Accessibility links

ئەمنستی دەڵێت هەرێمی کوردستان شکستی هێناوە لە پاراستنی ڕزگاربوانی توندوتیژی خێزانی


به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، توندوتیژی خێزانی لە هه‌رێمی كوردستان بەردەوامە و "بەرپرسانی هەرێمی کوردستان شکستیان هێناوە لەوەی ئەنجامدەرانی توندوتیژییەکان، وەک کوشتن، دەستدرێژی سێکسی، لێدان و سوتاندن، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، هەروەها ئازادی ئەو کەسانە سنوردار دەکەن کە ڕزگاربووی توندوتیژییەکانن و داوای پاراستن لە سەنتەرەکانی داڵدەداندا دەکەن".

سەرەڕای هەندێک هەنگاوی یاسایی ئەرێنی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی گیراونەبەر، ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات نەبوونی ویستی سیاسی لەلایەن دەسەڵاتەوە هەیە بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی توندوتیژی خێزانی یان پشتگیرییەکی گونجاو بۆ ئەو ژنان و کچانەی کە بۆ پاراستنیان ڕوو لە دامەزراوە حکومییەکان دەکەن.

ئایە مەجزوب جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت " ڕزگاربووانی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە هەموو بارودۆخێکدا شکست دەهێنن. لەو ساتەوەی کە لە بارودۆخی خراپ هەڵدێن و ڕزگاریان دەبێت، ئەم ژن و کچانە زۆرجار ڕووبەڕووی بەربەستێکی گەورە دەبنەوە لە گەڕان بەدوای پاراستن و دادپەروەریدا کە دەیانخاتە مەترسییەوە و ڕێگە بە تاوانباران دەدات لە سزا ڕابکەن. "لە هەمان کاتدا، ئەو ڕزگاربووانەی کە داوای پاراستن دەکەن لە سەنتەرەکانی داڵدەداندا ڕووبەڕووی بارودۆخی هاوشێوەی زیندان دەبنەوە، کە لە هەندێک حاڵەتدا ژنان و کچان ناچار دەکات بگەڕێنەوە بۆ ئەو بارودۆخەی کە تێیدا بوون."

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە هەرێمی کوردستان یاسایەکی پێشکەوتنخوازانەی لەسەر توندوتیژی خێزانی دەرکردووە کە لە عێراقدا هاوتای نیە، لەگەڵ ئەوەشدا لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەریانخستووە کە یاساکە لە ئێستادا هیچی واها کەمتر نیە لە نوسراوێکی سەر کاغەز.

ڕاپۆرتەکە داوا لە دەسەڵاتداران دەکات کە دەستبەجێ کۆتایی بە سزا نەدانی بکەرانی توندوتیژی خێزانی بهێنن، لەوانەش دڵنیابوون لەوەی کە لێکۆڵینەوەکان لە توندوتیژی خێزانی کاریگەرن و تیشک دەخەنە سەر ڕزگاربوان. دەسەڵاتداران دەبێت پرۆسەی ئاشتەوایی ئاچاری وەک مەرجی پێشوەختە بۆ ڕێوشوێنی تاوانکاری نەهێڵن. جگە لەوەش، حکومەتی هەرێم دەبێت بودجە بۆ ئەو دامەزراوانە زیاد بکات کە پشتیوانی ڕزگاربووانی توندوتیژی خێزانی دەکەن، مەرجەکانی فەرمانی دادگا و سکاڵای تاوانکاری فەرمی بۆ دەستگەیشتن بە سەنتەرەکانی داڵدەدان لاببات، هەروەها بارودۆخی ژیان لە پەناگەکان باشتر بکات”.

ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای چاوپێکەوتن لەگەڵ 57 کەس کراوە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و ئیداریی گەرمیان کە 15 ژنی ڕزگاربووی توندوتیژی خێزانی لەخۆ دەگرێت، هەروەها بەڕێوەبەر و کارمەندانی بەشی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان (DCVAW) و سەنتەرەکانی داڵدەدانی ژنان، کارمەندانی ڕێکخراوی ناحکومی، پارێزەران و بەرپرسانی حکومەت، لەنێویاندا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

توێژەرێکی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەردانی سێ، چوار سەنتەری داڵدەدانی ژنانی کردووە.

لەکاتێکدا ئامارێکی گشتگیر لەبەردەستدا نیە، بەڵام بەپێی ئامارەکانی بەرپرسانی حکومی کە لەلایەن ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییەوە ئاماژەی پێکراوە، لە ساڵی 2022دا لە هەرێمی کوردستان 44 حاڵەتی کوشتنی ژنان و لە ساڵی 2023دا 30 حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمار کراون.

کارمەندانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییان ڕاگەیاند کە ئامارە ڕاستەقینەکان لەوانەیە زۆر زیاتر بن. لەکاتێکدا لە ساڵی 2022، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان 15،896 سکاڵای توندوتیژی خێزانی پێگەیشتووە، بەڵام ئامارەکانی ساڵی 2023 بۆ لێبوردنی نێودەوڵەتی بەردەست نەبوون.

سیستەمی دادوەری

ڕاپۆرتەکە ئەو بەربەستە زۆرانە ئاشکرا دەکات کە ڕزگاربووانی توندوتیژی خێزانی لە هەوڵی دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەریدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. بەربەستێکی سەرەکی ئەوەیە کە ڕزگاربووان دەبێ خۆیان سکاڵای تاوانکاری لە دژی دەستدرێژیکارەکەیان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی داواکارانی گشتی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی توندوتیژی خێزانی بکەن و دەستیان بە خزمەتگوزارییەکان ڕابگات، لەوانەش شوێنی داڵدەدان، و زۆرێک لە ژنان لە تۆڵەسەندنەوە دەترسن یان لە هەڕەشە دەترسن، لەلایەن کەسی تاوانکارەوە یان خێزانەکەیەوە.

بەڕێوەبەرێکی سەرنتەرێکی داڵدەدان بۆ ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی حاڵەتی کچێکی هەرزەکاری باسکرد کە لەلایەن براکەیەوە "هەردوو گوێکانی بڕاون و قژی تاشیووە، دیارە لەبەر ئەوەی سۆشیال میدیای بەکارهێناوە". بەڕێوەبەرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دادوەر پێی وتوون کە دەبێت هانی خێزانی کچەکە بدەن بۆ ئەوەی بیبەنەوە. بەڵام براکەی کە ئەم کارەی کردووە هەرگیز دەستگیر نەکرا.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەو "لایەنگرییە" سه‌ركۆنه‌ دەکات کە هەندێک لە دادوەرەکان لە بەرژەوەندی دەستدرێژیکار و هێرشبەرەکان نیشانیان داوە و "ڕەوایی دەدات بە پاراستنی 'یەکە خێزانییەکان' لە بری پاراستنی ژنان"، هەروەها ڕێکخراوەکە "ئەو سزایانە سه‌ركۆنه‌ دەکات کە هاوتای قورسایی تاوانەکە نین".

XS
SM
MD
LG