Accessibility links

حزبوڵا و حەماس تاوتوێی پێشنیارەکانی ئاگربەست لە غەززە دەکەن


کۆبوونەویە بەرپرسانی حزبوڵا و حەماس
کۆبوونەویە بەرپرسانی حزبوڵا و حەماس

حزبوڵای لوبنان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە حەسەن نەسروڵا، ڕێبەری حزبوڵا و خەلیل ئەلحەیا بەرپرسی باڵای بزووتنەوەی حەماس کۆبوونەوە و بارودۆخی غەززە و دانوستانەکانی ئاگربەستیان تاوتوێ کردووە.

بەپێی ڕاگەیاندنەکەی حزبوڵا، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، نەسروڵا و حەیا، جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس، دوایین دۆخی سیاسی غەززە و ئاسایشی غەززەیان تاوتوێ کردووە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە نەسروڵا و حەیا تاوتوێی پێشنیازەکانی ئاگربەستیان بۆ لە غەززە کردووە.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکایی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە حەماس گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە هەڵوێستی خۆیدا بۆ دانوستانەکان کردووە و ڕایگەیاندووە کە هیوادارن ئەم گۆڕانکارییە ببێتە هۆی ئاگربەستێکی هەمیشەیی.

حزبوڵا و حەماس هەردووکیان لەلایەن ئەمەریکاوە بە گروپی تیرۆریستی دادەنرێن.

حزبوڵا و ئیسرائیل لە مانگی دەی ڕابردووەوە و هاوکات لەگەڵ شەڕی غەززە لەسەر سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل شەڕ دەکەن، ئەمەش نیگەرانی فراوانبوونی ململانێکانی ناوچەکەی لێدەکەوێتەوە.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسرائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 38,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG