Accessibility links

دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەڵێت ناوی 120 ئەندامی پارتە کوردییەکانیان داوەتە عێراق بۆ ڕادەستکردنەوەیان بە تاران


لە درێژەی گوشارەکانی ئێران بۆ سەر پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان، جێگری کاروباری نێودەوڵەتی دەزگای دادوەری ئێران سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند لیستێکی 120 کەسیان داوەتە بەرپرسانی عێراق بۆ ئەوەی ڕادەستی ئێران بکرێنەوە.

کازم غەریب ئابادی، جێگری کاروباری نێودەوڵەتی دەزگای دادوەری ئێران لە دانیشتنێکدا سەبارەت بەو کارانەی دەزگای دادوەری لە بواری تیرۆردا ئەنجامی داون، گوتی "لیستی نزیکەی 120 دژبەر کە خۆیان داوەتە پاڵ کوردە شەریفەکانی عێراق، ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردووە بۆ ڕادەستکردنەوەیان و بەم زووانە دادگاییکردنیشیان بەڕێوەدەچێت."

ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە کە چەند مانگ پێش ئێستاش دەنگۆی ئەوە بڵاو بوویە کە تاران بەنیازە ناوی سەرکردەکانی حزبە کوردییەکان بەمەبەستی ڕادەستکردنیان بە تاران بۆ دادگاییکردن بداتە بەغدا و هەولێر.

کۆماری ئیسلامی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە بوونی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان هەڕەشەی ئاسایشی بۆ سەر ئێران دروست دەکات و ئەو حزبانە تۆمەتبار دەکات بە چالاکی سەربازی دژی وڵاتەکەی و بەو بیانووەوە چەندین جار بنکەکانی ئەو حزبانەی کردووەتە ئامانجی موشەکەکانی.

محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی پەیوەندییە گشتیەکانی ئەو حزبە لە وەڵامی پرسیاری دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە وتەکانی جێگری سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەندامانی حزبە کوردییەکان دەڵێت "هەتا ئێستا شتێکی لەو بابەتە بە شێوەی فەرمی لەگەڵ ئێمە وەک حزبی دیموکراتی کوردستان ئێران نە لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و نە لەلایەن بەپرسانی عێراقیشەوە باس نەکراوە."

محەمەد نەزیف قادری
محەمەد نەزیف قادری


تاران دەڵێت داواکردنی ئەو کەسانە لە عێراق بۆ ڕادەستکردنەوە و دادگاییکردنیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدایە کە لە مانگی چواری ئەمساڵ لە نێوان ئێران، عێراق و سوریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لەلایەن کازم غەریب ئابادی، جێگری کاروباری نێودەوڵەتی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، حەسەن شاش، سەرۆکی دادگای باڵای سوریا و لیث جەبر حەمزە، سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی دادوەری عێراق واژۆ کراوە.

هەواڵی ئەم دانیشتە کە ئێران بانگەشەی بۆدەکات، لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ئاماژەدان بەناوی کەسەکان و بە مەبەستی بەرنگاربوونەوەی تیرۆر لە مانگی چواری ئەمساڵدا پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام وردەکاری زۆر لە هەواڵەکەدا نەخراوەتە ڕوو.

بەرپرسی پەیوەندییە گشتیەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەشڵێت "ئێران پرسی ڕادەستکردنەوەی ئەندامانی حزبە کوردییەکانی پێشتر لەگەڵ بەرپرسانی عێراق وروژاندووە، بەڵام ئەوە پرسێکە کە نە یاسا و ریسای نێودەوڵەتی ڕێگە بە ئەنجامدانی دەدات و نە ئەو خەڵکەش ئەو تاوانبارەن کە ئێران باسیان لێوەدەکات و دوای ڕادەستکردنەوەیان دەکات، ئەو خەڵکەی ئێران داوایان دەکات، ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنێکی ئازادیخواز و مافخوازن کە داکۆکی لە پرنسیپە دیموکراتییەکان دەکەن، بۆیە ئەگەر بڕیار بێت لایەنێک دادگایی بکرێت، ئەوە ئەو کەسانە نین کە ئێران داوایان دەکات، بەڵکو خوودی بەرپرسانی کۆماری ئێسلامی ئێرانن کە دەبێت بەهۆی پێشێلکاری و سەرکوتکردنەکانییەوە، لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت."

بەڕێز محەممەد نەزیف قادری سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای حزب و بارەگاکانیان لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا و گوتی "ئێستا لە دۆخێکی ئاساییداین و پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنەکان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش لە دۆخێکی باشدایە و لەسەر هەموو شتەکان گەیشتوینەتە ڕێککەوتن".

حزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران، دوای چەند دەیە خەباتی چەکداری، وردە وردە چالاکییە سەربازییەکانیان سنووردار کردووە و لە نەوەدەکانەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق ڕێککەوتنێکی نەنووسراویان کردووە کە ئەگەر چالاکی سەربازی نەکەن ڕێگەیان پێدەدرێت لەو وڵاتە بمێننەوە و دڕێژە بە چالاکی سیاسی خۆیان بدەن.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، سەڵاح بایزیدی، نوێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە واشنتن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ماوەی چەند مانگێکە ئێران داوای ڕادەستکردنەوەی ئەندامانی حزبە کوردییەکان لە دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک لە پێوەند بەو بابەتەوە نەگیراوەتەبەر و پێموایە دووبارەکردنەوەی ئەو داواکاریانەش لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە تەنیا بۆ دروستکردنی گوشارێکی زۆرترە لەسەر دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم بۆ گەیشتن بە زۆرترین خواستەکانیان."

سەلاح بایزیدی
سەلاح بایزیدی


سەبارەت بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئێران لە پێوەند بە حزبەکانەوە، بەڕێز سەڵاح بایزیدی گوتی "ئێستا حزبەکان لە سنوورەکاندا هیچ هێزێکیان نەماوە و جموجۆڵ و هاتوچووشیان لە هەرێمی کوردستان سنووردار کراوە."

نوێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران گوتیشی "ماوەیەک پێش ئێستا لایەنەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەر سێ باڵی کۆمەڵە دانیشتنیان هەبووە و پێشنیاری گواستنەوەی کەمپی حزبەکانیان داوە، بەڵام تاکو ئێستا سەبارەت بەو بابەتەش هیچ هەنگاوێکی کرداری نەگیراوەتەبەر."

دوای سەرهەڵدانی دوایین ناڕەزایەتییەکانی ئێران، کۆماری ئیسلامی فشارەکانی بۆ سەر حزبە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان چڕتر کردووەتەوە. هێرش و هەڕەشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ئەو حزبانە لە ئێستادا بووەتە بابەتێکی گرنگی نێوان تاران و بەغدا و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەو حزبە کوردییانەی لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان بنکە و بارەگایان هەیە، بریتین لە حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئێران و پارتی ئازادیی کوردستان.

XS
SM
MD
LG