Accessibility links

رێکخراوە ژینگەییەکان هۆشداری لە پیسی هەوای هەولێر دەدەن و حکومەتیش دەڵێت پێویستە هەموو لایەک کار لەسەر باشکردنی بکات


ڕێکخراوە ژینگەیەکان هۆشداری دەدەن لە مەترسی پیسبونی تەواوەتی ژینگەی هەولێر و دەڵێن گەر بە زووی ڕێگە چارەیەک بۆ دۆخەکە نەدۆزرێتەوە، ژیانی تاک بە تاکی شارەکە دەکەوێتە مەترسییەوە و بەڕێوەبەری فەرمانگەی گۆڕانی کەش و هەوا لە دیوانی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەش ڕایدەگەیەنێت کە چاککردنی ژینگە تەنها بە دەستەکەیان ناکرێت گەر تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەریەکە و لەلای خۆیەوە کاری لەسەر نەکات.

مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە لەگەڵ ئەو پێشکەوتنەی وڵاتدا نین لە ڕووی بازرگانی و کارگە و پیشەسازیەوە بە جۆرێک بێت کە لەبەر بەرژەوەندی کۆمەڵێک خەڵک ژیانی هەزاران کەس بکەوێتە مەترسیەوە."

وتیشی،" ئێمە زۆر جار وتوومانە بوونی ئەو هەموو کارگە و پاڵاوگە و پرۆژە بازرگانیانەی کە هەیە بە گشتی یەکێک لە هەرە گرفتە سەرەکییەکان ئەوەیە ئەمانە لەسەر ڕووبەری زەوی کشتوکاڵی دروستکراون، ئەمەش خۆیی لە خۆیدا مەترسیە لەگەڵ ئەوەشدا بە شێکی زۆریان نزیکن لەشارەکان و گازی جۆراو جۆری پیسکەر دەخەنە ژینگەوە و مەترسی دروست دەکەن و ژیانی تاک بە تاکیان خستووەتە مەترسیەوە."

کێشەی پیسبوونی هەوا لە هەموو جیهاندا بووەتە کێشەیەکی سەرەکی و ڕووبەڕووی مرۆڤ و بونەوەران بووەتەوە.

تەواوی خەڵکی هەولێر بەیانیان کە لە خەو هەڵدەستن، چاویان تەمێکی زۆر دەبینێت لە سەر ئاسمانی شارەکەیان، بەڵام خۆیی لە ڕاستیدا ئەوە تەم نیە، بەڵکو دوکەڵی کارگەکانە و ژینگەی بە تەواوی پیسکردووە.

بە گوێرەی دەرخستەکانی" ئەی کیو ئار"ی نێودەوڵەتی پەیوەست بە کاروباری پیسبوونی کەش و هەوا دەڵێت،" عێراق لە ساڵی 2022 دا پلەی نۆیەمی وڵاتانی جیهانی گرتووە لە پیسبوونی کەش و هەوادا، لەنێو پارێزگاکانیش پارێزگای هەولێری دەستنیشانکردووە کە بەرزترین ڕێژەی پیسبونی کەش و هەوای تۆمارکردووە، هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ دوکەڵی ئۆتۆمبیل و بەکارهێنانی مۆلیدەی کارەبا بەهۆی کەمی کارەبای نیشتمانی و سوتانی بەردەوامی غازی هاوەڵی کێڵگە نەوتیەکان و دوکەڵی کارگەکان."

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بانگەوازێکی بە پەلەی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت" ژیانی هەموو هاوڵاتییەکی هەولێر لە مەترسیدایە و چەندین ساڵە باسی دەکەم کەس گوێ ناگرێ و مانگ بە مانگ تووشبوانی شێرپەنجە زیاددەبن، ئەوانەی کەسێکی نزیکیان تووشی شێرپەنجە بوو لەم مەترسیە دەگەن، بەدەیان پاڵاوگەی نایاسایی، دوکەڵ دەکەن بە سەری خەڵکدا، لە کوێ بووە پاڵاوگە مۆڵەتی نەبێت و بە ویستی خۆی دوکەڵ بکاتە سەری خەڵک و حکومەت خۆی نەوتی بداتێ."

بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم، سێ هەزار و 919 کارگەی مامناوەند و بچووک لە هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە، لەو ژمارەیە 2 هەزار و 320 کارگەیان لە کاردان.

زۆرینەی ئەو کارگانەی لە کاردان دەکەونە سنوری پارێزگای هەولێر و بریتین لە یەک هەزار و 200 کارگە، ئەمە جگە لەو کارگانەی کە بەنایاسای لەسنورەکە کاردەکەن و پیسکەری ژینگەن.

دەنگی ئەمەریکا لەسەر زۆری ژمارەی کارگە نایاسایەکان و ڕیکارەکانی هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ژینگەی هەولێر، پەیوەندی بە بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر و پارێزگاری شارەکەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندیەکان بەردەست نەبوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دیوانی پارێزگای هەولێر کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ماوەیەکە هەلمەتێکی چڕ دەستیپێکردوە بۆ ئەوەی کارگە نایاسایەکان بە یاسای بکرێن و مامەڵە بکەن بەمەبەستی کارکردنیان لە چوارچێوەی ڕینمایەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان کە نەبنە پیسکەری ژینگە، ئێستا هەوڵەکان بە ئاراستەی ئەوەن چارەسەری پیسی هەوای هەولێر بکرێت."

وتیشی،" نەک تەنها کارگە و پاڵاوگە نایاسایەکان بەڵکو هەر کارگە و مۆلیدەیەکی گەڕەک دوکەڵی بەژینگەدا بڵاوکردەوە و فلتەری نەبەستبوو، ئەوە سزا دەدرێت و لەم دوو مانگەی کۆتاییدا چەندین شوێن ڕووبەڕووی سزا بوونەتەوە."

بە پێی مادەی 42 لە یاسای ژمارە هەشتی ساڵی 2008، هەر پرۆژەیەک ئەگەر پیسکەری ژینگە بوو، دوای سەردانکردن و ئاگادارکردنەوەی لەلایەن دەستەی ژینگەی هەرێمەوە، سزا دەدرێت بە بڕێک پارەکە تا دەگاتە داخستنی، ئەمە جگە لەبوونی چەندان کارگە کە بەنایاسای کاردەکەن و پیسکەری ژینگەن، بەڵام پرسیارەکە لێرەیە ئایە ئەو چاودێریە چرە هەیە کە بتوانرێت کارگە نایاسایەکان سزایەکی توندبدرێن و کارگەکانیان دابخرێت.

هەڤاڵ ئەحمەد بەڕێوەبەری فەرمانگەی گۆڕانی کەش و هەوا لە دیوانی دەستەی ژینگەی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا لە سنوری هەولێر چەند خاڵێکن لەوانە زۆری مۆلیدەی گەڕەکەکان کە دووکەڵ دەخەنە ژینگەوە، هەروەها ژمارەی پاڵاوگەکان و زۆری ئۆتۆمبیل، گەر بمانەوێت ئەم دۆخە چارەسەر بکەین، دەبێت کار لەسەر گۆڕینی سیستەمی بەکارهێنانی مۆلیدە بۆ دانانی سیستەمی سۆلەر بکرێت و فلتەر بۆ پاڵەوگەکان جێگیربکرێت و ژمارەی ئۆتۆمبیلەکان کەمبکرێنەوە یان بکرێن بە کارەبایی."

وتیشی،" چارەسەری بنەڕەتی بۆ پیسبوونی هەوا لە تەواوی هەرێم تەنها بە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم ناکرێت، بەڵکو هەر سێکتەرێک پەیوەندی بە هەر وەزارەتێکەوە هەیە، ئەوە وەزارەتەکە کاری جیدی لەسەر بکات، لەماوەی ڕابردووداش ئێمە چەندین پاڵەوگە و کارگەمان سزاداوە لەسەر پیسکردنی ژینگە و هەندێکیشی بە سزای داخستن کۆتایی وەرگرتووە و هەڵمەتەکانیش بەردەوامیان دەبێت."

بە گوتەی پسپۆرانی تەندروستی و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی تووشبوونی مرۆڤ بە جۆرەکانی شێرپەنجە، پیسبوونی ئەو ژینگەیە کە مرۆڤەکە تێدا دەژیت.

بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2023 ڕێژەی توشبوانی شێرپەنجە گەشتوووەتە 9 هەزار و 911 کەس و لەو ژمارەیەش 4 هەزار و 304 کەسیان لە هەولێرن.

پزیشکانیش دەڵێن جگە لە دوکەڵی کارگەکان، مۆلیدەکان بۆمبێکی کاتیی نێو گەڕەکەکانن و هۆکارێکن بۆ پیسبوونی ژینگە و توشکردنی مرۆڤەمان بە نەخۆشی جۆراو جۆر.

مەعروف مەجید سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" خاڵێکی تر لە مەترسیەکان ئەوەیە تاوەکو ئێستا کارگەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی تەقلیدی کۆن کاردەکەن واتا ئەم کارگانە پشتیان بە وزەی نوێ و تیشکی خۆر و تەکنەلۆژیا نوێیەکان نەبەستووە و زیاتر لە ڕێیی سوتەمەنیەوە کاردەکەن کە هەموومان دەزانین هەر لە گواستنەوەی سوتەمەنیەکەوە تاکو سوتان و دەردانی گازەکەی ئەمانە هەمووی مەترسین بۆ سەر ژینگە، بەداخەوە زۆرینەی پاڵەوگەکان پایەند نابن بە ڕێنمایە ژینگەیەکانەوە و بە ئاشکرا مەترسیان دروستکردووە بە دەر لە ڕێنمایەکان کاریانکردوە و بەشێکیان فلتەریان نیە یاخود فلتەریشیان هەبێت کە هەستیان کرد حکومەت دوورە لێیانەوە و لیژنە سەردانیان ناکات، فلتەرەکانیان کاری پێناکەن و دووکەڵ و پاشماوەکانی دیکە دەخەنە ژینگەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:36 0:00
XS
SM
MD
LG