Accessibility links

نەتەنیاهۆ سەردانی واشنتن دەکات


کۆشکی سپی دەڵێت، هێشتاش وەها چاوەڕوان دەکرێت، سەرۆک جۆو بایدن لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیلدا کۆببێتەوە هاوکاتی سەردانەکەی هەفتەی داهاتووی بۆ واشنتۆن، بەڵام دەشڵێت "شیانی کردنی ئەم کۆبوونەوەیەش کەوتووەتە سەر ئەگەر و نەگەری چاکبونەوەی سەرۆک بایدن لەو کۆرۆنایەی گرتوویەتی."

جۆن کێربی، وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێران، دەڵێت "هەموو چاوەڕوانییەکمان هەیە کە دەرفەت و زەمینەش هەبن بۆ دیداری هەردوو ڕێبەر، کاتێک نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیل لە واشنتۆنە."

میدیای ئیسرائیل دەڵێت، ڕۆژی دووشەممە، سەرەک وەزیری ئیسرائیل لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا کۆببێتەوە، بەڵام کێربی لە لێدوانەکەی ڕۆژی پێنجشەممەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هێشتا نازانرێت ئەو کۆبوونەوەیە چۆنو کەی دەبێت و دەشڵێت "پێویستە دڵنیابین لە تەندروستیی سەرۆک بایدن و چاکبوونەوەی لەو کۆرۆنایەی توشی بووە."

شەڕی ئیسرائیل لە غەززە، لە ڕیزبەندیی یەکەمی کارنامەی ئەو کۆبوونەوەیەدا دەبێت، هاوکاتی فشارەکانی سەرۆک بایدن بۆ ڕێککەوتنێکی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا.

وەهاش بڕیارە لە میانەی سەردانەکەیدا، نەتەنیاهۆ ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو وتارێک لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا پێشکەش بکات.
فڕانس پرێس

XS
SM
MD
LG