Accessibility links

ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر ڕەوشی ئازادی ئاینی لە جیهاندا


هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی بڵاوکردەوە، تیایدا تیشکی خستە سەر دۆخی ئازادی ئایینی و پێشێلکارییەکانی بەرامبەر کەمینە ئایینییەکان لە ساڵی 2023 لە سەرتاسەری جیهاندا کراوە.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکەدا ڕایگەیاند، ڕێزگرتن لە ئازادی ئایینی مافەکانی دیکەی وەک مافی ڕادەربڕینی ئازاد و مافی بەشداریکردن لە سیاسەتدا مسۆگەر دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە دەستنیشانکردنی پێشێلکارییەکانی مافی ئازادی ئایینی، ڕاپۆرتەکە تیشکیش دەخاتە سەر ئەو هەنگاوانەی کە وڵاتان بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە ئازادی ئایینی دەیگرنەبەر.

بلینکن گوتیشی "لە ئەڵمانیا دەسەڵاتداران لەگەڵ ڕزگاربووان کاردەکەن بۆ دادگاییکردنی ئەو چەکدارانەی داعش کە جینۆساید و دڕندەیییان بەرامبەر ئێزدییەکان، کرستیانەکان، موسڵمانانی شیعە و کەمایەتییە ئاینییەکانی دیکە لە عێراق و سوریا ئەنجامداوە".

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی لە هەوڵەکانی عەرەبستانی سعودیەش کرد بۆ لابردنی زمانی قڕکردن و ڕق و کینە بەرامبەر بە کەمینە ئایینییەکان لە کتێبی خوێندنگەکاندا.

سەبارەت بە عێراق لە ڕاپۆرتەکەدا نوسراوە سەرەڕای پاراستنی مافە ئاینییەکانیان لە دەستوری عێڕاقدا، "ئێزدییەکان و کرستیانەکان و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ڕایدەگەیەنن، ئەندامانی حەشدی شەعبی (شیعە) بەردەوام بوون لە دەستدرێژی جەستەیی و زارەکی دژی ئەندامانی ئەو پێکهاتە کەمینە ئاینییانە. لە ساڵەکەدا حکومەت پێشکەوتنێکی کەمی لە دۆزینەوە و ڕزگارکردنی ئێزیدییە ونبووەکاندا ڕاگەیاندووە."

ڕەشاد حسێن، باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ئەمساڵ دە ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان،کرستیانەکان، موسڵمانانی شیعە ئاینزا و کەمایەتییە ئاینییەکانی دیکە لە عێراق و سوریا لەسەر دەستی داعش تێدەپەڕێت.

حسێن دەڵێت " ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانمان بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ هێنانەدی دادپەروەری و گەڕاندنەوەی ئازادی ئایینی و پاراستنی پێکهاتەکان."

سەبارەت بە سوریاش، ڕاپۆرتەکە سەرنجی خستووەتە سەر بەردەوامی پێشێلکردنی مافی کوردەکان بەتایبەت کوردانی ئێزدی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا.

بۆ نمونە ڕاپۆرتەکە باس لە کوشتن، ڕفاندن و شاردنەوەی زۆرەملێ و دەستدرێژی جەستەیی لە نێویاندا دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی و تاڵانکردنی ماڵ و حاڵی خەڵکی سڤیل و وێرانکردنی شوێنه پیرۆزه ئاینییەکانی عەفرین دەکات.

هەروەها لە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کرستیانەکانی دانیشتووی شاری حەلەب نیگەرانن لەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریای سەر بە تورکیا هێرش بکەنە سەریان.

سەبارەت بە ئێران، ڕاپۆرتی ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی دەڵێت ناڕەزایەتییەکانی پاش کوشتنی کچێکی کورد لە مانگی 9ی 2022، کاریگەریی زیاتری لەسەر کەمینە نەژادی و ئایینییەکانی ئێران بە تایبەت کورد و عەرەب و بەلووچ هەبووە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە حکومەتی ئێران بە ڕێژەیەکی زیاتر سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەندامانی کەمە نەتەوەییەکاندا سەپاندووە.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی ئاژانسی هرانا، ڕاپۆرتەکە دەڵێت لە ساڵی 2023دا 746کەس لە ئێران بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی "گەندەڵی لەسەر زەوی" یان "هۆکاری ئایدیۆلۆژی-ئاینی-سیاسی" لە سێدارە دراون. جگە لەوەش 142 کەسی دیکە بە هۆکاری ئایینی دەستگیرکراون. بەپێی ڕاپۆرتەکە، هرانا هەروەها ڕایگەیاندووە کە زۆربەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دژی کەمایەتییە ئایینییەکان بووە؛ 85% بەرامبەر بەهاییەکان، 11% بەرامبەر سوننە، 2% دژی یارسان.

سەبارەت بە دۆخی ئازادی ئایینی لە تورکیا، لە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەدا باس لە چەند پێشێلکارییەکی پەیوەست بە کەمینە ئایینی و ڕەگەزییەکانەوە کراوە.

بۆ نموونە ڕاپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر دۆسیەی 9 مامۆستای ئاینیی کورد کە لە ساڵی 2021 بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر دەستبەسەر کراون، چونکە وتاری خۆیان بە زمانی کوردی پێشکەش کردبوو. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سێ لەو مامۆستایانە تا کۆتایی ساڵی 2023هێشتا لە ژێر چاودێری دادوەریدا بوون، و بەردەوام سەردانی بنکەکانی پۆلیسیان کردووە.

جگە لەوەش لە ڕاپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر سنووردارکردنی مافی کەمینە ئایینییە غەیرە موسڵمانەکان لە تورکیا، بەتایبەتی ئەوانەی کە لەلایەن حکومەتەوە پێناسەیان نەکراوە. لە تورکیا جگە لە موسڵمانان، تەنها کرستیانە ئۆرتۆدۆکسەکانی ئەرمەنستان، جوو و یۆنانی ئۆرتۆدۆکس وەک کەمینەی ئایینی ناسێنراون. بەڵام عەلەوی وەک ئایینێک دانی پێدانەنراوە، بەڵکو وەک گروپێکی ڕۆشنبیری ناسێنراوە. ئەندامانی پێکهاتەی عەلەوی بەردەوامن لە قسەکردن لەسەر ئەوەی کە ئایینەکەیان شایەنی ئەوەیە لەلایەن حکومەتەوە وەک ئایینێک بناسرێت.

25 ساڵە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ساڵانە ئەم ڕاپۆرتە بڵاودەکاتەوە و ڕەوانەی کۆنگرێسی دەکات.

XS
SM
MD
LG