Accessibility links

سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوە دەکات چەند ئەندامی پارتێکی کوردی لە پێکدادانێکدا لەگەڵ ئەو هێزە، کوژراون و بریندار بوون


ماڵپەڕی تۆری مافی مرۆڤی کوردستان ڕایدەگەیەنێت هێزەکانی بارەگای حەمزەی سوپای پاسداران، گوندی 'تاژاندەرە'ی شاری شنۆیان گەمارۆ داوە و لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئەندامانی حزبێکی ئۆپۆزسیۆنی کوردی، تێکهەڵچوون.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە هەواڵەکەیدا نووسیوێتی لەو پێکدادانەدا کە سەرلەبەیانی ڕۆژی سێ شەممە، 9ی مانگی حەوت ڕوویداوە و چەند کاتژمێرێکیش بەردەوام بووە، لانیکەم کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش دوای برینداربوونی لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکراوە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی سەر بە سوپای قودسی سوپای پاسداران دوای پێکدادانەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، ڕایگەیاندووە "تیمێکی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەنیازبوون لە سنوورەکانی باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەوە بێنە ناو خاکی ئێران، کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی بارەگای حەمزەی سوپای پاسداران و لە ڕێگەی هێزەکانمانەوە لەناوچوون."

بارەگای حەمزەی سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوەکەیدا بە بێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی قوربانییەکان بکات، تەنها نووسیوێتی چەند ئەندامێکی گرووپێکی ئۆپۆزسیۆن بە دەستی هێزەکانیان کوژران و برینداربوون.

بە پێی هەواڵەکەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، کاروانێکی هێزە سەربازییەکانی سوپای پاسداران بە چەکی سووک و نیمچە قورسەوە، گوندی تاژاندەرەی سەر بە شنۆیان گەمارۆداوە و لەگەڵ گرووپێکی چەند کەسی حزبە کوردییەکان تێکهەڵچوون و هێزەکانی سوپای پاسداران یەکێک لە خانووەکانی ئەو گوندەی بە چەکی ئار پی جی کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا کەسێک کە ناسنامەکەی هێشتا دیار نییە کوژرا و کەسێکی دیکەش دوای برینداربوونی لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستگیر کراوە.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی کوردپاش لە راپۆرتێکدا بە هەندێ جیاوازییەوە، هەواڵی هێرشی هێزەکانی ئێرانی بۆ سەر گوندی تاژاندەرەی شنۆ پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام ئەو ئاژانسە هۆکاری هێرشی هێزەکانی ئیرانی بۆ سەر ئەو گوندە گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو هێزانە ویستویانە دەست بەسەر کاڵا و شتومەکی کاسبکارانی کوردا بگرن. ئەو ئاژانسە هەروەها لە زاری هەندێ سەرچاوەوە ڕایگەیاندووە رەنگە هۆکاری دیکەی هێرشی هێزەکانی ئێران، بوونی ئەندامانی پارتێکی کوری بووبێت لەو ناوچەیە.

تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ پارت و لایەنێکی کوردی بە فەرمی هەواڵی پێکدادانی ئەندامەکانیانی لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداران پشتڕاست نەکردووەتەوە.

بارەگای حەمزەی سەیدولشوهەدا کە بنکەکەی لە شاری ورمێیە، یەکێکە لە ناسراوترین بارەگاکانی سوپای پاسداران کە لە ساڵی 1981 دوای دەستپێکردنی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و ئەندامانی پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن دامەزراوە.

ئەم بەشەی سوپای پاسداران تەنها بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنە لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستان.

XS
SM
MD
LG