Accessibility links

سیاسەتمەدارێکی عێراق: سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا ڕاگەیاندنی متمانەیە بە حکومەتەکەی سودانی


سیاسەتمەدارێکی دیاری عێراقی ڕایدەگەیەنێت، سەردانەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا، "ڕاگەیاندنی متمانەیە" بە حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

عیزەت شابەندەر، سیاسەتمەداری دیاری عێراقی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا سەردانێکی مێژوویی گرنگە و دوای دابڕانێکی زۆر ئەم هەنگاوەی نا، ئەم هەنگاوەش پێشەکی هەیە و دەرئەنجامی متمانەی نێوانیانە لەگەڵ حکومەتەکەی سودانی."

دەشڵێت، "سەردانەکە گرنگە بۆ یەکلایی کردنەوەی دۆسیە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و عێراق و خودی سەردانەکەش ڕاگەیاندنی متمانەیە. سەردانەکە ڕێگەی چارەسەر لە دوای دابڕانی نێوان بارزانی و سەرکردەکانی عێراق ئاسان دەکات."

ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی مانگی حەوتی 2024، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی شاری بەغدای کرد و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزایرانی عێراق و بەرپرسانی باڵای عێراق و لایەنە سیاسییەکاندا کۆبوویەوە.

لە میانی پێشوازیکردنیدا لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی، "گفتووگۆیەکی بونیاتنەرانەمان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی دۆسیە جیاوازەکان ئەنجامدا، هەنگاوی گرنگمان بڕیووە بۆ بونیاتنانی متمانە لە نێوان هەرێم و بەغدا و زۆر کێشەمان تێپەڕاندووە."

هاوکات مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "هەوڵەکانی شیاع سودانی وایکردووە کرانەوە دروست ببێت لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا."

سەردانەکەی مەسعود بارزانی بۆ بەغدا لە کاتێکدایە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە کۆمەڵێک قۆناغی ئاڵۆزدا تێپەڕی کردووە و لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆکی پێشووی هەرێمە بۆ بەغدا.

شوان محەمەد ڕۆستەم، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا سەردانێکی دیراسەکراوە و دوای ماوەیەکی زۆر لە دیراسەکردنی ئینجا ئەنجامدراوە، هەروەها ئەجێندای سەردانەکەش بە وردی دیاریکراوە. گەر دڵنیایی نەبووایە لە سەرکەوتنی ئەنجامەکەی سەردانەکە ئەنجام نەدەدرا."

دەشڵێت، "ئامانجی سەرەکی سەردانەکە کۆتایی هێنانە بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسییە گرنگەکانی نەوت، شایستە دارایی و یاسایی و دەستورییەکانی هەرێم. هەروەها لە سەردانەکەدا گفتووگۆ لەبارەی سەرۆکی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکرێت و هەوڵی تواندنەوەی بەستەڵەکی نێوان لایەنەکانیش دەدرێت."

سەردانەکەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا، دوای سەردانەکەی سەرەتای مانگی ڕابردووی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دێت بۆ ئێران، کە دەوترێت سەرەتا پارتی هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران داوە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارتی کە داوایکرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئامانجێکی سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا دروستکردنی پەیوەندی ڕاستەوخۆیە لەنێوان حکومەتی هەرێم و عێراق، تا خەڵکانێک بۆ دەستکەوتی حزبی و ئیمتیازی شەخسی چیتر نەتوانن کێشە دروستبکەن."

هەروەها وتیشی، "بارزانی دەیەوێت لە بۆچوونی بەغدا بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێم تێ بگات، ئەمە جگە لەوەی دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز تەوەرێکی تری گفتووگۆکانی دەبێت."

سەردانەکەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا هاوکاتە لەگەڵ خۆ ئامادەکردنی لایەنە کوردستانییەکاندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیارە لە ڕۆژی 20 ی مانگی 10 ی 2024 ئەنجام بدرێت.

سەرباری خۆ ئامادەکردنی لایەنەکان بۆ هەڵبژاردن، بەڵام هێشتا لای بەشێک لەو لایەنانە ترس هەیە لەوەی هێرشە پێشبینیکراوەکانی تورکیا بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دۆخێک دروست بکات نەتواندرێت هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێشبینی ناکەم هێرشی تورکیا هێندە فراوان بێت گرفت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروست بکات."

هەروەها وتیشی، "چەند ساڵە تەق و تۆق لەسەر سنورەکان و پەلاماردانی خاڵی سەربازی وونی هەیە و پێموانییە هێرشی گەورە ڕووبدات."

دوێنێ سێشەممە، 2ی مانگی 7ی 2024 ، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی بەغدایکرد، بەڵام بەشداری کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەتی بە ئامادەبوونی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نەکرد.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:41 0:00

XS
SM
MD
LG