Accessibility links

تورکیا هێرشەکانی بۆ ناو قوڵایی هەرێمی کوردستان چڕتر دەکاتەوە


ئەندامێکی تیمی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی ڕایدەگەیەنێت، تورکیا شەڕی لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ نێو گوندەکان گواستووەتەوەو لە هەندێک ناوچە 8 کیلۆمەتری تر هاتووەتە نێو قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تورکیا شەڕی لە ناوچە شاخاوییەکانەوە بۆ ناو گوندە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان گواستووەتەوە. لە ئێستادا بەشێکی کەمی چیای مەتین ماوە لەلایەن سوپای تورکیاوە کۆنترۆڵ بکرێت، پلانی داهاتووی تورکیا کۆنترۆڵکردنی چیای گارەیە، گەر لەلایەن پەکەکەوە ڕێگری لێنەکرێت."

تورکیا لە ڕۆژی 15 ی مانگی 6 ی 2024ەوە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی زەمینی نوێی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و بەپاساوی لێدان لە هێزەکانی پەکەکە دەستپێکردووە، ئۆپەراسیۆنە نوێیەکە ناوچەکانی پارێزگای دهۆکی گرتووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، تورکیا لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەوە 238 بۆردومان و هێرشی ئەنجامداوەو زۆربەی هێرشەکان کراونەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دهۆک.

کامەران عوسمان دەڵێت، "تورکیا لە ناوچەی کانی ماسی لە بەرواری باڵا 15 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێم، پێشتر 7 کیلۆمەتر هاتبوو، بەڵام لەم ئۆپەراسیۆنە نوێیەدا 8 کیلۆمەتری تریش پێشڕەوی کردووە. تورکیا هێزی بردووەتە سەرگەلێ کە شەش کیلۆمەترو نیو لە قەزای ئامێدییەوە دوورەو لەناوچەکانی پشتەوەی ئامێدیش 3 کیلۆمەتر هاتووەتە پێش."

دەشڵێت، "تورکیا بە فڕۆکە سەرباز دادەبەزێنێت بۆ ناوچەکانی ئامێدی و لە ناوچەی بامەڕنێشەوە سەرباز بۆ ناوچەکانی تر دەگوێزێتەوە. تا ئێستا دوو گوند بەتەواوەتی چۆڵکراون و 8 گوندی تریش نزیکن لە چۆڵبوون."

ڕۆژی 22 ی مانگی چواری 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی عێراقی کردو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق 26 ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لەبوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، ڕێگەی گەشەپێدان و چەند بوارێکی دیکە واژۆ کرد.

سەرچاوەیەکی سیاسی نزیک لە حکومەتی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هێرشەکانی تورکیا بە ڕەزامەندی حکومەتی عێراق ئەنجام دەدرێن و بەشێکن لەو ڕێککەوتنە هەمەلایەنەی لەکاتی سەردانەکەی ئەردۆغاندا بۆ عێراق واژۆ کرا."

سەرچاوەکە وتیشی،"پێچەوانەی حکومەتی عێراق، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق نیگەرانە."

محەمەد شەمەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هێرشەکانی تورکیای بە داگیرکاری وەسفکردووەو ڕایگەیاندووە،"لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارو پێشنیاری خۆی دەبێت لەبارەی هاتنە ناوەوەی مەترسیداری لەشکری تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق."

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئامانجی سەرەکی تورکیا لە لەشکرکێشییە نوێیەکەی کۆنترۆڵکردنی ناوچە بەرزو ستراتیژییەکانە، بە ئامانجی بڕینی پەیوەندی نێوان چەکدارانی پەکەکەو دابڕاندنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەم هێزە کوردییە لەیەکتری.

هەرچەندە پاساوی تورکیا بۆ ئەنجامدانی لەشکرکێشییە نوێیەکەی چەکدارانی پەکەکەیە، بەڵام چاودێران پێیانوایە تورکیا دەیەوێت بەتەواوەتی بێتە نێو قوڵایی هەرێمی کوردستانەوە و هێزی زیاتر جێگیربکات.

دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیوایە تورکیا هێرشەکانی بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق دەستپێکردووەو پێناچێت هەرێمی کوردستانیش لاری هەبێت.

دکتۆر مەحمود عوسمان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "عێراق و تورکیا لیژنەی باڵای هاوبەشیان هەیە، ڕەنگە تورکیا بیەوێت بەردەوام بێت لە هێرشەکانی تا ئەوکاتەی لەلایەن عێراقەوە داوای ڕاگرتنی لێدەکرێت."

لەکاتێکدا هێرشەکانی تورکیا نیگەرانی و ناڕەزایەتی زۆریان لەناو هەرێم و بەتایبەت ناوچە سنورییەکان دروستکردووە، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هۆکاری لەشکرکێشییەکانی تورکیا دەخەنە ئەستۆی چەکدارانی پەکەکە گوایە بیانووی داوەتە دەست دەوڵەتی تورکیاوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:19 0:00
XS
SM
MD
LG