Accessibility links

کەنەدا بڕیاری دیپۆرتکردنەوە بۆ برای دوو بەرپرسی باڵای ئێران دەردەکات


حکومەتی کەنەدا دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی خستە نێو لیستی گرووپە تیرۆریستەکانی ئەو وڵاتە، ڕۆژی پێنجشەممە، 4ی مانگی حەوت فەرمانی دەرکردنی باقر ئەردەشیر لاریجانی، برای سادەق لاریجانی و عەلی لاریجانی دەردەکات. سادەق لاریجانی سەرۆکی پێشووی دەزگای دادوەری ئێران و سەرۆکی ئیستای 'ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی مەسڵەحەتی نیزام'ە و هەروەها عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان و ڕاوێژکاری ڕێبەڕی ئێران و ئەندامی ئەو ئەنجومەنەیە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی کەنەدا، باقر ئەردەشیر لاریجانی تەمەن 62 ساڵ کە لە مانگی نۆی ساڵی 2017 لەگەڵ هاوسەر و کوڕەکەی بۆ نیشتەجێبوونی هەمیشەیی هاتۆتە کەنەدا، سزای دیپۆرتکردنەوەی لەو وڵاتە بەسەردا سەپێنراوە.

ڕاگەیەندراوەکە باس لەوە دەکات کە بەشی تانەدانی ئیدارەی کۆچ و پەنابەرانی حکومەتی کەنەدا، داوای باقر ئەردەشیر لاریجانی بۆ مانەوە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دیپورتکردنەوەکەی کە لە مانگی یەکی ئەمساڵ دەرچووە، ڕەتکردووەتەوە.

باقر ئەردەشیر لاریجانی لە ژێرناوی لێهاتوویی کەسی وەک پزیشک لە هاوینی 2017 لەگەڵ هاوسەر و کوڕەکەی بۆ نیشتەجێیبوونی هەمیشەیی ڕۆیشتوونەتە کەنەدا. ئێستا کوڕە تەمەن 30 ساڵەکەی هاووڵاتی کەنەدایە و داواکاری هاوسەرەکەشی بۆ وەرگرتنی ڕەگەزنامە لەژێر تاوتوێدایە.

کچەکەی لاریجانی کە لە هەمان ساڵدا بووە بە دانیشتووی هەمیشەیی کەنەدا، لە ساڵانی ڕابردوودا گەشتی بۆ ئەمەریکا کردووە و لە ئەمەریکا دەژیت.

حکومەتی کەنەدا ڕۆژی سێشەممە 2ی مانگی حەوت ڕایگەیاند کە پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی پێنج ئێرانی کە گومانی هاوکارییان لەگەڵ حکومەتی ئێران لێدەکرێت، لە کەنەدا دەستیپێکردووە. بەڵام دەسەڵاتدارانی ئیدارەی کۆچبەران ناوی ئەو کەسانەیان بۆ میدیاکان نەخستەڕوو.

تەلەفزیۆنی گڵۆباڵ نیوزی کەنەدا لە زاری دەزگای خزمەتگوزاریی سنوورەکانی وڵاتەوە بڵاویکردەوە ئەم گومانلێکراوانە بەرپرسی باڵای حکومەتی سەرکوتکەری ئێران بوون.

حکومەتی کەنەدا ڕۆژی چوارشەممە 19ی مانگی شەش ڕایگەیاند بە پێی یاسا و ڕێسا تاوانکارییەکانی ئەو وڵاتە، سوپای پاسدارانی ئێرانی خستوەتە لیستی گرووپە تیرۆریستیەکانی ئەو وڵاتە.

ناساندنی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی وەک تیرۆریست لە لایەن حکوومەتی کەنەدا، کاردانەوەی ئەرێنی چالاکانی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆڤ و کەسایەتییە دیارەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی لێکەوتەوە و زۆرێک داوایان کردووە ئەوروپا و ئوسترالیاش هەمان کار بکەن.

XS
SM
MD
LG