Accessibility links

کاربەدەستێکی ئەمەریکا دەڵێت هاوپەیمانی واشنتن و سیئۆڵ 'هاوپەیمانییەکی ئەتۆمییە'


بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە گوتی هاوپەیمانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور "هاوپەیمانییەکی ئەتۆمییە". ئەمەش جەختی لە لێدوانەکانی ئەم دواییەی کۆریای باشوور کردووە سەبارەت بە هاوبەشی نێوانیان، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ئەمەریکا و کۆریای باشوور ڕێنمایی نوێی خۆپاراستنیان واژۆکرد.

ڤیپین نارانگ، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە وەکالەت بۆ سیاسەتی واڵایی ئاسمان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بە بەشی کۆریای دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " کاتێک بە فەرمی پاراستنی ئەتۆمی بۆ هاوپەیمانەکانمان دابین دەکەین ، ئەوە هاوپەیمانییەکی ئەتۆمییە و کۆریای باشووریش نموونەی ئەوەیە."

نارەنگ ڕوونیشی کردەوە کە ئەمە هاوشێوەی ئەوە دەبێت کە ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکان لەڕێگەی ناتۆوە هەیەتی.

وتیشی " بۆ نمونە ناتۆ بە ئاشکرا دەڵێت هەتا چەکی ناوکی بمێنێت ناتۆ هاوپەیمانی ناوکی دەمێنێتەوە. و پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆریای باشووردا هاوشێوەیە، فراوانکردنێکی فەرمی ناوکی ئەمەریکایە." گوتیشی " ئێمە پابەندین بە بەرگریکردن لە کۆریای باشوور بە هەموو توانایەکمانەوە."

یۆن سوک یۆل سەرۆکی کۆریای باشوور پێشتر ڕۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند کە هاوپەیمانی کۆریای باشوور لەگەڵ ئەمەریکا بەرزکراوەتەوە بۆ "هاوپەیمانییەکی بنچینەیی ئەتۆمی"، ئاماژەی بەوەشکرد کە سامانە ئەتۆمییەکانی ئەمەریکا ئێستا "بەتایبەت بۆ ئەرکەکانی... نیمچە دوورگەی کۆریا بەپێی ڕێنماییە تازە ڕێککەوتووەکانی نێوان هەردوو هاوپەیمانەکە دەستنیشان دەکرێت".

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، یۆن لە پەراوێزی لوتکەی ناتۆ لە واشنتن چاوی بە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا کەوت و پابەندبوونەکانیان بە جاڕنامەی واشنتن دووپاتکردەوە کە لە ساڵی 2023دا ئەنجام درا، کە تێیدا هەردوو وڵات ڕێککەوتن لەسەر بەشداریکردن لە گفتوگۆی قووڵتر و هاوبەشکردنی زانیاری بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی ڕێگریکردن لە ئەتۆمی لە نیمچە دوورگەی کۆریا.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دوای کۆبوونەوەی ئەم دواییەیان، بایدن پشتڕاستیکردەوە کە پابەندبوونی ئەمەریکا بە بەرگریکردن لە کۆریای باشوور هەموو تواناکانی ئەمەریکا لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا چەکی ئەتۆمیش.

لەم چوارچێوەیەدا، نارەنگ، هاوسەرۆکی گروپی ڕاوێژکاری ئەتۆمی، کە دەزگایەکی دوو لایەنەو بەپێی جاڕنامەی واشنتن لەلایەن ئەمەریکا و کۆریای باشوورەوە پێکهێنراوە، هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ هاوتا کۆریای باشووریەکەی خۆی، چۆ چانگ لای، لە واشنتون واژۆیان لەسەر "رێنماییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆماری کۆریا بۆ ڕێگریکردن لە ئەتۆمی و ئۆپەراسیۆنە ئەتۆمییەکان لە نیمچە دوورگەی کۆریا کرد."

بە پێیوەزارەتی بەرگری، ڕێنماییەکان بریتین لە پرەنسیپ و ڕێکارەکان بۆ یارمەتیدانی سیاسەت دارێژەران و بەرپرسانی سەربازی هەردوو وڵات "لە پاراستنی سیاسەت و هەڵوێستێکی کاریگەر بۆ ڕێگری کردن لە ئەتۆمی."

نارانگ جەختی لەوە کردەوە کە ڕێنماییەکان یارمەتی گروپی ڕاوێژکاری ئەتۆمی (NCG) دەدەن بە پێی ڕێککەوتن نامەی ئەمەریکا و کۆریای باشوور.

بەڕوونی ئەوەشی خستەڕوو کە تەنها سەرۆکی ئەمەریکا دەتوانێت ڕێگە بە بەکارهێنان و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی ئەمەریکا بدات، لە هەمانکاتدا جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن و سیئۆل لە ڕێگری درێژخایەن نزیک دەبنەوە "وەک هاوبەشی یەکسان".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پەیوەندییەکانی ڕێگریکردنمان فراوانتر کردووە. ئێمە پێویستمان بە پشتیوانی ئاساییە لەلایەن هاوپەیمانەکانمانەوە."

لێدوانەکانی ئەو لە کاتێکدایە کە گومانەکان لە کۆریای باشوور لە زیادبووندایە سەبارەت بە درێژبوونەوەی ڕێگریکردن لە ئەمەریکا، بەتایبەتی دوای ئەوەی ڕووسیا و کۆریای باکوور پەیماننامەیەکی بەرگرییان واژۆکرد، کە ئاماژەیە بۆ ئامادەیی مۆسکۆ بۆ بەشداریکردن لە هاوکارییە سەربازییە تەواوەکان لەگەڵ پیۆنگیانگ.

ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کۆریای باشوور داوای چەکی ئەتۆمی خودی کۆریای باشوور دەکەن و دەڵێن ستراتیژییەتی خۆڕاگریی ئێستای هاوپەیمانی ئەمەریکا و ROK بەس نابێت بۆ پاراستنی کۆریای باشوور لە هێرشە ئەگەرییەکانی کۆریای باکوور، ئەگەر دەستی لەگەڵ ڕووسیادا تێکەڵبکات.

یاریدەدەری وەزیری بەرگری بە وەکالەت هۆشدارییەکی توندی دا لە بەرامبەر ئەوەی کۆریای باشوور چەکی ئەتۆمی خۆی هەبێت.

نارانگ وتی "ئەوە پێشێلکردنی NPT (پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی) دەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە بۆی هەیە کۆریای باشوور ڕووبەڕووی سزا نێودەوڵەتییەکان ببێتەوە.

هەروەها پێشنیاری کرد کە سیئۆل دووچاوری کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێتەوە و بۆی هەیە لەو کاتەی کە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات ڕووبەڕووی هێرشی کۆریای باکوور ببێتەوە.

شارەزایان لە واشنتۆن بە وریاییەوە بەردەوام بوون لەوەی کە ڕێنماییە نوێیەکان دەتوانێت مانای چی بێت بۆ ڕێگرییە درێژخایەنەکان بۆ کۆریای باشوور.

سکۆت سنایدەر، سەرۆکی پەیمانگای ئابووری کۆریای ئەمەریکا دەڵێت ئەم هەنگاوە " ئەوە نیشان دەدات کە ئەمەریکا ،کۆریای باشوور وەک هاوبەشێک لە هەموو لایەنەکانی بەرگریدا بە جددی وەردەگرێت."

سنایدەر ڕۆژی سێشەممە بە بەشی کۆریای دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، بڕیاری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی پێویستە بە شێوەیەکی نزیک لە نێوان سیئۆل و واشنتن بدرێت.

وتیشی "ئەگەر یەکگرتوو نەبن، هاوپەیمانییەکە شکست دەهێنێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە زۆر بەندە بە خواستی ئەمەریکاوە.

بروس بێنت، شرۆڤەکاری باڵای بەرگری لە کۆمپانیای ڕاند، ڕۆژی سێشەممە بە بەشی کۆریای دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، ئەستەمە هاوپەیمانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور وەک "هاوپەیمانییەکی ئەتۆمی" ببینین.

بێنت وتی "ئەگەر کۆریای باشوور ڕۆڵی پێدرابێت لە پلاندانان بۆ بژاردە ئەتۆمییەکان، بەڵێ، بەڵام ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوە ڕووی نەداوە".

گوتیشی "ئەگەر ئەوان هاوپەیمانییەکی ئەتۆمی بن، ئەوا دەبێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە بە چ شێوەیەک هاوپەیمانییەکی ئەتۆمییە – ئایا کۆریای باشوور لە پلاندانان بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیدا بەشدارە؟ ئەوەش ئەوەیە کە سەرۆک یۆن داوای کرد. ئەوە بۆ من ڕوون نییە."

ڕاپۆرتی ئۆن جون چاو / یۆنگ گیۆ کم

XS
SM
MD
LG