Accessibility links

پارتی بەعسی سوریا وەک چاوەڕوان دەکرا سەرکەوتووی هەڵبژاردنە


پارتی بەعسی فەرمانڕەوای سوریا وەک پێشبینی دەکرا زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەی بەدەستهێناوە بەپێی ئەو ئەنجامانەی ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکراونەتەوە بۆ هەڵبژاردنەکەی ئەم هەفتەیەی سوریادا.

لەوەتای ساڵی 2011وە کە ڕاپەڕینی گەلی سوریا دەستیپێکرد دژی ڕژێمی فەرمانڕەوای سوریا، ئەمە چوارهەمین هەڵبژاردن بووە بکرێت.

لەو هەڵبژاردنەدا، کەمتر لە ڕێژەی لە سەدا 40ی دەنگدەران بەشداربوون.

لایەنە ئۆپزسیۆنەکانی کە لە دەرەوەی سوریان، ڕەخنە و ناڕەزاییان هەبووە لەسەر هەڵبژاردنەکان و بە "هەڵبژاردنێکی ناڕەوا" ناودێریان کردووە.

هاووڵاتیانی سوریایی لە دەرەوە دەژین و ئەوانەش لە ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی ڕژێمی سوریادا نیشتەجێن، دەنگیان نەداوە لەو هەڵبژاردنەی لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستیپێکردووە.

پارتی بەعسی بەشار ئەلئەسەد، سەرۆکی سوریا کە لە ساڵی 1963وە لە دەسەڵاتدایە و هەروەهاش هاوپەیمانە چەپ و عەرەبە نەتەوەپەرستەکانیشی، بەبێ هیچ ڕکابەرییەک هەوڵی بەدەستهێنانی 250 کورسییەکەی پەرلەمانی سوریایان دەدا لەو هەڵبژاردنەدا.

جیهاد موراد، سەرۆکی کۆمیتەی باڵای دادوەریی هەڵبژاردنەکان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ناوی لایەنە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردنەکەی ڕاگەیاندووە، بەبێ ئەوەی ناوی لایەنی سەرکەوتووی پلە یەک ڕابگەیەنێت.

بە پێداچوونەوە بە ناوەکانی کاندیدەکاندا، کاندیدەکانی پارتی بەعس و هاوپەیمانەکانی 185 کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە و لەو ژمارەیەش 169 کورسی بۆ پارتی بەعسە بە تەنیا.
هەرچی 65 کورسییەکەی ترە، وەک دەگوترێت کاندیدە "سەربەخۆکان" بە دەستیان هێناوە کە زۆربەیان لە ڕێی لیستەکانی پارتی بەعسەوە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە.
ئاژانسی فڕانس پرێس

XS
SM
MD
LG