Accessibility links

سێنتکۆم: هێرشەکانی داعش لە عێراق و سوریا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو دووهێند بوون


نێوەندی فەرماندەیی ئەمەریکا (CENTCOM) ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ڕێکخراوی توندڕەوی داعش هەوڵ دەدات "خۆی بنیات بنێتەوە"، لە کاتێکدا ژمارەی ئەو هێرشانەی تا ئێستا لە سوریا و عێراق ئەنجامدراون بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دوو هێندە زیادی کردووە.

سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، داعش لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2024دا 153 هێرشی لە هەردوو وڵات ئەنجامداوە و بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە ڕاگەیاندووە.

بە وتەی بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکایی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، چونکە دەسەڵاتی ئەوەی نەبووە لەسەر ئەو بابەتە قسە بکات، داعش لە پشت 121 هێرشەوە بووە لە ساڵی ڕابردوودا لە سوریا و عێراق.

سێنتکۆم دەڵێت " زیادبوونی هێرشەکان ئەوە دەردەخات کە داعش دوای چەند ساڵێک لە دابەزینی تواناکانی هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی خۆی دەدات."

سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا هەندێک داتای لەسەر چالاکییەکان و ئەرکی شکستپێهێنانی داعش بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بەمەبەستی بەردەوامبوون لە هەوڵەکان بۆ شکستپێهێنانی ئەم گروپە و ڕێگریکردن لە توانای هێرشەکانیان، "فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشەکانمان بۆ شکستپێهێنانی داعش، هێزەکانی ئاسایشی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024، 196 ئەرکمان بۆ شکستپێهێنانی داعش ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا 44 چەکداری داعش کوژران و 166 چەکداری دیکەش دەستگیرکراون."

دەشڵێت "لە عێراق لە 137 ئۆپەراسیۆنی هاوبەشدا ی 30 چەکداری داعش کوژراون و 74 چەکداریش دەستگریکراون، لە سوریاش 59 ئۆپەراسیۆنی لەگەڵ هەسەدە و هاوبەشەکانی تردا ئەنجام دراون و لە ئەنجامدا 14 چەکدار و ئەندامی داعش کوژراون و 92 چەکداریش دەستبەسەر کراون".

ئەم ڕاگەیاندنە دوای 10 ساڵ دێت لە ڕاگەیاندنی خەلافەتەکەی ئەو گروپە چەکدارە لە ناوچەیەکی بەرفراوانی عێراق و سوریا.

ئەو گرووپە توندڕەوە لە ساڵی 2013 و 2014دا لە لوتکەی دەسەڵاتی خۆیدا بوو لە کاتێک ناوچەیەکی فراوانی لە عێراق و سوریا کۆنتڕۆڵ کرد و ویستی "خەلافەتە" توندڕەوەکەی لە تەواوی ناوچەکەدا جێگیربکات. لەو کاتەدا داعش هێرشی دەکردە سەر گروپە کەمینە ئایینییەکان و بە توندی سزای ئەو موسڵمانانەی دەدا کە ئەوانیان بە لادەر و چەوسێنەر دەزانی.

جگە لەوەش داعش لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ئێزدییەکان هەزاران کەسی کوشت و هەزاران ژن و منداڵی ڕفاند، کە بەشێکی زۆریان تووشی دەستدرێژی و کۆیلەکردنی سێکسی بوونەوە.

بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی لەناوبردنی داعش، هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی کە لە زیاتر لە 80 وڵات پێکهاتبوو بە سەرکردایەتی ئەمەریکا دامەزرا.

دوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکە، داعش وردە وردە کۆنترۆڵی ئەو خاکەی لەدەستدا کە لە عێراق و سوریا کۆنترۆڵی کردبوو. بەڵام هێشتا خانە خەوتووەکانی ئەو ڕێکخراوە لە هەردوو وڵات و دەرەوەی وڵات چالاکن.

بەرپرسانی عێراقی دەڵێن، دەتوانن هێزەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڕەشەکانی داعش بەکاربهێنن و لەگەڵ ئەمەریکادا لە دانوستاندندان بە مەبەستی دەرچوونی ئەو هێزە هاوپەیمانییە لە وڵاتەکەدا.

هەندێک سەرچاوە دەڵێن لە ماوەی داهاتوودا شاندێکی عێراقی سەردانی واشنتن دەکات بۆ دانوستانەکان لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا و هێزە بیانییەکان لە عێراق.

سەرچاوە: سێنکۆم، ئەسۆشیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG