Accessibility links

سێ هاووڵاتی ئیسرائیل بە سیخوڕیکردن بۆ ئێران تۆمەتبار دەکرێن


میدیاکانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە،16ی مانگی حەوت ڕایانگەیاند سێ هاووڵاتیی وڵاتەکەیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار کراون و بڕیارە دادگایی بکرێن.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل و ئۆرشەلیم پۆست، ئەو سێ کەسە تۆمەتبارن کە لەسەر داوای ئەندامێکی دەزگای هەواڵگری کۆماری ئیسلامی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا هەندێک چالاکییان لە ئیسرائیل ئەنجامداوە.

هەر سێ کەسەکە لەلایەن دەزگای پاراستنی ئیسرائیل(شین بەت)ەوە دەستبەسەر و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە و شین بەت لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ میدیاکان، دەستگیرکردن و بەدواداچوون و تۆمەتەکانی دژی ئەو سێ کەسە پشتڕاستکردوەتەوە.

میدیاکانی ئیسرائیل ئەو تۆمەتانەی کە پێشکەش بە دادگای ناوچەی ئۆرشەلیم کراوە، بە ڕژد وەسف کردووە، بەڵام دەڵێن دوو لەو سێ تۆمەتبارە بە شێوەیەکی کاتی تا کاتی دادگاییکردنەکەیان ئازاد کراون.

لە هەواڵەکاندا ئاماژە بەوە کراوە ئەلیمێلخ ئەشتێرن کە تەمەنی 21 ساڵ لە ڕێگەی کەناڵێکی تەلەگرامەوە لەگەڵ ئەندامێکی دەزگای هەواڵگری کۆماری ئیسلامی ئێران بە ناوی ساختەی ئانا ئێلنا پەیوەندی هەبووە و ئەو کەسە داوای لێکردووە هەندێ ئیشی بۆ جێبەجێ بکات، لەوانەش دانانی سەری بڕاوی ئاژەڵان یان سەری بڕاوی بووشوشەیەک لەبەردەم دەرگای هەندێک لە ئیسرائیلییەکاندا.

دەزگای شین بەت لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەلێت "بەکارهێنانی شێوازی پەیوەندیکردن بە هاووڵاتیانی ئیسرائیلی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، لەژێر ناوی ساختە، شێوازێکی ناسراوی کارکردنی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێرانە."

ئەشتێرن جگە لەو تۆمەتانە، تۆمەتباریشە بەوەی لە تەلئەڤیڤ بەیاننامەی بڵاوکردووەتەوە و پەیامی هەڕەشەی لەو شوێنانەی کە ئەو کەسە پێی گوتووە، داناوە و هەروەها تۆمەتبارە کە لەبەرامبەر وەرگرتنی پارەی دراوی کریپتۆ، لەسەر داوای ئەو کەسە، ئاگر لە دارستانەکان بەربدات.

میدیا ئیسرائیلەکان دەڵێن لە تۆمەتبارکردنەکەی ئەشتێرندا ئاماژەی بەوەشکراوە کە ناوبراو دوو کەسی دیکەی دامەزراندووە بۆ ئەوەی هاوکاری بکەن، بەڵام تا ئێستا ناوی ئەو دوو کەسە ڕانەگەیەندراوە.

پارێزەر ئۆشری بن یشای کە نوێنەرایەتی ئەشتێرن دەکات، رایگەیاندووە "خێزانەکەی ئەشتێرن لە شۆکێکی تەواودان. تێناگەن ئەم تۆمەتانە لە کوێوە هاتوون. ئەوان ئاشقی ئیسرائیلن و سەر بە هیچ گرووپێکی توندڕەو نین. یارمەتی دەوڵەت دەدەن و تەنانەت لە کاتی ئەم شەڕەشدا، یارمەتی حکومەتی ئیسرائیلیان داوە."

سەرچاوە/تایمزی ئیسرائیل/ئۆرشەلیم پۆست/رادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG