Accessibility links

دانۆڵد ترامپ کاندیدی خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەستنیشان دەکات


دانۆڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند سیناتۆر جەیمس دەیڤد ڤانس کە بە "جەی دی ڤانس" ناسراوە وەک کاندیدی خۆی بۆ جیگری سەرۆک دەستنیشانکرد.

ئەم سیناتۆرە گەنجە تەمەن 39 ساڵە کە نوێنەرایەتی خەڵکی ویلایەتی ئۆهایۆ دەکات لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا، پێشتر ڕەخنەی لە ترامپ دەگرت، بەڵام ئێستا هاوپەیمانێکی دڵسۆزێتی.

ترامپ لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی تروث نووسیویەتی،" لە پاش مشتومڕ و بیرکردنەوەی دورودرێژ و لەبەرچاوگرتنی توانا و لێهاتووی زۆر کەس، بڕیارم دا کە گونجاوترین کەس بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا سیناتۆر جەی دی ڤانسی ویلایەتی مەزنی ئۆهایۆ."

جەی دی ڤانس لە سەردمی شەڕی ڕزگارکردنی عێراق لە ڕژێمی سەدام حسێن لە ساڵی 2003، سەربازی هێزی مارینز بووە و وەک ڕۆژنامەوانی سەربازی کاری کردووە. پاشان کە گەڕاوەتەوە درێژەی بە خوێندنی خۆی داوە لە زانکۆی ئۆهایۆ و لەوێ لە ساڵی 2009 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسییەکان و فەلەسەفە بەدەستهێناوە. دواتر چووەتە زانکۆی یێڵ لە ویلایەتی کەنێتیکت و لەوێش بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسا بەدەستهێناوە.

دەستی نووسینی هەیە و پەرتوکێکی بە ناوی Hillbilly Elegy نووسیوە کە تیایدا باس لە یادەوەرییەکانی دەکات. ئەم پەرتووکە زۆرترین فرۆشی هەبووە لە ساڵی 2016 لە نێو ئەو پەرتوکانەی سەبارەت بە یادەوەرین.

جەی دی ڤانس و ئوشا چیلوکوری کە هاوڕێی زانکۆیەتی و بە ڕەچەڵەک هیندییە، لە ساڵی 2014 وە هاوسەرگیریان کردووە و ئێستا خاوەنی 3 منداڵن.

سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG