Accessibility links

یەکێتی و کەجەکە تۆمەتبارکردنیان بە سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکوک ڕەتدەکەنەوە


دیمەنێکی قەیسەری هەولێر دوای سوتانی
دیمەنێکی قەیسەری هەولێر دوای سوتانی

دوای تۆمەتبارکردنیان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بە سووتاندنی چەندین جارەی بازاڕەکانی هەولێر لە ماوەکانی ڕابردوودا هەریەکە لە یەکێتی و کەجەکە، تۆمەتەکانی سەریان ڕەت دەکەنەوە، هەرچی کەجەکەیە بە "پلانی تورکیا و دەزگای میت و پارتی" ناوی دەبات و یەکێتیش بە بەشێک لە بانگەشەی هەڵبژاردن دژی حزبەکەی و زەنگی "شەڕی ناوخۆ" ناوزەندی دەکات.

ئەمساڵ لە هەریەکە لە بازاڕەکانی هەولێر، کەرکوک و دهۆک چەندین جار ئاگر کەوتەوە. هەرچەندە لە سەرەتادا هۆکارەکان بە کێشەی تەکنیکی ناوزەند دەکران، بەڵام چەند بارەبوونەوەی ڕووداوی سووتانەکان گومانی لای خەڵک و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دروستکرد. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لیژنەی لێکۆڵینەوە تایبەت بە هۆکاری دووبارەبوونەوەی سووتانەکان دروستبکرێت.

هەرچەندە ڕۆژی 9ی مانگی چوار گرووپێکی نەتەوەپەرستی تورک، کە خۆیان بە "ڕێکخستنی پەیمانی میللی" ناوزەند کردبوو، لە سێ ڕاگەیاندراودا بەپرسیارێتی خۆیان لە سووتاندنی بازاڕەکەی هەولێر ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، " ئاگرمان لە دڵی کوردە ترسنۆکەکان بەردا، لە 16 شوێنەوە ئاگرمان لە بازاڕەکە کردەوە ولەناومانبرد.

بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ یەکی مانگی حەوت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەریەکە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان بڵاوکردەوە، لە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیاندا سەبارەت بە هۆکاری چەندین بارەبوونەوەی سووتانەکان رایانگەیاند، هۆکاری سووتاندنەکان دەستی تێکدەرانەیە و لەلایەن ئەندامانی پەکەکە و بە هاوکاری هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی و هێزەکانی 70ی پێشمەرگەی یەکێتیەوە ئەنجامدراون.

لە کۆنگرەکەدا میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، "ئەنجامدەرانی سوتاندنی بازارەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکوک تیمێکی سەر بەپەکەکەن و بەمادەی جۆراو جۆر سوتاندوویانە، ئامانجیش لەو کارە لاوازکردنی ئابووری ئەو شارانەیە، بۆیە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکانیا ندا ناوە."

دواتر هێمن میرانی بەڕیوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ وتی، " تیمەکە لەلایەن دژە تیرۆری یەکێتی و هێزەکانی 70ی ئەو حزبەوە وە ڕاهێنراون و ئامادەکراون بۆ سووتاندنەکان و مەبەستیش لێی مەبەست لە سوتاندنەکان لێدان بووە لە ئابوری عێراق و کوردستان."

دوابەدوای ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتەکانی ناوخۆی عێراق و هەرێم، کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) وەڵامی ڕاگەیەندراوەکانی دایەوە و بە "پلانی هاوبەشی نێوان تورکیا، دەزگای میت و پارتی" ناوی برد.

لە ڕوونکردنەوەی کەجەکەدا هاتووە، " لەڕێگەی میدیاكانەوە زانیمان كە كۆمەڵێك جەنگاوەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) تۆمەتباركراون بەوەی، كە هەندێك ئاگریان لە شارەكانی هەولێر و كەركوك و دهۆك كردووەتەوە، ئێمە ئەم تۆمەتە بێ بنەمایانە ڕەتدەكەینەوە، كە هەمووان دەزانن ئەم هێرشە لەلایەن دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) و ڕێكخراوی هەواڵگریی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارستن)وە ئەنجام دراون."

دەشڵێت،" داوا لە دەوڵەتی عێراق و وەزارەتی ناوخۆ دەكەین كە بەرپرسیارانە بەرامبەر ڕێنماییەكانی هەواڵگری توركیا مامەڵە بكەن و جوڵانەوەكەمان بە تۆمەتی بێ بنەما نەبەستنەوە و تاوانبارانی ڕاستەقینە ئاشكرا بكەن."

یەکێتی کە هەریەکە لە هێزەکانی دژەتیرۆر و هێزەکانی پێشمەرگەی 70 ی حزبەکەی بە "هاوکار" و "ڕاهێنەر" بۆ ئەنجامدانی کردەکە تۆمەتبار کراون، لە ڕاگەیەندراوەکدا تۆمەتبارکردنەکە بە بەشێک لە بانگەشەی هەڵبژاردن دژی حزبەکەی و "دەستێک بۆ شەڕی ناوخۆ" ناو دەنێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئە‌مڕۆ ئه‌نجامی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان راگه‌یه‌ندرا و به‌پێی‌ دانپێدانانی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌ستگیركراون، ناوی‌ حزبێكی‌ دیاریكراو هێنرا، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناوی‌ یه‌كه‌ی‌ 70 و دژه‌تیرۆر ناهێنێت".

وتیشی، "بەڵام كاتێك سه‌ره‌ گه‌یشته‌ نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ، هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ له‌ دژی‌ یه‌كێتی‌ ده‌ستپێكرد، ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان ده‌یكه‌ن و ئه‌وه‌ی‌ ئێستا كه‌ی‌ 24 ده‌یكات له‌ بابه‌تی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆیه‌."

وێرای تۆمەتبارکردنی هێزەکانی 70ی پێشمەرگەی یەکێتی، بەڵام "بێبەری" بوونی خۆیان لە کردەوەکان ڕاگەیاند و دەڵێن "هێزەکانمان هیچ پەیوەندیان نییە بەو ڕووداوەوە."

لە ڕوونکردنەوەکەی هێزەکانی 70 دا هاتووە، "نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی بەغدا وتی، ئەو تۆمەتبارانە لەبەرامبەر بڕەپارەیەکدا تەجنید کراون. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە و جەختیش دەکەینەوە کە ئەم کەسانە نە لەژێر فەرمان و چەتری ئێمە و هیچ هێزێکیترمان ئەو کارەیان کردووە و نە پەیوەندیی بەهێزەکانمانەوە هەبووە."

‎دەشڵێت،" ئێمە لە هێزەکانمان چاوەڕێی رێڕەوی تەواوی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراقین تاوەكو راست و دروستی دوور لەمەرام و پیلانی ناڕەوا بۆ رایگشتیی وڵاتەکەمان ئاشکرابکەن كە هەر كەس و لایەنێك لەپشت سووتاندنی بازاڕەكانەوەیە، رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن."

XS
SM
MD
LG