Accessibility links

ئەکسیۆس: ئەمەریکا هۆشداری داوەتە ئێران سەبارەت بە چالاکییە ناوکییە گوماناوییەکانی


ماڵپەڕی هەواڵی ئەمەریکایی ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە لێدوانی سێ بەرپرسی ئەمەریکایی و ئیسرائیلی بۆ ئەو ئاژانسە ڕایگەیاند کە بەڕێوبەرایەتی بایدن مانگی ڕابردوو هۆشدارییەکی بە شێوەی نهێنی ناردووە بۆ ئێران سەبارەت بە نیگەرانییە ڕژدەکانی ئەمەریکا لەبارەی ئەو چالاکییانەی ئێران کە دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی بەکاربهێنرێن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆس کە ڕۆژی چوارشەممە، 17ی مانگی حەوت بڵاوکراوەتەوە، ئەمەریکا و ئیسرائیل لە چەند مانگی ڕابردوودا چالاکیی ناوکی گوماناوییان لە لایەن زانایانی ئێرانییەوە دەستنیشان کردووە. ئەم دوو وڵاتە نیگەرانن لەوەی ئەو چالاکییانە بەشێک بن لە هەوڵە شاراوەکانی ئێران بۆ دروستکردنی بۆمبی ناوکی لە کاتی سەرقاڵبوونی ئەمەریکاوە بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی.

ئەکسیۆس نووسیوێتی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل و هەروەها دەسەڵاتدارانی ئەو دوو وڵاتە، بۆ زانینی چالاکییەکانی ئێران و تێگەیشتن لەوەی ئایا هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر سیاسەتە ناوکییەکانی ڕیبەڕی باڵای ئێراندا هاتووە یان نا، ڕاوێژ و هاوکاری یەکتریان کردووە.

بەرپرسە ئەمەریکاییەکان بە ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە کە بەڕێوبەرایەتی بایدن چەند هەفتەیەک لەمەوبەر نیگەرانییە ناوکییەکانی خۆی هەم لە ڕێگەی وڵاتی سێیەمەوە و هەم لە ڕێگەی کەناڵە ڕاستەوخۆکانەوە بە ئێرانییەکان گەیاندووە.

بە وتەی ئەو بەرپرسانە، ئێرانییەکان وەڵامی پەیامی حکوومەتی بایدنیان داوەتەوە و سەبارەت بە چالاکییە ناوکییەکانیش ڕوونکردنەوەیان پێشکەش کردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی ئێراندا نەهاتووە ئاراوە و کۆماری ئیسلامی هیچ نیازێکی نییە بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی.

بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائیلی بە ئەکسیۆسیان ڕایانگەیاندووە کە ئاڵوگۆڕی پەیامەکان و ئەو زانیارییانەی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەستیان کەوتووە، بەشێک لە نیگەرانییەکانی هەردوو وڵاتی سەبارەت بە چالاکیییە ناوکییەکانی ئێران کەمکردووەتەوە.

یەکێک لە بەرپرسە ئەمەریکاییەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە پەیامی ئەمەریکا بۆ حکومەتی ئێران کاریگەر بووە، بەڵام هێشتا نیگەرانییەکی بەرچاو لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتەوە هەیە. بە وتەی ئەو بەرپرسە، لە ئێستادا هیچ نیشانەیەک بۆ چالاکی سەرەکی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی لەئارادا نییە.

وتیشی " ئێمە هەموو کارێکی ئێران بە ئامانجی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکانی بە ڕژد وەردەگرین و وەک سەرۆک بایدن بە ڕوونی وتوویەتی، ئێمە بڕیارمان داوە هەرگیز ڕێگە بە ئێران نەدەین کە چەکی ئەتۆمی هەبێت و ئامادەین لە هەموو ئامرازەکانی دەسەڵات و هێزی نیشتمانی کەڵک وەربگرین بۆ ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ناوکی لەلایەن ئێرانەوە."

ئەکسیۆس نووسیوێتی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا و ئیسرائیل لە مانگی سێی ئەمساڵ زانیارییان دەستکەوتووە کە دەریخستووە زانایانی ئێرانی سەرقاڵی مۆدێلە کۆمپیوتەرییەکان و توێژینەوەی کانزاکاری بوون کە دەتوانرێت بۆ پەرەپێدانی چەکی ناوکی بەکاربهێنرێت.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئامانجی ئەو مۆدێلە کۆمپیوتەرییە ڕوون نەبووە و بەشێک لە بەرپرسانی ئەمەریکایی و ئیسرائیل پێیان وابووە کە ئەوە ئاماژەیەکە سەبارەت بە تەماحە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام بەرپرسانی دیکەی ئەو دوو وڵاتە بەرنامەکەیان بە گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئێراندا نەزانیووە.

ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە ڕایانگەیاندووە کە مەبەستیان دروستکردنی چەکی ناوکی نییە، بەڵام کۆمەڵگەی جیهانی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان باوەڕیان بە لێدوانەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران نییە.

XS
SM
MD
LG