Accessibility links

ژنێکی خەڵکی ڕەشت بە تۆمەتی چالاکی دژی ئێران لە ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵەوە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێندرێت


ڕێکخراو و ئاژانسە هەواڵییەکان ڕایدەگەیەنن شەریفە محەممەدی چالاکوانێکی کرێکاری خەڵکی ڕەشت لە لایەن دادگای شۆڕشی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لەرێگەی پەیوەندی لەگەڵ حزبی کۆمەڵە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، سزای ئەو چالاکوانە کرێکارییە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شاری ڕەشتەوە بە تۆمەتی "بەغی" یان "یاخیبوونی چەکداری دژی حکومەت" دەرچووە.

بەغی تۆمەتێکی ئاسایشی و ئەمنییە و بە پێی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەر جۆرە چالاکییەکی چەکداری دژ بە حکومەت و بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر ناوی 'بەغی' وەک تاوان پێناسەی بۆ دەکرێت کە بە پێی ماددەی 287 و 288 سزای ئیسلامی کۆماری ئیسلامی ئێران، سزاکەی یان لە سێدارەدان دەبێت یان سزای زیندانیکردنی درێژخایەن دەگرێتەوە.

'کەمپینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی'و 'کەمپینی بەرگریکردن لە شەریفە محەمەدی' هەواڵی دەرچوونی سزای لەسێدارەدانی ئەو چالاکوانەیان پشتڕاستکردوەتەوە. کەمپینی بەرگریکردن لە شەریفە محەمەدی جەختی لەوە کردوەتەوە کە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان لە دژی خاتوون شەریفە محەمەدی "راگەیاندنی شەڕ و دەرکردنی سزای لەسێدارەدانە لە دژی سەرجەم چالاکوانانی کۆمەڵایەتی و مەدەنی" و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایە و ئازادکردنی بێ مەرجی ناوبراوی کردووە.

دانیشتنی دادگای خاتوون شەریفە محەمەدی کە لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەرکرا، لە سەرەتاکانی مانگی شەشی ئەمساڵ و دوای شەش مانگ لە دەستبەسەربوونی لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری ڕەشتەوە بەڕێوەچوو. دادوەر لە دانیشتنی دادگاکەدا لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێکی وەزارەتی ئیتلاعات و هەواڵگری ئێران کە دەڵێت ئەو چالاکوانە ئەندامی لیژنەی هەماهەنگی بووە بۆ یارمەتیدان و دروستکردنی ڕێکخراوی کرێکاری کە لەلایەن ئاسایش و ئیتلاعاتی ئێرانەوە وەک گروپێکی سەر بە حزبی کۆمەڵ ناسێندراوە، تۆمەتی 'بەغی' بەسەر محەمەدیدا سەپاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی خاتوو محەمەدی پێشتر بە ئاژانسە هەواڵییەکانی ڕاگەیاندبوو کە لەکاتی دەستبەسەرکردنی ئەو چالاکوانە کە دایکی منداڵێکی تەمەن 12 ساڵیشە، هێزەکانی ئاسایش فەرمانی دەستگیرکردنەکەی ناوبراویان پیشانی محەمەدی و هاوسەرەکەی داوە کە تێیدا باس لەوە کراوە ناوبراو بە تۆمەتی پەیوندی بە حزبی کۆمەڵەوە فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ دەرچووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە "تۆمەتی قورسی پەیوەندیکردن بە کۆمەڵەوە بۆ شەریفە محەمەدی چالاکوانی کرێکاری خەڵکی ڕەشت لە کاتێکدایە کە ئەو چالاکوانە جگە لە چالاکی سەندیکاکان هیچ چالاکییەکی دیکەی نەبووە."

دوابەدوای بەرزبوونەوەی نرخەکان و ڕێژەی هەڵاوسان لە ساڵانی ڕابردوودا لە ئێران، چالاکی سەندیکا و گروپە جۆراوجۆرەکان لەوانە سەندیکای کرێکاران و مامۆستایان و خانەنشینان لەو وڵاتە زیاتر بووە و چالاکییەکان بەتایبەتی دوای دوایین ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ئێران زیاتر پەرەی سەندووە، بەڵام لەگەڵ سەرکوتکردنی توندی حکومەتدا ڕووبەڕووی بووەتەوە.

شیرین عیبادی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و بەرپرسی ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ئەمڕۆ پێنجشەممە،4ی مانگی حەوت لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسیویەتی "سبەی خولی دووەمی هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی بەڕێوەدەچێت". "کۆماری ئیسلامی تەنها یەک ڕۆژ پێش ئەم هەڵبژاردنانە سزای لەسێدارەدان بۆ شەریفە محەمەدی، چالاکوانی سەربەخۆی کرێکاری دەرکردووە".

دەشڵێت "لە کوێی جیهاندا هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی سەندیکاکانی کرێکاران تاوانە؟" و عیبادی جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە بە زووترین کات سزاکەی شەریفە محەمەدی هەڵبوەشێتەوە و بەبێ مەرج ئازاد بکرێت".

XS
SM
MD
LG