Accessibility links

بڵینکن: ئێران توانای هەیە لە ماوەی یەک دوو هەفتەدا ماددەی پێویستی چەکی ناوکی بەرهەم بهێنێت


ئەنتۆنی بڵینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئیران توانای ئەوەی هەیە لەماوەی یەک یان دوو هەفتەدا مادەی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی بەرهەم بهێنیت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی هەینی 19ی مانگی حەوت لە کۆنفرانسی ئاسایشی لە شاری کۆلۆرادۆی ئەمەریکا، بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی دانۆلد ترامپ سەبارەت بە کشانەوەی لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران، ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئیران لە ماوەی یەک بۆ دوو هەفتە دەتوانێت مادەی پێویستی چەکی ناوکی بەرهەم بهێنێت و گوتیشی کاتێک بەرێوبەرایەتی جۆو بایدن دەستبەکاربوو، ئەمەریکا هەوڵیدا بە پەنابردنە بەر دیپلۆماسی، کێشەکە چارەسەر بکات و ڕێگری بکات لەوەی ئێران ببێتە وڵاتێکی خاوەن چەکی ناوکی.

هەواڵی تواناکانی ئێران دوابەدوای هەڵبژاردنی ئەم دواییەی مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران دێت کە ڕایگەیاندووە یەکێک لە ئامانجەکانی "دەرهێنانی ئێرانە لە گۆشەگیرییەکەی" و هەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزە جیهانییەکان دەدات.

بڵینکن وتی "ئەوەی لە چەند هەفتە و مانگەکانی ڕابردوودا بینیمان ئێرانێکە کە لە ڕاستیدا پەرە بە بەرنامەی ناوکییەکەی دەدات."

ئەمەریکا لە ساڵی 2018 بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران کشایەوە کە بۆ ڕێکخستن و سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکاندا داڕێژرابوو.

بڵینکن لە کۆڕبەندی ئاسایشی لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ لەناوچوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە هۆکاری خێرابوونی تواناکانی ئێران زانی و وتی "لەبری ئەوەی لانیکەم ساڵێک بخایەنێت تاکو دەستی بە مادەی پێویستی چەکی ناوکی بگات، ئیستا تەنها هەفتەیەک یان دوو هەفتەی دەوێ بۆ دەستەبەرکردنی مادەی پێویست."

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران هێشتا چەکی ناوکی دروست نەکردووە.

عەلی باقری وەزیری دەرەوەی بەوەکالەتی ئێران، سەرەتای ئەم هەفتەیە بە سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاند وڵاتەکەی پابەندە بەو ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015.

وتیشی "ئێمە هێشتا ئەندامی ئەو ڕێککەوتنەین و هێشتا ئەمەریکا نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بۆ ناو رێککەوتنەکە. بۆیە ئەو ئامانجەی ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ساڵی 2015یە". ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە بەدوای ڕێککەوتنێکی نوێدا ناگەڕێین".

باقری وتی "نە من و نە هیچ کەسێکی دیکە لە ئێران باسی ڕێککەوتنێکی نوێمان نەکردووە، ئێمە ڕێککەوتنێکمان هەیە (ئیمزاکراو) لە ساڵی 2015دا.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بەڕێژەی 60% لە زیادبووندایە و گەیشتووەتە نزیکەی 142 کیلۆگرام، ئەمەش زیاتر لە 20 کیلۆ زیاتر لە خەمڵاندنی پێشووی ئاژانسەکەیە.

XS
SM
MD
LG