Accessibility links

سەرچاوەکان: نوێکردنەوە و پێدانی مافی مانەوەی سیاسی بە کوردەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە


بە گوتەی چەند سەرچاوەیەک لە نێو پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران، نوێکردنەوە و پێدانی مافی مانەوەی سیاسی بەو کەسانە ڕاگیراوە کە لەسەر کاری سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن. ئەم بابەتەش گرفتی گەورەی بۆ دروستکردون، شرۆڤەکارێکی سیاسیش دەڵێت،" هەنگاوەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و عێراق و کوردستانە و مەبەستەکەش تەنها لە قاڵبدانی پارت و سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتە."

سەرچاوەیەک لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەبەر هەستیاری بابەتەکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ماوەی نزیکەی سێ مانگە مافی مانەوەی سیاسی بە سیاسیە ڕۆژهەڵاتیەکان لە هەولێر ڕاگیراوە، ئەوانەی مۆڵەت مانەوەی سیاسی یەک ساڵیان هەیە و بەسەرچووبێت کە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی نیشنگەی هەولێر دەکەن بۆیان نوێ ناکرێتەوە و پێیان دەوترێت سەردانی پەیوەندیەکانی پارتی بکەن، سەردانی ئەوێ دەکەیت دەوترێت سەردانی وەزارەتی ناوخۆ بکەن و لەوێش دەوترێت کێشەکە تەکنیکیە و بەمزوانە چارەسەر دەبێت."

ئەو سەرچاوەیە وتیشی،" ئێمە زۆر لەوە دڵنیاین فشارەکانی ئێرانە بۆ سەر عێراق وایکردووە ئەو مافی مانەوەیە بەو کەسانەی کە مافی مانەوەی سیاسیان هەیە بۆیان نوێ نەکرێتەوە، ڕاستیەکەی ئێستا وای لێهاتووە ناتوانین هاتوچۆی نێوان شارەکانی کوردستان بکەین، چونکە لە زاڵگەکان داوای مافی مانەوە دەکرێت ئەوەش گرفتێکی گەورەیە، بەڵام مافی مانەوەی کار بە ڕۆژهەڵاتیەکان هیچ گرفتێکی نیە و دەتوانن شەش مانگ جارێک نوێ بکەنەوە."

دەنگی ئەمەریکا ویستی ڕای هەریەک لە نیشنگەی هەولێر و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامیان نەداوەتەوە.

ئێران بە مدواییە گوشارەکانی بۆ سەر پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان زیاد کردووە و جێگری کاروباری نێودەوڵەتی دەزگای دادوەری ئێران سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند لیستێکی 120 کەسیان داوەتە بەرپرسانی عێراق بۆ ئەوەی ڕادەستی ئێران بکرێنەوە.

کازم غەریب ئابادی، جێگری کاروباری نێودەوڵەتی دەزگای دادوەری ئێران لە دانیشتنێکدا گوتی،" لیستی نزیکەی 120 دژبەر کە خۆیان داوەتە پاڵ کوردە شەریفەکانی عێراق، ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردووە بۆ ڕادەستکردنەوەیان و بەم زووانە دادگاییکردنیشیان بەڕێوەدەچێت."

بەڵام محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی پەیوەندییە گشتیەکانی حزبەکە سەبارەت بەم بابەتە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هەتا ئێستا شتێکی لەو بابەتە بە شێوەی فەرمی لەگەڵ ئێمە وەک حزبی دیموکراتی کوردستان ئێران نە لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و نە لەلایەن بەپرسانی عێراقیشەوە باس نەکراوە."

قادری لەوتووێژەکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکادا گوتیشی "ئێران پرسی ڕادەستکردنەوەی ئەندامانی حزبە کوردییەکانی پێشتر لەگەڵ بەرپرسانی عێراق وروژاندووە، بەڵام ئەوە پرسێکە کە نە یاسا و ریسای نێودەوڵەتی ڕێگە بە ئەنجامدانی دەدات و نە ئەو خەڵکەش ئەو تاوانبارەن کە ئێران باسیان لێوەدەکات و دوای ڕادەستکردنەوەیان دەکات، ئەو خەڵکەی ئێران داوایان دەکات، ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنێکی ئازادیخواز و مافخوازن کە داکۆکی لە پرنسیپە دیموکراتییەکان دەکەن، بۆیە ئەگەر بڕیار بێت لایەنێک دادگایی بکرێت، ئەوە ئەو کەسانە نین کە ئێران داوایان دەکات، بەڵکو خوودی بەرپرسانی کۆماری ئێسلامی ئێرانن کە دەبێت بەهۆی پێشێلکاری و سەرکوتکردنەکانییەوە، لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت."

کۆماری ئیسلامی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە بوونی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان هەڕەشەی ئاسایشی بۆ سەر ئێران دروست دەکات و ئەو حزبانە تۆمەتبار دەکات بە چالاکی سەربازی دژی وڵاتەکەی و بەو بیانووەوە چەندین جار بنکەکانی ئەو حزبانەی کردووەتە ئامانجی موشەکەکانی.

فەرزین کەرباسی، شرۆڤەکاری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لەلای هەموان ئاشکرایە کە لە دوایی فشارەکانی ئێران بۆ سەر حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، نزیکەی چەند مانگێکە پێدانی مافی مانەوەی سیاسی بەو کەسانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگیراوە کە لەسەر کاری سیاسی ئێرانیان جێهێشتووە، ئەوەش مەترسیەکی گەورەیە و کێشەیەکی گەورەی دروستکردوە، هەروەها گەر بێت و نوێکردنەوەی مافی مانەوەی سیاسی بە تەواوی ڕابگیرێت ئەوە کێشەیەکی گەورەتر دروست دەکات."

وتیشی،" هۆکاری سەرەکی ئەم ڕاگرتنە بۆ ئەو ڕێکەوتنەی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران دەگەڕێتەوە و ئامانجەکەش لە قاڵبدانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتە، هەروەها سنوردارکردنی جوڵەی سیاسیەکانە لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا هەوڵەکان بە تەواوی چڕکراوەتەوە بۆ ئەوەی ئەوانەی ڕۆژهەڵات بخرێنە نێو ئۆردوگایەکەوە لە سنورە جیاوازەکان، ئەوەش بە ڕاستی هەموانی نیگەرانکردووە."

سەرچاوەیەکی لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە ناوەکەی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە گوتی،" پێش ئەم چەند مانگە مافی مانەوەی سیاسی بە پشگتیری پارتە سیاسیەکان دەکرا و نیشنگەکان مافی مانەوەی یەک ساڵیان دەدا، بەڵام ئێستا ڕاگیراوە کێشەی هاتوچۆ و زۆر کاری دیکەی دروستکردووە، هەروەها پەیوەندیەکانی حزبەکان لەهەوڵی چارەسەرکردندان، بەڵام تائێستا وەک خۆیی ماوەتەوە."

دوای سەرهەڵدانی دوایین ناڕەزایەتییەکانی ئێران، کۆماری ئیسلامی فشارەکانی بۆ سەر حزبە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان چڕتر کردووەتەوە. هێرش و هەڕەشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ئەو حزبانە لە ئێستادا بووەتە بابەتێکی گرنگی نێوان تاران و بەغدا و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەو حزبە کوردییانەی لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان بنکە و بارەگایان هەیە، بریتین لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئێران و پارتی ئازادیی کوردستان.

بەفراو نوری هاوکار بووە بۆ نوسینی ئەم ڕاپۆرتە

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:38 0:00

XS
SM
MD
LG