پرسی کەمی پرۆژە و خزمەتگوزارییەکان لە قەزاکانی هەرێمی کوردستان، نیگەرانی هاووڵاتیان و ئیدارەی ناوچەکانیشی لێکەوتووەتەوە، کە زۆر جار خۆپشاندان و ئاڵۆزی بەدوای خۆیدا هێناوە و هەندێک جاریش بەرپرسانی ئیداری بە ناچاری دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستەکانیان ڕادەگەیەنن بەهۆی بەدەمەوە نەهاتنی ئەو داواکارییانەی کە بۆ حکومەت بەرزیان دەکەنەوە .
لێرەدا دەمانەوێت بپرسین؟
ئایا هۆکاری سەرەکی نەبوونی پرۆژە سەرەتاییەکان لە قەزاکان قەیرانی داراییە یاخود نەبوونی پلانە؟
چی بکرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی قەزاکانیش سوودمەندین لە بەشێک لەو پرۆژانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوەندی پارێزگاکان جێبەجێیان دەکات؟
ئایا داوای دەستلەکار کێشانەوەی بەرپرسان، بەهۆی فشاری هاووڵاتیانیانەوە یان ئەوان بە ئاگاترن و گەشتوونەتە ئەو باوڕەی کە پێ ناچێت کێشەی پرۆژە و بودجە و بە گەڕخستنەوەی پرۆژەکان لە بەڵێنەوە بکرێنە کردار؟
بەشی پلانی پارێزگان هەتا چەند بەدوای ئەو دەرخستانەوەن کە ئاڕاستەی حکومەتیان دەکەن؟ بۆچی پرۆژەیەکی 2 ساڵە دەبێت 4 و 5 و 6 ساڵ تەواو ناکرێت؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسانە کرا بە میوانداری بەڕێزان:
زانا عەبدولڕەحمان، قائیمقانی قەزای پێنجوێن.
ڕەزا محەمەد، قائیمقانی قەزای سەید سادق.
جەمال عومەر، لێپسراوی بەشی پلان لە دیوانی پارێزگای هەڵەبجە.
زانا عەبدولڕەحمن
بەهۆی ئەوەی سیستەمێک لە کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیە، بۆ هەموو داوکارییەکانمان پێمان دەڵێن، قەیرانی داراییە و هیچ پڕۆژەیەکمان بۆ جێ بەجێ ناکەن.
ئەو داتایانەی حکومەتی هەرێم لەسەر شاشە بۆ پڕۆژەکان بڵاویان دەکاتەوە، ئەوانە نوسینن، ئەگەرنا لە بنەمادا جێ بەجێ نەکراون.
بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەم داواکارییەکانی هاووڵاتیانەوە نایەت، دەستم لەکارکێشایەوە، ڕەنگە کەسێکی دیکە کە پاڵپشتی عەشیرەت و حزب و شەخسی هەبێت، بێت و بتوانێت بەهۆی ئەو ناڕێکخراوییەی لە کاری حکومەت هەیە، پڕۆژە بۆ قەزای پێنجوێن بکات.
چەندین وەبەرهێنەرهاتوون، پڕۆژە ئەنجام بدەن، کە دەیان کەس کە لە ڕێگەی پڕۆژەکانیانەوە دەچوونە سەرکار، بەڵام بەهۆی ئەوەی دوای شەریکی و پشک و ڕێگریان لێکراوە و ڕۆتین لەبەردەم کارەکانیان هەبووە کشاونەتەوە .
ڕەزا محەمەد
ماوەی 10 ساڵە نەتوانراوە پڕۆژەیەکی ئەوتوو لە قەزای سەیدسادق جێ بەجێ بکرێت و بەشێکی زۆر لە پڕۆژەکان وەستاون .
لە کۆبوونەوەکاندا پێمان دەڵێن: دوای هەرچی دەکەن بیکەن جگە لە پارە، قەزاکەش ڕۆژ بە ڕۆژ گەورە دەبێت و ئەوەش وایکردووە فریای پڕۆژە نەکەوین.
خۆپیشاندانەکانی قەزاکە زیانێکی زۆریان بە دامەزراوەکانی حکومەت گەیاندووە، داواکاریەکانی خۆپیشاندانەکانیش هیچ ئەنجامێکی بۆ قەزاکە بەدوای خۆیدا نەهێناوە، جگە لە دروستکردنی بارگرانی بۆ هاووڵاتیان بەهۆی دوورکەوتنەوە کۆمەڵگا ئیداریەکان لە یەکتریەوە.
قەزای سەید سادق چەند جارێک ڕووبەڕووی خاپورکردن بووەتەوە، بەڵام ئەم تایبەتمەندیەی ناوچەکە لەبەرچاونەگیراوە.
توانیومانە ئەو بۆشاییەی لە نێوان ئیداری قەزا و خەڵکی ناوچەکە هەیە، پڕی بکەینەوە و هەردوولا پێکەوە کار بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان بکەین.
جەمال عومەر
ئامادەکاری ئیداری بۆ دروستکردنی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە نەکرابوو، لە قەیرانی دارایدا، کرایە پارێزگا، کێشەی میلاکات و تەواو نەبوونی هەنگاوە ئیدارییەکان گرفتی دیاری پارێزگای هەڵەبجەیە.
نەبوونی پارە لە بانکەکان و سەرف نەکردنی بودجەی پڕۆژەکان بۆ وەبەرهێنەران وایکردووە، دەیان پڕۆژە سەرەڕای تێپەڕبوونی کاتی ڕەسمی خۆیان بە تەواونەکراوی بمێنەوە.
دابەشکردنی بودجەی پارێزگاکان لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان و بەبێ خوێنەوەی ئەو دۆخەی کە ناوچەکانی پێدا تێپەڕبوون لە خاپوربوون و دووبارە دروستکردنەوە، لەبەرچاونەگرتنی تایبەتمەندی قەزا و پارێزگاکان، لەمپەڕی گەورەی لەبەردەم پڕۆژەکان و ئاوەدانکردنەوەی ئەم ناوچانە دروستکردووە.
پێویستە حکومەت لەکاتی جێ بەجێ کردنی پڕۆژەکان، لەگەڵ ئیدارەکان گفتوگۆ بکات، نەک ئەنجومەن و کەسایەتی لە دەرەوەی ئیدارەی قەزاو پارێزگاکان.