Accessibility links

سەرچاوە سەربازییەکان: دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە عێراق دەکەنە ئامانج


دوو سەرچاوەی سەربازی عێراقی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ڕۆژی سێشەممە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەدیان لە عێراق کردە ئامانج کە هێزەکانی ئەمەریکا و هێزە نێودەوڵەتییەکانی دیکە لەخۆ دەگرێت.

ئەمە دووهەم هێرشە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە سەرەتای مانگی دووەوە کاتێک گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا ڕاگرت.

بەگوێرەی کاربەدەستێکی ئەمەریکایی لە مانگی چواردا دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە نزیک بنکەی عەین ئەسەد خراونەتە خوارەوە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

بەرپرسێکی سەربازی عێراقی ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگری فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە نزیک بنکەکە خستووەتە خوارەوە.

بەرپرسێکی سوپای عێراق ڕایگەیاند، سوپای عێراق دەورییەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەری بنکەکە چڕتر کردووەتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئەگەری هێرشی زیاتر بکەن.

ئەم هێرشە کەمتر لە هەفتەیەک پێش سەردانێکی چاوەڕوانکراوی شاندێکی باڵای سەربازی عێراق بوو بۆ واشنتن بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە هاوپەیمانی سەربازی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەو وڵاتە.

واشنتن و بەغدا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا دەستیان بە گفتوگۆکان کرد بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە عێراق کە لە ساڵی 2014 بۆ یارمەتیدانی هێزەکانیان لە شەڕی دژ بە داعش پێکهێنرا، دوای ئەوەی ئەو چەکدارانە دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری وڵاتەکەدا گرت.

بەرپرسێکی ئەمەریکایی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاند، پێدەچێت مووشەکێک بەر بنکەکە کەوتبێت، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG