لە نێوەندی لەشکرکێشییەکانی تورکیا و ناجێگیریی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا و ڕەوشێکی دارایی قورس و بێ متمانەیی و ناتەبایی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، بڕیارە لە مانگی دەی داهاتوودا، هەڵبژاردن بکرێت پاش چەندان جار دواخستن و پاش فشارە ناوخۆیی و دەرەوەییەکانیش بۆ کردنی ئەو هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوە.
مەسعود عەبدولخالق، سەرۆکی دەزگای ستاندەر ئاماژە دەکات بە ئامادەیی تورکیا، جا بە هەر پاساوێک بێت بۆ تێکدانی ئەزموونی کورد لە هەر پارچەیەکدا بێت و دەڵێت هەر ئەو ئامادەییەی تورکیا نییە کە دەبێتە کێشە بۆ ڕەوایی هەڵبژاردن، "ئێستاش کە هەندێک حزب تێدەگەن لەوەی بۆچی لەم هەڵبژاردنەدا دەنگیان کەم دەکات و هەڵبژاردنیش، هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینەیە، ڕەنگە دەست بۆ ئەو کارتە ببەن، تەنانەت ئەگەر کوردستانیشی پێ تێکبچێت و پێشیان خۆشە ئەو سەربازانەی تورکیا لێرە هەن و هەڵبژاردنەکەیش تێکبچێت، بەڵام پێموانییە ئەو ئامانجە بێتە دی چونکە خەڵکی کوردستان، تا ئەندازەیەک بڕیاری جیاوازی خۆی داوە لەسەر حزبەکان. ئەو سووربوونەی بۆ کردنی هەڵبژاردن هەیە، زۆر گەورەترە لە خواستی ئەو حزبانە و تورکیاش کە دەیانەوێت هەڵبژاردن نەکرێت."
یاسین ئافتاو، لێکۆڵەری کۆمەڵایەتییە، دەڵێت "بێگومان بوونی سەربازەکانی تورکیا لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا، کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر دەنگدەران و بڕیاری دەنگدەران، لەو ڕوانگەیەوەی هاتنی سوپای تورک، یانی هاتنی سوپا و هێزێکی بێگانە، جا لەژێر ڕۆشنایی ئاوەها ڕەوشێکدا چۆن دەتوانرێت هەڵبژاردن بۆ دەسەڵاتێکی خۆجێی بکرێت لە کاتێکدا هێزێکی بیانی بە تانک و چەکەکانییەوە هاتووە؛ هەربۆیە ئەم هەڵبژاردنە لە ڕووی سیاسییەوە مایەپوچە و لە ڕووی سۆسیۆپۆڵەتیکیشەوە، هەڵبژاردنێکی باش نییە."
دۆسێی نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنی پڕۆژە نوێیەکان گرنگن لە هەر هەڵبژاردنێکدا بۆ لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتیش ئەوانەی ئەزموونی فەرمانڕەوایەتییان هەیە هەتا ئەو لایەن و کەسایەتییانەی خۆیان کاندید کردووە بتوانن لەگەڵ خواست و داوا و پێداویستییەکانی کۆمەڵگەدا، هەر هیچ نەبێت نزیک بن.
دکتۆر کاروان حەمە ساڵح، پسپۆڕی سیاسی، بە پێویستی دەزانێت بابەتی گۆڕانکاریی لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە لە دوو ڕەهەندەوە سەیر بکرێت و دەڵێت " هەڵبژاردن تا ئێستا نەیتوانیوە گۆڕانکارییەکی وەها دروست بکات کە بەلانی کەم پێداویستییەکانی هاووڵاتیان جێبەجێبکات. هەڵبژاردن هەر تەنها بۆ ئەوە نییە ژمارەی کورسییەکانی ئەم یان ئەو حزب زیاد و کەم بکات، بەڵکو پێویستە گۆڕانکاریی دروست بکات، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا، بەداخەوە، گۆڕانکاریی لە ژیانی بەرپرسانی سیاسی و گۆڕانکاریی لە ژیانی هەندێک لە حزبەکان و سیاسییەکانی ئەو حزبانەدا ڕوویانداوە، بەڵام گۆڕانکاری لە ژیانی هاووڵاتیاندا ڕووینەداوە. پێویستە ئەم بابەتە لێکجودا بکرێنەوە، ئایا هەڵبژاردن تەنها بۆ گۆڕانکارییە لە پێگەی حزب و ژیانی حزبەکان و ژیانی بەرپرسەکان و ژیانی ئەندامەکانیان، یان بەڕاستی پێویستە هەڵبژاردن بۆ ئەوە بێت ژیانی هاووڵاتیان و دەنگدەر بگۆڕێت، هەربۆیە دەڵێم بە داخەوە، ئەگەر گۆڕانکارییەکی کەمیش هەبووبێت، ئەوا لە خزمەتی هاووڵاتیاندا نەبووە."
لە ساڵی 1992ەوە کە یەکەم هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانی عێراق کرا، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت، کێشەی گەورە هاتوونەتە ئاراوە لە دوای هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەرایی و فەرمییەکانی هەڵبژاردنەکانەوە. بێگومان ئەمەش کاریگەریی نەرێنی هەبووە بەسەر تەواوی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمەکەدا و بەردەوامیش لایەنە دەستڕۆیشتووەکانی هەرێم یەک ئەوەی تریانی گوناهبار دەکرد بەوەی هۆکارە بۆ قەیرانەکان.
دکتۆر کاروان، دەڵێت "ئەو دوو لایەنەی دەسەڵات لە هەرێم، بەو مێژووەی هەیانە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا و هەروەهاش کۆنترۆڵکردنی هێزی سیاسی و دیپلۆماتی و دارایی، کە ئێستا هەندێک لاواز بوون بەهۆی بەهێزبوونی بەغداوە و بێ لەوەش ئەو لاوازییەی خۆیشیان تێیکەوتوون بەهۆی ئەو پەڕتەوازەییەی لە ناو ماڵی کورددا هەیە، جا ئەم لاوازییە وەبەرهێنانی تیادا نەکراوە لەلایەن هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتەوە تا بتوانرێت وەک ئەڵتەرناتیڤێک نیشان بدرێت بۆ ئەو دەسەڵاتەی ئێستا هەیە؛ هەربۆیە چەندێک دەسەڵات پێویستی بە بەخۆداچوونەوە هەیە، ئاوەهاش لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە بە کارنامە و ستراتیژییەتی کارکردنیشیاندا، بەو هیوایەی هێزێک بێتە ئاراوە کە هیوا بگێڕێتەوە بۆ هاووڵاتیان و وانەیەکیشی وەرگرتبێت لە ئەزمونی شکستخواردوی ڕابردووی ئۆپزسیۆن."
دکتۆر کاروان، گەشبین دەبوو بەوەی ئەگەر هاتبا و بەرەیەکی فروان دروست ببوایە بۆ ئەو هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەی مانگی 10، وەک دەڵێت "خەڵک هیوایەکی لەلا دروست دەبوو و ڕێژەی دەنگدان زۆر دەبوو، خەڵکیش دوو وێنەی زۆر جیاوازی دەبینی لە نێوان دەسەڵات و بەرەی ناڕازیدا دەبینێت؛ هەوڵ هەبوون بۆ دروستکردنی بەرەیەکی بەرفراوان، هەرچەندە ئەم دەسەڵاتە نەخەوتووە، بەڵام بەبێ هیچ گومانێک دروستکردنی ئەو بەرە بەرفراوانە ناڕازییە، لە زیانی ئەم دەسەڵاتەیە، هەرچۆنێک بێت هیوادارین ئەم هەڵبژاردنە، وانەیەک بێت بۆ ئەم دەسەڵاتە و وانەیەکیش بێت بۆ ئەوانەی کە داوایان لێدەکرا تا بەرەیەکی فراوان دروست بکرێت."
مەسعود عەبدولخالق، وەک دەڵێت هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر درا بۆ دروستکردنی ئەو بەرە بەرفراوانە، بەڵام وەک دەڵێت "سەرکەوتوو نەبووین."
بەڕێز عەبدولخالق، دەڵێت "حزبەکانی ئۆپزسیۆن، خاوەنی پڕۆژەی زۆر گەورە نین بۆ دوای هەڵبژاردن، چونکە هەر یەکەیان بەشێکی هەیە لەلایەن دەسەڵاتەوە و لەوانەشە ئەو بڕە کەمە داراییەی دەسەڵات دەیانداتێ، پێیان باشتر بێت لە ئایندە؛ ئۆپزسیۆن زۆر پەرش و بڵاوە، زۆر بێ بەرنامەیە، هەربۆیە ئەگەری ئەوە هەیە لەو هەڵبژاردنەی مانگی 10دا، لایەنە دەسەڵاتداراەکان جارێکی تریش سەربکەونەوە، بێگومان بەهۆی بێ بەرنامەیی ئۆپزسیۆنەوە."
بەڕێز عەبدولخالق، دەڵێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەندێک گۆڕانکاریی هاتوونەتە پێش، وەک نەمانی ئەوەی دەگوترا ئەگەر پارتی لە چین بچێتە هەڵبژاردنەوە هەر سەردەکەوێت، یانیش ئەوەی دەگوترا خاوەنی یەک کورسیش بن، هەر فەرمانڕەوای هەرێمی کوردستانن، "کەواتە دوو تیۆری پێشتر کە چەواشەکارانە بووە لە هەڵبژاردندا، بە تەواوەتی نەماون؛ هەربۆیەشە لەوبڕوایەدام هەڵبژاردنی ئەمجارە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر چارەنوسی هەرێمی کوردستان."
لە چەند هەڵبژاردنێکی پێشوودا لە هەرێمی کوردستان، ڕێژەی بەشداریکردن زۆر کەم بووە و ئەو بەشدارینەکردنەش وەک باس دەکرا دەچووە خانەی بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەوە وەک ناڕەزایی دەربڕینێک بەرامبەر سیستەمی فەرمانڕەوایەتی و بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان. لە ئێستاشدا پرسیار ئەوەیە، ئایا خەڵک ئامادەیە بۆ بەشداریی لەم هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەی مانگی 10دا، یان بایکۆت کردن بە چارەسەر دادەنرێت؟!
یاسین ئافتاو، دەڵێت "هەرگیز بایکۆت چارەسەر نییە، چونکە سیستەمی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەتیش پارتی و یەکێتی و گۆڕان کە هێزگەلێکن میکانیزمێکیان نییە بۆ بە خۆداچوونەوە و هەموو کاتێکیش باز دەدەن بەسەر شکستەکانی خۆیاندا و فێڵیش دەکەن بۆ تێپەڕاندنی شکستەکانیان، ئەو سێ لایەنە و تەواوی لایەنەکانی تریش و لە ڕاستیشدا هیچ سیاسییەکم لە هەرێمی کوردستاندا نەبینیووە کە توانای بە خۆداچوونەوەی هەبێت. بۆ نمونە بزوتنەوەی گۆڕان لە یەک هەڵبژاردندا نزیکەی 460 هەزار دەنگ کەمی کرد، کەچی هیچ ئامادە نییە بە سیاسەتەکانی خۆیدا بچێتەوە."
وەک بەڕێز ئافتاو، دەڵێت "کە بایکۆت چارەسەر نەبێت؛ ئەی چی بکەین؟! ئەم پرسیارە ئەوەندە دژوارە و کە ڕەنگە منیش وەڵامەکەیم پێنەدرێتەوە، چونکە ئەگەر بەشدارییش لەو هەڵبژاردنەدا بکەین، ئایا متمانەمان بەو دەسەڵاتە هەیە کە هەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەبات! خاڵێکی تری گرنگیش ئەوەیە کاتێک هێزگەلێک بڕوای بەوەیە ئەگەر یەک کورسی یان سەد کورسی پەرلەمان بەدەست بێنن، وەکو یەکە لە دەسەڵاتدا، جا لە ئاوەها ڕەوشێکدا، هاووڵاتی ئەبێت چۆن بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکات!. ئەم هێزانە و بەتایبەتیش پارتی و یەکێتی باوەڕیان بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات نییە، هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا زەمینەی نییە، هاووڵاتی بێ ئەندازە بێهیوایە، هەربۆیە دەڵێم نە بایکۆت و نە بەشداریکردنیش چارەسەر نین، ئەوەی پێویستە بکرێت، ڕێککردنەوەی سیستەمی سیاسیی و ڕەخساندنی زەمینەی مانا بۆ هەڵبژاردن، چونکە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا مانای نەماوە."
بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکاوە چەند جارێک بە تەلەفون و بە نامە، پەیوەندی کرا بە پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام هیچ وەڵامێکی نەبوو.