی قەتەر بۆ دەرکردنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس بە کۆتاییهاتنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ ئەو بزووتنەوە فەڵەستینییە لێکدەدرێتەوە، ئەمەش وادەکات زۆربەی وڵاتان دەرگای وڵاتەکانیان بەڕوویاندا دابخەن.
شوان ڕابەر، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر سەرکردەکانی حەماس لەلایەن هەر وڵاتێکەوە دەربکرێن وڵاتانی تر ئامادەن پێشوازییان لێبکەن، هەر وڵاتێکیش جێگەیان بکاتەوە با لەلایەن هەندێک لە وڵاتانەوە زیانی پێبگەیەنرێت، بەڵام لای دونیای ئیسلامی سومعەی بەرز دەبێتەوە."
هەوڵەکانی قەتەر بۆ دەرکردنی سەرکردە سیاسییەکانی حەماس لەکاتێکدایە، لە مانگی 10 ی ساڵی 2023 ەوە، سەرکردە سەربازییەکانی حەماس کە لەناو غەزەدان لە ژێر فشارێکی قورسی سەربازی ئیسرائیلدان و لەنێو تونێل و حەشارگەکاندان.
فشارەکانی قەتەر لەسەر سەرکردە سیاسییەکانی حەماس هاوکاتە لەگەڵ پێداگیرییەکانی ئیسرائیل بۆ کۆتایی هێنان بەو بزووتنەوە چەکداریە فەڵەستینییە، بەو پێیەی هێرشە خوێناوییەکەی مانگی 10 ی ساڵی 2023 بە تەواوەتی ئیسرائیل ی توڕە کردووە.
شوان ڕابەر دەڵێت،"بزووتنەوەی حەماس بەشێکە لە ئومەتی ئیسلامی و خاکی فەڵەستینیش بەشێکە لە خاکی ئیسلامی، بۆیە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی بەرگری لێدەکەن و هەندێکیشیان هاوکاری دەکەن."
دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە مانگی 10 ی ساڵی 2023، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوامی هەیە، ئیسرائیل جگە لەوەی ئاگربەست ڕەتدەکاتەوە تا ئەوکاتەی بارمتەکانی کە لای بزووتنەوەی حەماسن ئازاد دەکات، هاوکات جەخت لەسەر کۆتایی هێنانیش بە حەماس دەکاتەوە.
ئەگەری دەرکردنی سەرکردەکانی حەماس لە وڵاتی قەتەر بەیەکێک لە لێکەوتەکانی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دادەنرێت، بە تایبەت لە چەند مانگی ڕابردووشدا دەنگۆی گواستنەوەی بەشێک لە دانیشتوانی غەزە بۆ وڵاتانی عەرەبیش بڵاوکرایەوە.
حەسەن شێخانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت،"بوونی ئاوارەی فەڵەستینی لە هەندێک وڵاتانی عەرەبی لە ڕابردوودا سروشتی نەبووە، بەتایبەت کاتێک لە ساڵانی چلەکاندا 150 هەزار ئاوارەی فەڵەستینی ڕۆیشتە ئەردەن و لەوێ هەوڵی کودەتایاندا، بەڵام لەڕووی مرۆڤایەتی و ئیسلامییەوە بۆ ماوەیەکی کاتی داڵدە بدرێن گرنگە."
دەشڵێت،"داڵدەدانی کاتی ئەو فەڵەستینیانەی لە ژێر تۆپ و فڕۆکەدان و نان و ئاو نییە بیخۆن گرنگە و دەبێت یارمەتی بدرێن، بەڵام نیشتەجێکردنی هەمیشەییان باش نییە، بەتایبەت عێراق خۆی دەیان کێشەی تری هەیە."
بەڕای چاودێرانی سیاسی، کۆچکردنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە قەتەرەوە بۆ عێراق خواستی ئێرانە، بەو پێیەی هاتنیان بۆ عێراق پەیوەندییەکانی نێوانیان ئاسانتر دەکات.