Accessibility links

نێوەندێکی داکۆکیکاری سڤیلی: نزیکەی 40 تەرم لە دوو ناوچەی غەززە دۆزراونەتەوە


نێوەندێکی داکۆکیکاری سڤیلی لە کەرتی غەززەی ژێر فەرمانڕەوایەتی حەماس دەڵێت لە گەڕانێکی بەراییدا، نزیکەی 40 تەرم دۆزراونەتەوە لە دوو ناوچەدا پاش کۆتاییهاتنی هێرشەکانی سەربازەکانی ئیسرائیل.

مەحمود باسل، وتەبێژی ئەو نێوەندە دەڵێت تەرمەکان لە ناوچەکانی تەل ئەلهەوا و ئەلسینا دۆزراونەتەوە.
نێوەندی داکۆکیکاری سڤیلی و دانیشتوانی ئەو ناوچانەش دەڵێن هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل کشاونەتەوە پاش چەند ڕۆژێکی شەڕ لەگەڵ چەکدارەکانی حەماسدا. ئەم هەواڵە، دەستبەجێ لەلایەن لەشکری ئیسرائیلەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

باسل لە لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێس دەڵێت "تا ئێستا نزیکەی 40 تەرم دۆزراونەتەوە و لەوانەشە دەیان تەرمی تریش لەژێر داروپەردووەکاندا بن و هێشتا دەرنەهێندراونەتەوە."

هەر لەم هەفتەیەدا بوو، هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل چوونە ناوچەی تەل ئەلهەوا و فرمانیشیان دابوو بە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کە هەتا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ئەو ناوچەیە جێبهێڵن و چۆڵی بکەن.

تەلئەڤیڤ، چەندان جار ئاگاهیداوە تەواوی شاری غەززە ناوچەیەکی مەترسیدارە و بە زۆنی شەڕیش ناودێری کردووە.

مەحمود باس لە درێژەی لێدوانەکەشید، ئاماژەی بەوە کردووە چونکە ژمارەی کارگوزارانی ڕیکخراوەکەی کەمن، داوای یارمەتییان کردووە، بەڵام هیچ یارمەتییەکیان پێنەگەیشتووە بۆ گەڕان بەناو داروپەردووی پاش شەڕەکاندا.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG