Accessibility links

جارێكی تر سنوری پێنجوێن بۆردومانكرا و گوماندەکرێت فڕۆكەی جەنگی تورکیا هێرشەکەی ئەنجام دابێت


پێنجوێن
پێنجوێن

جارێكی دیكە سنوری گوندەكانی پێنجوێن بۆردومانكران وسەرچاوەیەكی باڵای ناوچەکەش بەدەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند: بۆدومانەكە بە "فڕۆكەی جەنگی" بووە و گوماندەکرێت لەلایەن توركیا ئەنجامدرابێت، وە بەهۆیەوە ترس و دڵەڕاوكێی گەورە لای گوند نشینان دروستبووە .

سەرچاوەیەكی باڵا لە قەزای پێنجوێن كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی مانگی حەوتی 2024، كاتژمێر 8:30 خولەكی ئێوارە، فڕۆكەیەكی جەنگی لە ڕێگەی بۆمبەوە، سنورەكانی نێوان گوندەكانی كانی ماران و ساڵیاوای لە قەزای پێنجونی سەربەپارێزگای سلێمانی بۆدومانكرد. هاوڵاتیانی گوندەكەش دەڵێن، نێوان گوندەكانیان بە بۆمبی گەورە بۆردومانكراوە و ترس و دڵەڕاوكێ لای گوندنشیان دروست بووە.

سەرچاوە باڵاکەی قەزای پێنجوێن بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "هێرشەكە جیاواز لە هێرشەكانی دیكە كە لە ڕێگەی درۆنەوە بوون، ئەم هێرشە لە ڕێگەی فڕۆكەی جەنگی بووە و بە بیاونوی بوونی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بە بەردەوامی ئەنجام دەدرێن."

ئەو سەرچاوە ئەوەشی ڕونكردەوە، "هیچ هاوڵاتیەكی مەدەنی بریندارنەبوو، بەڵام دەنگێكی گەورەی هەبووە و ئاگری لێكەوتوەتەوە، لەبەر ترسی بەردەوامی و دوبارەبوونەوەی بۆردومانەكە، هێزە ئەمنیەكان ناتوانن بچنە شوێنی بۆردومانەكە، لەم ساڵیشدا بەهۆی بەردەوامی بۆردومانەوە هاوڵاتیەكی مەدەنی گیانی لەدەستداوە."

تا بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، دەنگی ئەمەریکا سەربەخۆ نەیتوانیوە پشتڕاستی لێدوانەکەی بەرپرسەکەی پێنجوێن بکاتەوە لەسەر ئەوەی هێرشەکە لەلایەن تورکیا ئەنجامدرابێت. بەڵام لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا تورکیا هێرشی هاوشێوەی ئەنجامداوە بۆ بەئامانجگرتنی چالاکییەکانی پەکەکە.

بە گوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی (CPT)ی ئەمریكی ، سوپای توركیا لەمساڵدا 833 هێرش و بۆردومانی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە و لە ئاكامدا هەشت هاوڵاتی مەدەنی کوژراون.

چەند هاوڵاتیەك لە گوندەكانی كانی ماران و ساڵیاوە، بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوەكرد، بەهۆی بوونی جوڵەی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و بەردەوامی بۆردومانەكان، ناتوانن ژیانی ئاسایی ڕۆژانە و كاروباری كشتوكاڵ و ئاژەڵداری ئەنجام بدەن.

هاوڵاتیەكی گوندەكە لەبەر دۆخی ئەمنی نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "دەنگێكی گەورە هەموو دانیشتوانی گوندەكەی ڕاچڵەكاند، بە پێی ئەو بەردە گەورانەی فڕێی دان لە بۆمبی زۆر گەورە دەچێت، كە لەلایەن فڕۆكەیەكی جەنگی لە نێوان سنوری هەردوو گوندەكە درا. داوا لە دەسەڵاتداران دەكەین بێنە سنوری گوندەكەمان بەدواداچوون بكەن، هەندێك شوێن هەیە كە هاوڵاتی گوندەكەش ناتوانن بچنە ناویانەوە، لەبەر ترسی بۆردومان و بوونی هێزی چەكدار."

ئەو هاوڵاتیە وتیشی، " داوادەكەین هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان كە لەسنورەكەن، دوربخرێنەوە بۆ قەندیل یان شوێنێكی دورتر لە گوندەكەمان، لەبەر ئەوەی بەردەوام مەترسی لەسەر گوندەكانمان هەیە، تەنانەت كرێكاریش بۆ كاركردن نایەنە گوندەكە، ئەم ئێوارەیە هەندێك لە خەڵكی گوندەكە ئاژەڵەكانیان جێهێشتووە."

هاوڵاتیەكەی دیكەی گوندەكە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە ڕایگەیاند، "كوژراو بریندار لە هێرشەكەی توركیا هەیە بەڵام تا ئێستا ناسنامەیان ئاشكرا نەكراوە ".

سەبارەت بە هەبوونی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان سەرچاوە باڵاكەی دەنگی ئەمەریكا لە پێنجوێن ووتی، "هیچ بارەگایەكی پارتی كرێكاران لە سنورەكەماندا نیە، ئەوەی كە هەیە خەباتی پارتیزانیە و لە هەموو شوێنەكان هەیە، پێویستە توركیا بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ناوچەكە و سەروەری خاكی ناوچەكە بكات."

بە پێی بەدواداچوونەكانی دەنگی ئەمەریكا تا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە،هیچ بریندارێك نەگەیەنراوەتە ناوەندە تەندروستیەكانی پێنجوێن و بەرپرسانی ناوچەکە بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە.

ئەمە لە کاتێدایە ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز نزیك لە پەکەکە بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەمە توركیا بۆردوومانی سنوری گوندەكانی سڵێ و کورتەک لەبناری قەندیل و شاخی جاسوسان و کەنەماوی لە سنووری گوندی شێنێی سەر بە شارۆچکەی قەڵادزێ کرد.

XS
SM
MD
LG