Accessibility links

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی فەیلی: داوا لە یەکێتی و پارتی دەکەین هاوکارمان بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان


راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی فەیلی ڕایدەگەیەنێت کێشەی کوردانی فەیلی لە عێراق دا چارەسەری ڕیشەیی دەوێت و هێشتا بەشێکی زۆر لە کێشەکانیان چارەسەر نەکراوە. داوا لە حکومەتی عێراق و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەکات هاوکاریان بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

تارق مەندەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی فەیلی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کوردانی فەیلی کێشەیان زۆرەو هێشتا بەشێکی زۆر لە خێزانە زیان لێکەوتووەکان قەرەبوو نەکراونەتەوە. کوردانی فەیلی کێشەی ڕەگەزنامەیان هەیەو هێشتا بڕیارەکانی سەردەمی بەعسیش هەڵنەوەشێنراونەتەوە کە بەو بڕیارانە دەستگیرا بەسەر ئەموالی مەنقولەو غەیر مەنقولەیاندا."

هەرچەندە ئامارێکی ورد سەبارەت بە ژمارەی کوردانی فەیلی لەبەردەستدا نییە، بەڵام بە پێی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەی کوردانی فەیلی بە دوو ملیۆن کەس لە عێراق دا مەزەندە دەکرێت، زۆربەیان نیشتەجێی پارێزگاکانی بەغدا و واست و کەرکوک و دیالەن.

تارق مەندەلاوی دەڵێت،"دەبێت چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی کوردانی فەیلی بدۆزرێتەوە. داوا لە حکومەتی عێراق و یەکێتی و پارتی دەکەین پاڵپشتی کوردانی فەیلی بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان."

کوردی فەیلی کە بە نەتەوە کورد و بە مەزهەب شیعەن، وەکو یەکێک لە کەمینەکانی عێراق هەژمار کراون و لە پارێزگای بەغدا و واست دوو کورسی کۆتای ئەنجومەنی پارێزگایان بۆ دانراوە.

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی فەیلی دەڵێت،"کوردی فەیلی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی دیوی ڕەسافەی بەغدا پێکدەهێنن و لە دیوی کەرخیشەوە ژمارەیەکی زۆر کوردی فەیلیمان هەیە، کوردی فەیلی مێژوویەکی درێژیان لە بەغدا هەیەو ژمارەیەکی گەورەن."

کوردانی فەیلی بەشێکی زۆر لە قوربانییەکانی سەردەمی حکومەتی بەعس پێکدەهێنن، ئەمە جگە لەوەی لەسەر دەستی ڕێکخراوی قاعیدەو گروپە چەکدارە توندڕەوەکان ژمارەیەکی زۆریان لە پارێزگای دیالەو ناوچەکانی تر لێ کوژرا.

جیاوازی نەتەوەیی و مەزهەبی وایکرد کوردانی فەیلی ببنە ئامانجی گروپە چەکدارە توندڕەوەکان، بە تایبەت لە سنوری ناحیەکانی سەعدیەو مەندەلی پارێزگای دیالە بە دەیان کەسیان لەلایەن ئەو گروپانەوە لێ کوژراوە.

تارق مەندەلاوی دەڵێت،"لە کۆی 60 هەزار قوربانی کە ناویان لە دامەزراوەی شەهیدانی عێراق تۆمارکراوە 15 هەزاریان کوردی فەیلین، واتە چارەکێکی ئەو ناوانەی قوربانی دەستی بەعسن و تۆمار کراون فەیلین."

هەرچەندە ژمارەی کوردانی فەیلی لە بەغدا بە نیو ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، بەڵام پێگەی حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان لە ناویاندا لاوازەو نەیانتوانیووە سود لە دەنگەکانیان وەربگرن بۆ بەدەستهێنانی کورسی لە بەغدا.

بەشێکی زۆر لە کوردانی فەیلی لایەنگری حزبە شیعەکانن و بەشێکی کەمیان نزیکن لە حزبە کوردییەکانەوە، هەروەها محسن مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئێستادا پارتێکی دروستکردووەو هەوڵی ڕاکێشانی کوردانی فەیلی بەلای خۆیدا دەدات.

تارق مەندەلاوی وتی،"کاتی خۆی بەشێکی کوردانی فەیلی لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا بوون، بەتایبەت مام جەلال دۆستی فەیلییەکان بوو."

هەروەها وتیشی،"کوردی فەیلی مەزهەبین و ئەمە کاریگەری هەبووە، بەڵام کێشەی ئێمە سیاسی نییە، هەر لایەنێک هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی کوردانی فەیلی بدات دەتوانێت 100%ی دەنگەکانیان بەدەست بهێنێت."

XS
SM
MD
LG