Accessibility links

ڕۆژێک دوای داواکەی ڕێکخراوەکان لە پزشکیان بۆ باشترکردنی دۆخی کۆڵبەران،3 کۆڵبەری دیکە دەکوژرێن و بریندار دەبن


ڕۆژێک دوای داواکاری دوو ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە سەرۆکی نوێی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە کوژرانی کۆڵبەران، ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنن کۆڵبەرێکی گەنجی کورد بە ناوی کیان زەینی بە تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت کوژراوە و چەند کۆڵبەرێکیش بریندارکراون.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بەم بابەتە بڵاویانکردووەتەوە ڕۆژی سێشەممە، 16ی مانگی حەوت دەستەیەک کۆڵبەر لەناوچە سنوورییەکانی قەندیل لە سەردەشت کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران و لەئەنجامی تەقەکردنی ئەو هێزانەشدا، کیانی زەینی کوژراوە و دوو کۆڵبەری دیکەش بە قورسی بریندار بوون.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، جگە لە کوژراونی کیان زەینی تەمەن 19 ساڵ کە خەڵکی گوندی 'کۆترلە'ی سەردەشتە، دوو برای دیکە بەناوەکانی پەیمان قادری و کەیوان قادریش بە قورسی برینداربوون.

ڕێکخراوی هەنگاو لە هەواڵێکی دیکەدا سەبارەت بە کۆڵبەران ڕۆژی دووشەممە،15ی مانگی حەوت بڵاویکردووەتەوە دوو کۆڵبەری دیکەی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی هەورامان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تەقەیان لێکراوە و بە قورسی بریندار بوون.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو، ئەحمەد مەلایی، خەڵکی سەلاسی باوەجانی لە سنووری نەوسوود و محەمەد دەری، خەڵکی مەریوان لە ناوچەی نۆدشە، تەقەیان لێکراوە و برینداربوون.

دوایین ڕووداوی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لەکاتێکدایە کە ڕۆژی دووشەممە، دوو ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ داوایان لە سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئێران، مەسعود پزشکیان کردبوو پرسی کۆڵبەران چارەسەر بکات و ڕێگری لە کوشتنیان بکات.

ڕێکخراوەکانی ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ(HRW) و ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ (CSHR) ڕۆژی دووشەممە 15ی ئەم مانگە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و تیایدا داوایان لە مەسعود پزشکیان سەرۆککۆماری نوێی ئێران کرد بەدواداچوونی بۆ پرسی کۆڵبەران بکات و ڕێگری لە کوشتن و هەراسانکردنیان بکات.

محەمەد هۆژەبری، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای بەشی کوردی دەڵێت "دوایین ڕووداوی کوشتن و برینداربوونی کۆڵبەران ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران نایهەوێت بگۆڕدرێت و هیچ گۆڕانکارییەک لە خۆیدا دروست ناکات و بە گۆڕینی شەخس و کەسایەتییەکی سیاسی، ڕێفۆرم لەو وڵاتەدا نایەتە ئاراوە، بەتایبەت بەرامبەر بە مافی کەمایەتییەکان، لەوانەش کورد."

محەمەد هۆژەبری
محەمەد هۆژەبری


بەڕێز هۆژەبری دەشڵێت "کۆماری ئیسلامی ئێران لەوەتای هاتنەسەرکاری یەک ڕوانگەی بەرامبەر بە کوردان هەبووە، ئەویش ڕێگریکردن و سنووردارکردنیان بووە لە بوارە جیاجیاکانی وەک ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و زۆر شتی دیکە. ڕوانگەی ئاسایشی ئەو سیستەمە بەرامبەر بە کورد بە شێوەیەک زاڵە کە تەنانەت کۆڵبەریشیان پێ ڕەوا نابینێت و پەیداکردنی پارویەک نان بە وەرگرتنی ژیانی کۆڵبەران کۆتایی پێدێت بۆیان."

مەسعود پزشکیان لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردنیدا لە شاری سنە ڕایگەیاند و گوتی "شەرمەزارییە گەنجەکانمان بۆ پارچە نانێک دەکوژرێن. پێویستە کاروباری سنوورەکان بە شێوەیەک بەڕێوەببرێن کە بازرگانی بهێنێتە ئاراوە، نەوەک کۆڵبەری."

محەمەد هۆژەبری دەڵێت "ئەو قسانەی پزشکیان لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیدا سەبارەت بە دەستەبەرکردنی مافی کەمایەتییەکان، تەنیا سیناریۆ و نواندنێک بوو بۆ ڕاکێشانی دەنگی خەڵک و شانۆی هەڵبژاردن، چوونکە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئەوەی بۆ دەرخستووین کە سەرۆککۆمار لەو وڵاتەدا، تەنها جێبەجێکارێکی پلان و فەرمانەکانی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ناتوانێت ڕۆڵێکی لە دەرەوەی ئەوە هەبێت" و دەشڵێت "دڵنیام نەوەک کرانەوەیەک لە سەردەمی پزشکیاندا نایەتە ئاراوە بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکە، بگرە لەڕێگەی کەسێکی وەک ئەوەوە کە بانگەشەی نزیکایەتی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێران دەکات، زیاتر و زۆرتر بە بێدەنگی نەتەوەکانی دیکە بچەوسێننەوە و مافەکانیان پێشێل بکەن."

ناهید نەقشبەندی، بەرپرسی توێژینەوەی ئێران لە ڕێکخراوی ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەکەیاندا بۆ پزشکیان ڕایگەیاندووە "کۆمەڵگەی پەراوێزخراوی کورد لە ئێران تەنها بەهۆی نەبوونی دەرفەتی ئابووری و هەلی کارەوە، بە شێوەیەکی یاسایی یان نایاسایی لە ناوچە سنوورییەکانەوە پەنا بۆ گواستنەوەی کەلوپەل دەکەن" و داوا لە مەسعود پزشکیان دەکات ئەولەویەت بدات بە باشترکردنی مامەڵەی حکومەت لەگەڵ کەمایەتییەکان، لەنێویاندا کوردانی دانیشتووی سەر سنوور."

ڕێکخراوی کوردپا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی چوارشەممە، 10ی مانگی حەوت لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی 6 مانگی یەکەمی ساڵی 2024دا، 33 کۆڵبەر کوژراون و 254 کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوەیە، 14 لە کوژراو و برینداربووەکان، کۆڵبەری خوار تەمەن 18 ساڵ بوون.

کوردپا ئاماژەی بەوەداوە کە زیاتر لە 74%ی کۆڵبەرەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون.

ئەو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤ نووسیویەتی "لە ماوەی 12ساڵی ڕابردوودا (2023-2012)، 589 کۆڵبەر کوژراون و 1617 کۆڵبەریش برینداربوون کە 40یان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوە بووە و زۆرینەشیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران کوژران و بریندار بوون.

ڕێکخراوی کوردپا سەبارەت بەو ئامارانەی لە ڕاپۆرتەکەیدا بڵاوکراونەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە کە "ئەم ئامارانە لەسەر بنەمای حاڵەتە تۆمارکراوەکان و پشتڕاستکراوەکان بڵاودەکرێنەوە" و "ڕەنگە ئامارە ڕاستەقینەکان بەهۆی سەرکوتی حکومەت و نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن وهەروەها نەبوونی دامەزراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ کە لە نێوخۆدا کە بتوانن چاودێری پێشێلکارییەکان بکەن، زۆر لەوە زیاتریش بێت."

XS
SM
MD
LG