Accessibility links

لومۆندی فەڕەنسا دەڵێت ڕۆژنامەوانێکی کورد لەلایەن ئەندامێکی سوپای قودسی ئێرانەوە هەرەشەی لێکراوە


فەرەنسا لە سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵ ئێرانییەکی دانیشتووی ئەو وڵاتەی بە ناوی بەشیر بێئازار دەستگیرکرد کە ناوبراو تا ئێستاش لە دەستبەسەری پۆلیسی فەرەنسادایە و هەواڵەکان باس لە هەوڵەکانی حکومەتی فەرەنسا دەکەن بۆ ئاڵوگۆرکردنی لەگەڵ هاووڵاتیانی دەستبەسەرکراوی فەرەنسا لە ئێران.

بە گوێرەی میدیا و چالاکوانان، بەشیر بێئازار کەسێکی نزیک لە حکومەتی ئێرانە کە پێشتر بۆ یەکێک لە میدیاکانی حکومەتی ئێران کاریکردووە. هاوکات بەرپرسانی ئێران بێئازار وەک چالاکوانێکی بواری فەرهەنگ و کولتور ناو دەبەن ک تەنها بە هۆی بەرگریکردنی لە پرسی فەلەستین لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەلایەن فەرەنساوە دەستگیر کراوە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی دەکەن.

چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕۆژنامە فەرەنسییەکان لەوانە ڕۆژنامەی بەناوبانگی لومۆند، ڕاپۆرتێکیان لە پێوەند بە دەستبەسەرکردنی بەشیر بێئازارەوە بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوەکراوە ئەو پیاوە ئێرانییە تەمەن 41 ساڵە کە بەرپرسێکی پێشووی یەکێک لە میدیا گشتییەکانی حکومەتی ئێرانە و ماوەی دوو ساڵ و نیوە لەگەڵ هاوسەر و دوو منداڵەکەیدا لە فەرەنسا دەژیت، تۆمەتبارە بە کارکردن بۆ حکومەتی ئێران و پەیوەندی بە دەزگا هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەیە و فەرمانی دیپۆرتکردنەوەکەشی لە 22ی مانگی پێنجی ئەمساڵدا دەرچووە.

ڕۆژنامەی لومۆند بە پشتبەستن بە وتەی وەزیری ناوخۆی فەرەنسا نووسیوێتی بێئازار بە شێوەیەکی کارا بەشداری کردووە لە فشارخستنە سەر میدیا و میدیاکارانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی ئێران.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕۆژنامەیەدا هاتووە کە بەپێی ئەو زانیارییانەی لە لایەن هەواڵگری فەرەنساوە کۆکراونەتەوە، بێئازار لە مانگی 9ی ساڵی ڕابردوو بە ڕێگەی مۆبایلەکەیەوە ڤیدیۆی لە ڕۆژنامەنووسێکی کەناڵی تەلەفزیۆنی ئێران ئینتەرنەشناڵ بە ناوی تروسکە سادقی هەڵگرتووەتەوە کاتێک کە ئەو ڕۆژنامەوانە لە نزیک باڵیۆزخانەی ئێران لە پاریسەوە قسەی بۆ کەناڵەکە کردووە سەبارەت بە ڕووداوی ئاگرکەوتنە لە دەرگای سەرەکی بینای باڵیۆزخانەکە.

لە ڕۆژنامەکەدا هاتووە کە بەشیر بێئازار لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڤیدیۆی ئەو ڕۆژنامەنووسەی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوە کردووە کە کارمەندانی تەلەفزیۆنی ئێران ئینتەرناشناڵ لە پشت ئاگرەکەوەن.

تروسکە سادەقی ڕۆژنامەوانێکی کوردی دانیشتووی پاریسە کە پێشتر لە هەرێمی کوردستانەوە وەک پەیامنێری کەناڵی تەلەفزیۆنی ئێران ئینتەرنەشناڵ کاری کردووە و ماوەی زیاتر لە ساڵ و نیوێکە بە هۆی هەڕەشە و فشارەکانی کۆماری ئیسلامی و پرۆکسییەکانی وەک حەشدی شەعبیەوە، هەرێمی کوردستانی بەجێهێشتووە و لە ئێستادا لە پاریس وەک رۆژنامەانی سەربەخۆ ئیش دەکات.

خاتوون تروسکە لەگفتوگۆیەکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "ماوەیەک پیش ئیستا بەڵگەیەکی وەزارەرتی ناوخۆی فەرەنسا دزەی کردە دەرێ کە باسی لەوە دەکرد کە بەشیر بێئازار ئەندامی سوپای قودسی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و هەروەها باسی منی تێدا کرابوو کەلایەن ئەو کەسەوە هەڕەشەم لێکراوە و خێزانەکەم لە ئێران لەژێر گوشاری کۆماری ئیسلامیدان."

دەشڵێت "دوای بڵاوبوونەوەی بەڵگەکە، بەرپرسانی ئاسایشی فەرەنسا بانگهێشتیان کردم و گوتیان دەبێت ئاگادارم خۆم بم و هەرجۆرە جموجۆڵێک و تەلەفوونێکی شوێنی گۆمان ڕاپۆرت بکەم و ئاگاداریان بکەمەوە."

بەپێی ڕاپۆرتەکەی لومۆند، پارێزەری بەشیر بێئازار ڕایگەیاندووە "ئێمە هۆکاری ئەوەی کە ڕێگری لە دیپۆرتکردن و ناردنەوەی بێئازار دەکات بۆ ئێران نایزانین و ئەو و خێزانەکەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. گەشتی نێوان پاریس و تاران بەردەوام بەردەستە و فەرەنسا ڕێگری لەناردنەوەیان دەکات."

تروسکە سادەقی دەڵێت "لەگەڵ ئەوەدا کە چالاکوانان و نەیارانی کۆماری ئیسلامی داوا دەکەن کە بەشیر دیپۆرت نەکرێتەوە و لە فەرەنسا دادگایی بکرێت، بەڵام پێدەچێت فەرەنسا بیهەوێت بەشیر لەگەڵ ئەو هاووڵاتیانەی فەرەنسا کە لە ئێران دەستبەسەرن، ئالوگوڕ بکات."

لە ئێستادا سیسل کۆهلەر، ژاک پاریس و فەرەنسییەکی دیکە کە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا بە "ئۆلیڤیێر" ناوی دەبەن، لە ئێران زیندانی کراون.

سیسل کۆهلەر، مامۆستا و ئەندامی فیدراسیۆنی پەروەردە و ڕۆشنبیری سەندیکای کرێکارانی فەڕەنسایە کە لەگەڵ هاوسەرەکەی ژاک پاریس دوو ساڵ پێش ئێستا وەک گەشتیار گەشتیان بۆ ئێران کرد و هاوکاتی ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە گردبوونەوەکانی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران لە ئێران دستبەسەرکران و دواتر حکومەتی ئێران کۆهلەر و هاوسەرەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی سەفەرەکەیان بە مەبەستی رەخساندنی زەمینە و هەلومەرجی شۆڕش و ڕووخاندنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بووە و ئەو دووانەی بە فەرمی تۆمەتبار کرد بە بەشداری لە کۆبوونەوە و مامەڵەکردن دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران.

حکومەتی فەرەنسا وردەکارییەکانی لەبارەی کەسی سێیەم کە لە ئێران زیندانیکراوە، بڵاونەکردووەتەوە و تەنیا وەک کەسێک بە ناوی ئۆلیڤیێر ناوی هێناوە.

گرووپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن ئێران بۆ وەرگرتنی ئیمتیازات لە وڵاتانی دیکە لە ڕێوشوێنەکانی وەک گرتن و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی وڵاتانی دیکە کەڵک وەردەگرێت، تۆمەتێک کە ئێران رەتیدەکاتەوە.

لە دەیان ساڵی ڕابردوودا زۆرێک لە هاووڵاتیانی بیانی یان ئەوانەی ڕەگەزنامەی دوو وڵاتیان هەیە، لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە زیندانیکراون و دواجار بەرامبەر بە ئازادکردنی زیندانیانی ئێران لە وڵاتانی دیکە یان ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی لەلایەن ڕۆژئاواوە، ئازادی کردوون.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە سەرەتای مانگی شەشدا ڕایگەیاندبوو کە هیوادارە بێئازار "بە زووترین کات" ئازاد بکرێت و ئاماژەی بەوەشکردبوو کە وەزارەتەکەی "بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست تا ئەو کاتەی ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکە بەدەست دێت".

خاتوون تروسکە دەڵێت "وەک کەسێک کە لەلایەن بەشیر بێئازارەوە هەرەشەم لێکراوە، داوام کردووە ئەو کەسە دیپۆرت نەکرێتەوە و مامەڵەی سیاسی پێنەکریت، بەڵکو هەر لەم وڵاتە دادگایی بکریت و ڕووبەڕووی دەرنجامی کارەکانی ببێتەوە."

XS
SM
MD
LG