Accessibility links

ئێران کوردێکی خاوەن ڕەگەزنامەی نەرویجی دەستگیر دەکات


کوردێکی خەڵکی شاری سەردەشت کە هەڵگری ڕەگەزنامەی نەرویجە، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر دەکرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە هادی زاهیری کە کوردێکی وەرزشوان و ڕاهێنەری لەشجوانییە لە وڵاتی نەرویج، لە کاتی گەشتکردنی بۆ ئێران لە شاری سەردەشت دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

بە پێی هەواڵەکەی هەنگاو، ناوبراو هەفتەی ڕابردوو یەکەمجار بانگهێشتی دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی شاری سەردەشت کراوە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە و دواتر لە هەمان ڕۆژەدا لەلایەن ئاسایشەوە لە ماڵی باوکیدا دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی هادی زاهیری، هێزەکانی دەزگای هەواڵگری هەروەها دەستیان بەسەر پاسپۆرتەکەی ناوبراو و هاوسەرەکەی و دوو منداڵەکەیدا گرتووە.

هادی زاهیری کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئێرانی و هەروەها نەرویجە، دوای 17 ساڵ ژیان لە وڵاتی نەرویج، مانگی ڕابردوو بۆ سەردانی بنەماڵەکەی و کەسوکارەکەی گەشتی ئێرانی کردووە و چووەتە شاری سەردەشت.

هەنگاو نووسیوێتی هادی زاهیری وەرزشوان و ڕاهێنەرێکی پرۆفیشناڵە لە بواری وەرزشی لەشجوانیدا و لە پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکانیشدا خەڵاتی جۆراوجۆری بەدەستهێناوە.

تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردن و تۆمەتەکانی سەر هادی زاهیری لەبەردەستدا نییە.

ژمارەیەک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران هاووڵاتیانی بیانی بە تایبەت هاووڵاتییانی خاوەن دوو ڕەگەزنامە دەستبەسەر دەکات بۆ ئەوەی لەکاتی پێویستدا وەک بارمتە بۆ وەرگرتنی خاڵی سیاسی کەڵکیان لێوەرگرێت.

XS
SM
MD
LG