Accessibility links

مەسعود پزشکیان دەبێتە براوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران


وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند مەسعود پزشکیان لە گەڕی دووهەمی دەنگدانی سەرۆکایەتی بووە بە براوەی هەڵبژاردنەکان و بەم شێوەیەش دەبێتە جێگرەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی و نۆیەمین سەرۆکی کۆماری ئێران.

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، 6ی مانگی حەوت بارەگای "هەڵبژاردنەکان" ڕایگەیاند کە 30,530,175 دەنگیان ژماردووە کە لەو ژمارەیە مەسعود پزسکیان 16,384,403 دەنگ و سەعید جەلیلی 13,538,179 دەنگی بەدەستهێناوە.

موحسین ئیسلامی، وتەبێژی مەڵبەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران ڕایگەیاند، ڕێژەی بەشداریکردن لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران %49.8 بووە.

مەسعود پزشکیان سەعاتێک دوای ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا لە پەیامێکی کورتدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسی "سوپاس بۆ ئێران، خوڵی ژێر پێی گەلی ئێرانم."

ئەو نووسیویەتی"ڕێگای سەختی پێشەوەمان بە بێ یارمەتی و هاوسۆزی و متمانەی ئێوە، بە ئاسانی نابڕدرێت و دەستی یارمەتییان بۆ درێژ دەکەم و سوێند بە شەرەفم دەخۆم لەم ڕێگایەدا بەجێتان ناهێڵم."

گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 5ی مانگی حەوت دوای گیانلەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران بە شێوەی پێشوەختە بەڕێوەچوو.

گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکە، هەفتەیەک لەمەوبەر بە کەمترین ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵکی ئێران لە هەڵبژاردنەکاندا بەڕێوەچوو. گەڕی دووهەمیش لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە بە پێی تێبینی زۆرێک لە خەڵک و ڕۆژنامەنووسانی ئێران و ناوچەکانی دیکەی جیهان، ڕێژەی بەشداریکردنەکە زۆر کەمتر لەوەیە کە حکومەت ڕایگەیاندووە.

ئەو ئامارانەی کە لە لایەن دامودەزگا ئەمنیەتی و حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕاگەیەندراون، هەمیشە جێگەی گومانی شارەزایان بووە و ڤیدیۆ و گرتە بڵاوکراوەکانیش باس لە بەشداریی زۆر کەمی خەڵک لە دەنگدانی سەرۆکایەتیدا دەکەن.

دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئامارەکانی حکوومەت سەبارەت بە ڕێژەی بەشداریکردن، ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانانی سیاسی، بە پێی تێبینییەکانیان و پێشوازی سارد و سڕی ناو کۆمەڵگە لە هەڵبژاردنەکان، کۆماری ئیسلامییان بە دەستێوەردان و دەستکاریکردن ئامارەکانی دەنگدان تۆمەتبار کرد.

پێش هەردوو گەڕی دەنگدانەکە، زۆرێک لە کەسایەتییەکان، چالاکوانان، ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیانی سیاسی، ئەوەی کۆماری ئیسلامی بە "هەڵبژاردن" ناوی دەبات، بە "سێرک" یان "شۆی هەڵبژاردن"یان لە قەڵەم دا و خوازیاری بایکۆتکردنی بوون.

هەڵبژاردن لە ئێراندا بە دوور لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچێت و دەنگدەران ناچارن تەنیا لە نێو ئەو کاندیدانەی کە لە لایەن ئەنجوومەنی پارێزەرانەوە(شورای نیگەهبان) قەبووڵ دەکرێن، دەنگ بە کەسی دڵخوازی خۆیان بدەن.

بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ماوەی سەرۆکایەتی لە ئێران چوار ساڵە، کە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دیاریکردنی سەرۆککۆمار و دوای واژۆکردنی بڕوانامەکانی لەلایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە دەست بە کارەکەی دەکات.

XS
SM
MD
LG